بەشی یەکەم/ نوێگەریی:

لەتیف ئەمین

 

گۆڕانکارییەکان لە دنیای پێشکەوتوو, خێرا و تیژڕەون. دۆزینەوە و داهێنانەکان, بێ ئەندازە سەرسوڕهێنەرن. مرۆڤ لەم سەردەمەدا زوو بەخۆی نەکەوێ و بەدەستوبرد نەبێ, دوا دەکەوێ و پێڕا ناگا. مرۆڤ لەمڕۆژگارەدا، هۆشیار و هۆشمەند نەبێ، لە کاروانی پێشکەوتنەکانی سەردەم بەجێ دەمێنێت،ڕێگای سەرکەوتنی لێ ون دەبێت، ئاسمانی بیری تاریک و پڕ تەم دەبێت، سەرچاوەی هزری لێڵ دەبێت. بۆئەوەی لە دۆخی چەقبەستوویی و داخراوی دەربچین، دەبێ بە مەقاشی زانست دەست بۆ عەقڵمان ببەین. بۆئەوەی لە قاوغ و قەپێلکی بێئاگایی بێینەدەر، دەبێ بە بەردی داهێنان گۆمی مەنگی نەزانی و دواکەوتوویی بشڵەقێنین. دەبێ بە مەشخەڵی زانست و تیشک و تریفەی هۆشیاریی و ڕۆشنگەریی، ببین بەڕێبواریڕێگای گۆڕانکاری و پێشکەوتن.  دەقگرتن و مانەوە لەیەک قاڵبدا، هۆکاری دواکەوتن و بەجێمانە. ترس لە گۆڕانکاری و نوێخوازی، سەرچاوەی هەموو کێشە و دەرد و بەڵاکانە. مانەوە لەیەک دۆخدا، لەیەک پنت و لەیەک شۆێندا، هۆکاری هەموو ئاڵۆزی و گرێکوێرەکانی ناو کۆمەڵگەیە.

 لەم سەردەمەدا، داهێنان و پێشکەوتنەکانی تەکنەلۆژیا و پیشەسازی و پزیشکی و ئەندازیاری و بوار و بابەتەکانی دیکە، بەڵگەی شۆڕشی عەقڵی و هزری نوێ و هاوچەرخن. باوەشکردنەوە بۆ پێشکەوتنەکانی سەردەم و پێشوازیکردن لە نوێگەری و خۆئامادەکردن بۆ گۆڕانکاری، هەوڵ و هەنگاوی گەورەن بەرەو پێشکەوتن. ئەم سەردەمە، سەردەمی عەقڵی نوێ و هاوچەرخ و باڵایە. (د. میلاد مفتاح الحراپی) کە مامۆستایە لە زانکۆی کیمبریدیج لە بەریتانیا، لە گۆڤاری(فكرالپقافیە)دا دەڵێت: "عەقلی نوێ و شۆڕشەکەی، گوزارشتە لە شۆڕشی عەقڵ لەسەر خودی خۆی". بەڵێ، پێویستە عەقڵی مرۆڤ کودەتا لەسەر خۆی بکات، خۆی خۆی بگۆڕێت، خۆی خۆی نوێ بکاتەوە،هەر خۆی بەرگی نەزانی و نەفامی و کۆن و چلکنی خۆی داکەنێ و فڕێی بداتە ناو زبلدانی مێژوو. عەقڵ، دەبێ هەر خۆی پف لە تۆزی کۆنخوازی و نەریت و ڕابردووی پیرۆزکراو بکات. ئەم سەردەمە هی ئەوە نییە, هەموو ئاوات و ئامانجەکانما تەنها نەهێشتنی نەخوێندەواری بێت. سەردەمی نەهێشتنی نەخوێندەواری بەسەرچووە. تەنانەت لەم سەردەمەدا، خاوەن بڕوانامە بەرز و باڵاکانیش، ئەگەر زرنگ و هۆشیار و چاوکراوە و بە هەست و بەدەستوپل نەبن، ناتوانن لەنێو کۆمەڵگەدا و لە بواری خۆیانڕۆڵی کارا و چاڵاک ببینن. مرۆڤێکی خوێندەواری بێ بەرهەم و بێ زانست و بێ داهێنان بۆ چییە؟ خوێندەوارێکی بێئاگا لە گۆڕانکاری و دنیای پێشکەوتوو, بەکەڵکی چی دێت؟ خوێندەوارێک, کەڕەنگە بەباشی توانای نووسین و خوێندنەوەی بە زمانی نەتەوەکەی خۆیشی نەبێت، حەق نییەهەر پێی بگوترێت خوێندەوار. بڕوانامەی بەرز و باڵای بێ زانست, مەگەر بۆ دامەزراندن و دەستکەوتنی کارێک و مووچەخۆری باشبێ, ئەگینا خێری بۆ کێ هەیە؟

 بۆیە پێویستە مامۆستایان ئاگاداری پێشکەوتنەکانی سەردەم و زانست بن لە بوارە جیاوازەکان. بەتایبەت چوونە نێو دنیای تەکنەلۆژیای سەردەمیەکێکە لە پێویستییەکان. دەبێ مامۆستایان ئاگاداری داهێنان و بیردۆزی و تیۆر و دۆزینەوەکان بن. لەبەرئەوەی ئەرک و ئیشی مامۆستایان پەروەردە و فێرکردنە, دەبێ هەمیشە لە هەوڵی خۆپێگەیاندن و خۆفێرکردندا بن، بەردەوام لە گەڕان و بنکۆڵکردندا بن بۆ بەدەستهێنانی زانستی نوێ. نابێ مامۆستا لە سەدەی بیست و یەک، بە کەرەستە و ئامرازەکانی چاخەکانی بەردین خەریکی وانەگوتنەوە بێت. نەنگییە, هێشتا مامۆستا هەبێ بۆڕاپەڕاندنی کارەکانی, نەزانێ تەکنەلۆژیا بەکاربێنێ. ناکرێ بەهەمان بیرکردنەوەی سەردەمیڕاو و شکار, نەوەی ئێستا پەروەردە بکرێت. خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەم, هەنگاوییەکەمە بەرەو پێشکەوتن. خۆنوێکردنەوە بە زانستی سەردەم, پێشوازیکردن و باوەشکردنەوەیە بۆ پێشکەوتن. ئاگاداربوون و جێبەجێکردنی مۆدێل و میتۆد و ڕێگە و ڕێبازە نوێیەکانی وانەگوتنەوە, هۆکاری گۆڕانکاری و سەرکەوتنەکانن. ئاشنابوون بەتیۆرە پەروەردەییە جیاوازەکان، دەبێتە هۆکاری گەشەکردن و پێشکەوتن و پێگەیشتنی مامۆستا.

لەبەرئەوە, مامۆستای نوێخواز و زانستخواز, مامۆستای پێگەیشتوو و تێگەیشتوو, مامۆستای بیرکەرەوە و هۆشیار و هۆشمەند, نەوەیەکی بەرهەمدار و داهێنەر پێدەگەیەنێت. مامۆستایەک, کە هەڵوەدای پێشکەوتن و گۆڕانکاری بێت, کە لە خەمی ئاییندەی وڵات و کۆمەڵگەکەی بێت, نەوەیەکیپڕ لە هێز و وزە بۆ کۆمەڵگەکەی و بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی ساز و ئامادە دەکات. مامۆستایەک، کە تامەزرۆی زانستی تازە و نوێ بێت، جا چ زانستە سروشتییەکان بێتیان زانستە مرۆڤایەتییەکان، دەتوانێت هەم خۆی و هەم کۆمەڵگەیشی بەرەو کاروان و کەناری پێشکەوتنەکان ئاراستە بکات.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا