مرۆڤ و پەروەردە

بەشی ۱۹

ڕۆڵی خێزان و قوتابخانە لە کەمکردنەوە و کاڵکردنەوەی توندوتیژیدا

دەکرێ هۆکارەکانى سەرهەڵدان و چەکەرەکردنی تۆوی توندوتیژى، ئەو هۆکارانەی کە تایبەت و پەیوەندیدارن بە ژینواری قوتابخانەکانەوە، لەم چەند خاڵەى خوارەوە کورت بکەینەوە:

1-  نەبوونى ڕۆشنبیرى و هۆشیارى پەروەردەیی لەلایەن مامۆستایانەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەکان و چارەسەرکردنی گرفتەکان دوور لە توندوتیژی.

2-  ئاشنا نەبوونى مامۆستا بە ڕێگا و میتۆدە نوێیەکانى وانەگوتنەوە و پەیڕەوکردنى ڕێگا کۆنباوەکان.

3-  نەبوونى پەیوەندى و هەماهەنگى لەنێوان کارگێڕى قوتابخانە و مامۆستایان لەگەڵ کەس و کارى قوتابییان.

4-  جێبەجێنەکردن و کارانەکردنى یاسا و ڕێساکانى قوتابخانە لەلایەن مامۆستایان و کارگێڕى قوتابخانە.

5-  لێنەپێچینەوە و سزانەدانى ئەو قوتابییانەى کە سەرپێچى و لادان و ئاژاوەگێڕى دەکەن لەکاتی دەوام و لەناو قوتابخانە.

6-  لێپێچینەوە و سزادانى توند و لە ڕادە بەدەر، دەبێتە هۆى ئەوەى قوتابى پەرچەکردارى هەبێت.

7-  خەمساردى و هێشتنەوە و پشتگوێخستنى کێشەکانى قوتابى لەلایەن مامۆستایان و کارگێڕى قوتابخانە.

8-  هەبوونى کێشە ئابوورى و خێزانى و دەروونى و کۆمەڵایەتییەکانى مامۆستا، ڕەنگدانەوەى لەسەر ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکانیشی دەبێت.

9-  گرنگینەدان بە ڕێنمایی و ئاراستەکردنى قوتابییان بۆ نەرمونیانى و ڕێزگرتن و خۆشەویستى و پێکەوەژیان و قبووڵکردنى جیاوازییەکان و چەسپاندنى بەها بەرزە مرۆڤایەتییەکان.

10-  زۆرى ژمارەى قوتابییان لەناو پۆل.

11-  لاوازى کەسایەتی مامۆستا.

12-  نەبوونى تواناى کۆنترۆڵکردنى پۆل لەلایەن مامۆستاوە.

13-  نەبوونى گفتوگۆ لەنێوان مامۆستا و قوتابى و ڕێنەدانى قوتابى بۆئەوەى بیروڕا و بۆچوونى خۆى دەربڕێت.

14-  بەرتەسکى بینای قوتابخانە و کەمى شوێن و ڕووبەرى قوتابخانە و زۆرى ژمارەى قوتابییان، ئەمەش دەبێتە هۆى جەنجاڵى و بەریەککەوتن و دروستبوونى کێشە لەنێوان قوتابییان.

15-  لێدان و ئازاردان و ئەشکەنجەى جەستەیی و دەروونى قوتابى.

16-  جوێندان و سووکایەتیپێکردن بە قوتابى لەپێش چاوى هاوپۆلەکانى.

17-  زۆرجار قوتابخانە دەبێتە شوێنى بەیەکگەیشتنى ئاژاوەگێڕ و شەڕکەر و لادەر و لاسارەکان.

18-  دەرنەچوونى قوتابى و لاوازى ئاستى زانستى، زۆرجار بەهۆى ئەمەوە قوتابى بیر لە تۆلەسەندنەوە لە مامۆستایان و کارگێڕى قوتابخانە و بینا و کەلوپەلى قوتابخانە دەکاتەوە.

19-  حەز و ویستى خۆدەرخستن و خۆبەپاڵەواندانان لەلایەن قوتابییەوە بۆ سەرنجڕاکێشانى هاوڕێکانى.

20-  نەبوونى پلان و کارنامەیەکى تۆکمە و پێشکەوتوو لەلایەن مامۆستاوە و هەبوونى کاتى بۆشایی لەناو وانەکان، ئەمەش دەبێتە هۆى ئەوەى قوتابى ئەم کاتە بە دەرفەت بزانێ و هەوڵى پشێوى و ئاژاوە و ئاڵۆزى بدات.

21-  هەستکردنى قوتابى بە نادادپەروەرى و مافخواردنى لەلایەن مامۆستاوە.

22-  ڕەچاونەکردنى جیاوازى تاکایەتى لەنێوان قوتابییان.

23-  بوونى مەودایەکى زۆر لەنێوان مامۆستا و قوتابییەکانى و خۆنزیکنەکردنەوەى مامۆستا لە قوتابییەکانى.

24-  بایەخ و گرنگیدان تەنها بەلایەنى زانستى و فەرامۆشکردنى لایەنى پەروەردەیی و ئاکاریی و ڕەفتاری قوتابییان.

25-  نەبوونى باخچە و سەوزایی و دیمەنى جوان و ڕازاوە و دڵڤەکەر لەناو قوتابخانە، کە قوتابى تێیدا هەست بە ئاسوودەیی بکات.

26-  هەندێک جار قوتابی پێیوایە مامۆستاکان ئەویان خۆش ناوێ و ڕقیان لێیەتی، بۆیە ئەویش ئەو هەستە لەناخیدا پەنگ دەخواتەوە و دەیەوێ تۆلەی خۆی بکاتەوە. لەوکاتەشدا یان ڕووبەڕووی مامۆستایان دەبێتەوە یان شەڕ لەگەڵ هاوپۆلەکانی دەکات و هەوڵی پشێوی و ئاڵۆزی دەدات. یان هەندێک جار بەهۆی ئەو ڕق و کینەیەی کە لە دڵی خۆی هەڵیگرتووە، زیان بە کەلوپەلی ناو پۆلەکەی و قوتابخانەکەی دەگەیەنێت.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا