ستار ئەحمەد

کاتێک مرۆڤ دەگاتە ئەو بڕوایەی کە هیچ هێزێک لە "هۆش" بەرزتر نییە، ئیتر مێژوو و ، وتەکانی دەبنە بابەتێک بۆ لێوردبوونەوە، نەک فەرمانێکی بێ چەندو چوون . لە کۆمەڵگەیەکدا ،کە تێیدا هەستە مرۆییەکان و جوانییەکان بە ناوی پیرۆزییەوە کۆت دەکرێن، تاکە ڕێگەی ڕزگاری گەڕانەوەیە بۆ ئەو هێزە ناوەکییەی ،کە ڕاستی لە درۆ جیا دەکاتەوە. ئەم وتارە هەوڵێکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بەربەستە سیاسی و کۆمەڵایەتییانەی کە دەیانەوێت مرۆڤ لە ناسینی شکۆی خۆی و سەروەریی هۆشی دوور بخەنەوە.

لە تەمومژی ئەم ژیانەدا، مرۆڤ هەمیشە لە نێوان دوو بەرداشدایە: گوتەیەک کە لە مێژووەوە بۆی ماوەتەوە و هێزی ئەو هۆشەی کە لە ناوخۆیدا دەیکوڵێنێت. ئەوەی مرۆڤ لە کۆیلایەتیی گوتە کۆنەکان ڕزگار دەکات، تەنها و تەنها گەڕانەوەیە بۆ هۆشێکی سەربەخۆ. یەکەمین نیشانەی ئەم هۆشە ئەوەیە کە ڕاستی لای ئەو پارچەپارچە نابێت. ناکرێت کارێک بۆ یەکێک پیرۆزی ئاسمانیی بێت و بۆ یەکێکی تر ببێتە تاوانی گەورە. هۆش پێمان دەڵێت کە چاکە و خراپە بۆ هەموو مرۆڤەکان وەک یەکە و هەر گوتەیەک جیاکاری لە نێوان مرۆڤەکاندا بکات، لە ژێر تیشکی تێگەیشتندا ڕاستگۆیی خۆی لەدەست دەدات. مرۆڤی خاوەن هۆش، ئەو کەسەیە، کە تەنها بەو چرایە ڕێگە دەبڕێت کە لە ناو ناخی خۆیدا هەڵکراوە، نەک ئەو مۆمانەی کە کەسانی تر بۆ مەبەستی تایبەت دەیانەوێت بێ ڕووناکی بکەن. ئەم سەروەرییەی هۆش، پێویستی بە دلێرییەکی بێوێنە هەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەو سنوورانەی، کە بە ناوی پیرۆزییەوە لە دەوری مرۆڤ کێشراون و وەک زیندانێکی دەروونی وایان لێکراوە.

ئەو کەسەی هۆشی کردووەتەوە، هیچ دەنگێک بە پیرۆز دانانێت تەنها لەبەر ئەوەی مێژوویەکی دووری لەپشتە. هۆش فەرمانمان پێدەدات، کە لە هەموو شتێک بکۆڵینەوە و هیچ ڕاستییەک بەبێ تاقیکردنەوە وەرنەگرین. کاتێک گوتەیەک دەیەوێت بە ترسی تۆڵەی دوای مردن ڕێگری لە هەستی مرۆڤ بگرێت، هۆش لێرەدا دەبێتە قەڵغان و ڕێگە نادات ئەو ترسە جێگەی ژیریی بگرێتەوە. گومانکردن لەو گوتانەی کە مێشک کرمێ دەکەن، یەکەمین هەنگاوی ئازادییە. چۆن دەکرێت هۆشێکی زیندوو ئەو دژایەتییە قبوڵ بکات کە لە لایەکەوە عەشق بە تاوان دەزانێت و لە لایەکی ترەوە بۆ هەمان عەشق، ڕێگەی تایبەت دەدۆزێتەوە...؟ ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە گوتەکان بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی کەسانێکی دیاریکراو داڕێژراون. لێرەدا کێشەکە تەنها تێگەیشتنێکی چەوتی تاکەکەس نییە، بەڵکو بەکارهێنانی ئەم گوتانەیە وەک ئامرازێکی سیاسی بۆ دامرکاندنەوەی هەر جووڵەیەکی ئازادانە. دەسەڵاتەکان هەمیشە پێویستیان بە کۆمەڵگەیەکی ترساو و گوێڕایەڵ هەیە، کۆمەڵگەیەک، کە لە جیاتی بیرکردنەوە، تەنها شوێنکەوتنیان بۆ مابێتەوە. ترساندن لە دیارییەکی سادە یان هەستێکی مرۆیی، تەنها ڕێگەیەکە بۆ ئەوەی مرۆڤ هەمیشە هەست بە تاوانباری بکات و لە بەرامبەر ستەمکاراندا سەری دانەوێنێت.

لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، ئەم گوتە کۆنانە وەک کۆت و زنجیر بە دەست و پێی تاکەکانەوە دەبەسترێن بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەر گۆڕانکارییەک بکەن. کۆمەڵگەیەک، کە تێیدا هۆش بکرێتە قوربانیی نەریتە چەقەبەستووەکان، کۆمەڵگەیەکی مردووە. هەر گوتەیەک کە داوای متمانەی کوێرانە بکات، لە ڕاستیدا دەیەوێت مرۆڤ لە هێزی بڕیاردان دابماڵێت. لە ناو ئەم جەنگەڵە گوتارانەدا، دەسەڵاتە کۆمەڵایەتییەکان سوود لەو ترسانە دەبینن بۆ ئەوەی یەکگرتووییەکی ساختە دروست بکەن؛ یەکگرتووییەک، کە لەسەر بنەمای ترس بونیاد نراوە نەک لەسەر بنەمای تێگەیشتن و ڕێزگرتن لە ئازادییەکانی یەکتر. کاتێک پێوەرەکانی هۆش دەخرێنە لاوە، کۆمەڵگە دەبێتە شوێنێک بۆ ڕاوکردنی هەر بیرێکی نوێ و هەر هەستێکی جیاواز. ئەمە شێوازێکی سیستماتیکە بۆ ئەوەی تاک هەمیشە پێویستی بە سەرپەرشتیار بێت، جا ئەو سەرپەرشتیارە سیاسی بێت یان کۆمەڵایەتی.

ژیانی مرۆڤ لەسەر خۆشویستن و جوانی بونیاد نراوە. هەر هێزێک بیەوێت ئەم حەزە سروشتییانە بە تاوان ناوزەند بکات، لە ڕاستیدا دژایەتیی ژیان دەکات. هۆش پێمان دەڵێت: جوانی و دڵداری پاکترین بەشی مرۆڤبوونن. چۆن دەبێت هێزێک هەبێت مرۆڤی دروست کردبێت، کەچی ڕقی لەو هەستە بێت، کە خۆی لە ناو دڵی مرۆڤدا چاندووە..؟ لێرەدا دەردەکەوێت ،کە کێشەکە لە هۆشدا نییە، بەڵکو لەو گوتانەدایە، کە دەیانەوێت ژیان کۆت بکەن و مرۆڤ بکەنە بوونەوەرێکی ترساو، کە هەمیشە چاوەڕێی سزادان بێت. ئەو تێڕوانینە مرۆڤ لە جیهانێکی پڕ لە ترسدا نیشتەجێ دەکات، جیهانێک ،کە تێیدا هەموو بزەیەک گومانە و هەموو عەشقێک تاوانە. بەڵام هۆشی سەربەخۆ ڕێگە نادات ئەو جۆرە گوتانە ببنە پێوەری ژیان و دەزانێت، کە عەشق تاکە هێزە مرۆڤ لە ئاژەڵ جیا دەکاتەوە و بە گەردوونەوە دەیبەستێتەوە. بەبێ عەشق، مرۆڤ دەبێتە ئامێرێکی بێ ڕۆح کە تەنها فەرمانەکان جێبەجێ دەکات، بەڵام بە عەشق دەبێتە هاوبەش لە ئاوەدانکردنەوەی جیهاندا.

کاتێک هۆش دەبێتە سەروەر، مرۆڤ لەو بازنە تەسکەی ترس دەچێتە دەرەوە، کە دەسەڵاتەکان بۆی کێشاون. ئیتر هیچ کەسێک ناتوانێت بە ناوی پیرۆزییەوە هەستە مرۆییەکانی لێ تێک بدات یان پاساو بۆ کردەیەک بهێنێتەوە، کە هۆش ڕەتی دەکاتەوە. ئەمە ئەو کایە فێڵاوییە سیاسییەیە کە سۆزداری و بڕوا بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی مرۆڤ لە ناسینی خۆی دوور بخاتەوە و وەک پاشکۆیەک بیهێڵێتەوە. بەڵام کاتێک تیشکی هۆش دەدرێت لەم تەمومژە، دەردەکەوێت، کە ڕاستی لای خودی مرۆڤە و لە ناو ویژدانیدا دەژی، نەک لە ناو ئەو لاپەڕانەی کە بۆ پاراستنی پلە و پایەی کەسانێک نووسراون. هۆش تەنها شکۆیەکە ،کە مرۆڤ دەتوانێت پشتی پێ ببەستێت بۆ ئەوەی نەبێتە دەنگدانەوەی دەنگی کەسانی تر، بەڵکو ببێتە خاوەن ناسنامە و هەبوونێکی ڕاستەقینە. تەنها لە ڕێگەی ئەم هۆشەوەیە کە مرۆڤ دەتوانێت بە ڕووی هەموو ئەو بەربەستانەدا بوەستێتەوە، کە دەیانەوێت ژیان بکەنە گۆڕستانێکی بێدەنگ و پڕ لە ترس.

ئەمە تەنها سەرەتایەک نییە بۆ گۆڕینی وشەکان، بەڵکو بانگەوازێکە بۆ شۆڕشێکی فیکری و کۆمەڵایەتی. هەر گوتەیەک ،کە مرۆڤ بە بچووک نیشان بدات، یان جوانی لە بەرچاو بخات، دەبێت لە بەردەم دادگای هۆشدا وەڵامدەر بێت. ناکرێت مرۆڤی سەردەم، بەو پێوەرانە بجوڵێتەوە، کە تەنها بۆ کۆنترۆڵکردنی جەماوەر داڕێژراون. هۆش پێمان دەڵێت: کە هەر سەردەمێک خاوەن ڕاستی و بیری خۆیەتی و هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت بۆ هەموو کاتێک مرۆڤ لە ناو قەفەسی نەزانیندا بهێڵێتەوە. دەسەڵاتی دەق کاتێک کۆتایی دێت کە هۆشی ئازاد دەست پێدەکات. مرۆڤ کاتێک دەگاتە لوتکەی تێگەیشتن، دەزانێت کە پیرۆزترین شت لەم جیهانەدا، ئەو هێزەیە، کە ڕێگەی پێدەدات بیر بکاتەوە، گومان بکات، و دواجار بە ویستی خۆی ژیانێکی پڕ لە جوانی بونیاد بنێت. تەنها لەم کاتەدایە ،کە وتە کۆنەکان دەبنە بەشێک لە مێژوو نەک ڕێگر لە بەردەم پێشکەوتن و شکۆی مرۆڤایەتیدا.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا