مرۆڤ و پەروەردە

بەشی هەژدە

 

بۆ ئەم بابەتە سەرنجی ئێمە زیاتر لەسەر قۆناغی منداڵی و هەرزەکارییە، بەتایبەت هەرزەکاران. کە هەستی خۆبەدەرخستن و خۆبە پاڵەواندانانیان لەلا بەرزە. هەرزەکار پڕە لە وزە و گوڕوتین و گەرمی، بە بچووکترین هۆکار هەڵدەچێ و تووڕە دەبێ و پەرچەکرداری دەبێ. بۆیە دەبێ بگەڕێینەوە بۆ قۆناغی پێش هەرزەکاری، کە قۆناغی منداڵییە. ئەویش دەبێ لە ڕێگای پەروەردەوە هەوڵ بدرێ هەرزەکارەکان کەمترین کێشەیان بۆ خۆیان و بۆ کەسانی دەوروبەریان هەبێت.

لەدواى ئەوەى منداڵ بۆ ماوەى شەش ساڵ لەباوەشى خێزاندا پەروەردە دەکرێ و زۆر شت فێر دەبێت، هەر لە قسەکردن و دانیشتن و ڕۆیشتن و خواردن و گەلێک هەڵسوکەوت و ڕەفتارى جیاواز، کە تایبەتن بە نەریت و کەلتوورى خێزانەکان، ئینجا دەرگاى قوتابخانە بەڕوویدا دەکرێتەوە و قوتابخانە دەبێتە ماڵى دووەمى، قوتابخانە دەبێتە فێرگە و هەوارگەى ساڵانێک لە تەمەنى. لێرەدا ئەرکى قوتابخانە قورستر دەبێت.                                                 زۆرجار سەرەڕاى ئەوەى ئاستى هۆشیارى و ڕۆشنبیرى خێزانەکان بەو ڕادەیە نییە کە بتوانن ڕەگى توندوتیژى لە هزر و دەروونى منداڵەکانیان لاواز بکەن و وشک بکەن، وەک لەپێشتر باسمان کرد، ڕەنگە ببنە هۆکار و سەرچاوەى سەرەکى توندوتیژییەکان. بەداخەوە، هەندێک جار قوتابخانەکانیش دەبنە کێڵگەیەکى لەبار بۆ زیادبوونى توندوتیژییەکان، دەبنە ژینگەیەکى ڕەخساو بۆ سەرهەڵدانى توندوتیژی.

ئەو توندوتیژییانەى لەناو قوتابخانەدا ڕوو دەدەن چەند جۆرێکن، وەک: توندوتیژى مامۆستا بەرانبەر بە قوتابى، کە خۆى لە توندوتیژى جەستەیی و دەروونى دەبینێتەوە. هەروەها توندوتیژى قوتابى بەرانبەر بە مامۆستا، توندوتیژى کەس و کارى قوتابى بەرانبەر بە مامۆستا.

دیاردەکانی توندوتیژی لەناو قوتابخانەکان لە چەند خالێک دەخەینەڕوو:

۱-شەڕ و ململانێ لەنێوان قوتابییان و ئازاردانی یەکتری. هەندێک جار لەکاتی پشوودانیان یان لەکاتی یاریکردن، جەنجاڵی و پاڵدان و بەردانەوە و خۆلێکخشاندن دروست دەبێت، بەڵام بەوشێوەیە نییە کە جەستەی یەکتر برینداربکەن یان بشکێنن و بە سەختی ئازاری یەکتر بدەن، بەڵام هەر بە توندوتیژی هەژماردەکرێت.

۲- توندوتیژی دەروونی لەنێوان قوتابییان، ئەویش جوێندان و تیروتوانج و قسەپێگوتن و هەڕەشەلێکردن و ترساندن و هەموو ئەوانە دەگرێتەوە کە قوتابییان لەگەڵ یەکتردا بەکاری دێنن و دەبێتە هۆکاری ترس و دڵەڕاوکێ و بریندارکردنی هەست و شکاندنی کەسایەتی و بێزارکردن.

۳- توندوتیژی مامۆستا بەرامبەر قوتابی. کاتێک قوتابییەک ڕەفتارێکی هەڵە یان سەرپێچییەکی یاسا و ڕێنماییەکانی قوتابخانە بکات یان کێشەی لەگەڵ قوتابییەک یان چەند قوتابییەکی دیکە هەبێت، لەوکاتەدا مامۆستا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە پەنا بۆ لێدان و ئازاردانی جەستەیی یان دەروونی و سەرکۆنەکردن و تێکشکاندنی کەسایەتی قوتابییەکە ببات، ئەمەش پێی دەگوترێت توندوتیژی.

٤- توندوتیژی قوتابی بەرامبەر مامۆستا. زۆرجار بینیومانە بەهۆکاری جیاواز، چ بەهۆی کەوتن و دەرنەچوون لە تاقیکردنەوەکان یان بەهۆی سزادانیەوە، قوتابی کاردانەوە و پەرچەکرداری نواندووە و بەگژ مامۆستاکانی چووەتەوە و هەوڵی تۆلەسەندنەوەی داوە.

٥- توندوتیژی کەسوکاری قوتابی لە دژی مامۆستا و کارگێڕی قوتابخانەکان. هەندێک جار بەهۆی کەوتن و دەرنەچوونی منداڵەکەیان لە تاقیکردنەوەکان و مانەوەی لە پۆلی خۆی یان بەهۆی ڕەفتارێکی هەڵەی مامۆستایەکەوە، کەسوکاری قوتابی هەڕەشە لە مامۆستا دەکەن یان هێرش دەکەنە سەر مامۆستا و ئازاری دەدەن.

٦- زیانگەیاندن بە باڵەخانەی قوتابخانە و شکاندنی دەرگە و پەنجەرە و کورسی و کەلوپەلەکانی تری.

۷- دڕاندن و پیسکردنی کتێب و تێنووسەکانیان.

۸- کاتێک کۆمەڵێک قوتابی یەک دەگرن و پابەندی و یاسا و ڕێنماییەکانی قوتابخانە نابن و یاخی دەبن و هەوڵی پشێوی و ئاڵۆزی و شەڕ و زەبروزەنگ دەدەن و وەک عەسابە خۆیان پیشان دەدەن لەناو قوتابخانە و کەشێکی نائارام و ناجێگیر دروست دەکەن و دەستدرێژی دەکەنە سەر قوتابییان و بینای قوتابخانە و تەنانەت مامۆستایانیش.

هەندێک لەو خالانەی کە باسمان کرد، دەتوانین بڵێین دیاردەنە لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان. بەڵام ئەویش لە قوتابخانەیەکەوە بۆ قوتابخانەیەکی تر و لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر، ڕەنگە جیاوازی و کەم و زۆری هەبێت.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا