مرۆڤ و پەروەردە

بەشی بیست

ڕۆڵی خێزان و قوتابخانە لە کەمکردنەوە و کاڵکردنەوەی توندوتیژیدا

بۆ کەمکردنەوەی دیاردەی توندوتیژی لەناو قوتابخانەکان، گرتنەبەری ئەم هەنگاوانەی خوارەوە بە پێویست و کاریگەر دەزانین:

۱- دانانی پرۆگرامێکی تۆکمەی پەروەردەیی لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە، کە خۆی لە کۆمەڵێک باس و بڕگە و بابەتی پەروەردەیی و دەروونزانی و کۆمەڵناسی و یاسایی ببینێتەوە و ماف و ئەرکەکانی قوتابی و مامۆستایان و تەنانەت دایک و باوکانیش دیاری بکات. بۆئەوەی تاکێکی هۆشیار و ڕۆشنبیر و مەدەنی و مرۆڤدۆست و ژینگەدۆست و ژیاندۆست پێبگەیەنرێت.

۲- مامۆستایان پێویستە ئاگاداری ژینگەی خێزانی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و کەلتووری قوتابییەکانیان بن و جیاوازی تاکایەتی لەبەرچاوبگرن و ڕەچاوی سروشتی کەسایەتی و تەمەن و بارودۆخی ژیانی قوتابییەکانیان بن.

۳- ڕێزگرتنی قوتابییان لەلایەن مامۆستایانەوە یەکێکە لەو هۆکارانەی کە پەیوەندی نێوان مامۆستا و قوتابی بەهێز دەکات و سۆز و خۆشەویستییان بۆ یەکتری زیاتر دەبێت و بە ئاسانی و بەبێ توندوتیژی کێشەکان چارەسە دەبن. ئەم جۆرە مامەڵە گونجاوە، ڕەنگدانەوەی باش و ئەرێنی دەبێت لەسەر ڕەفتاری قوتابی و ئەویش وایلێدێت ڕێز لە مامۆستاکانی بگرێت.

٤- پەیوەندی باش و بەهێز و تۆکمەی نێوان مامۆستایان لەگەڵ یەکتردا، کە لەسەر بنەمای ڕێز و خۆشەویستی و هاوکاری و یەکترقبووڵکردن بێت، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەرێنی و باشی لەسەر ڕەفتاری قوتابییانەوە دەبێت.

٥- پەیوەندی باش و گونجاوی نێوان کارگێڕی قوتابخانە و قوتابییان و ئاگاداربوونی کارگێڕی قوتابخانە لە کێشە و گرفتەکانی قوتابخانە و قوتابییان و گوێگرتن لە قوتابییان و گفتوگۆکردن لەگەڵیان و ڕێزگرتنیان و چارەسەرکردنی کێشەکانیان، دەبێتە هۆکاری کەمبوونەوەی توندوتیژییەکان.

٦- ئەگەر پەیوەندی نێوان کارگێڕی قوتابخانە و مامۆستایان باش و بەهێز و پتەو بێت و هەردوولا هاوکاری یەکتربکەن لە ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەکان و بە ڕاوێژ و گفتوگۆ و بە یەک تیم کار بکەن و ڕێز لە ڕا و بۆچوونی یەکتر بگرن و ڕق و کینە و دووبەرەکی و ململانە و ناکۆکی لەنێوانیاندا نەبێت، بێگومان ئەمە کاریگەری ئەرێنی و زۆرباش لەسەر تێڕوانینی قوتابییانیش جێ دەهێڵێت و ڕێژەی توندوتیژییەکانیش کەمتر دەبنەوە.

۷- ئاراستەکردنی ڕێنمایی پەروەردەیی بەردەوام لەلایەن مامۆستایان و کارگێڕی قوتابخانەوە بۆ قوتابییان.

۸- ئاگادارکردنەوەی کەسوکاری قوتابی لەکاتی دووبارەکردنەوەی سەرپێچییەکان و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی قوتابییەکە لە ڕێگای گفتوگۆ و بەشێوەیەکی پەروەردەیی.

۹- پێویستە کارگێڕی قوتابخانە لەکاتی بەردەوامی سەرپێچییەکان لەلایەن قوتابییەوە، یاسا فەرمییەکانی وەزارەتی پەروەردە بۆ سزادان جێبەجێ بکات.

خێزان و قوتابخانە، کە دوو فێرگە و دوو ناوەندى پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی گەورە و گرنگ و کاریگەرن، ئەگەر بە شێوەیەکى زانستى و ڕێکوپێک ئەرک و بەرپرسیارێتى خۆیان جێبەجێ بکەن، دەتوانن کۆمەڵگەیەکى تەندروست و پڕ لە ئاشتى و ئارامى و ئۆقرەیی بنیات بنێن.

بەهۆى پەروەردەى دروستى خێزان و قوتابخانەکانەوە، تاکەکانى کۆمەڵگە بە خۆشەویستى و لێبووردەییەوە دەژین، بە ئاسوودەیی و بەختەوەرییەوە گوڵى هیوا و ئاواتەکانیان ئاو دەدەن. بەدڵنیاییەوە، پەروەردەى دروست و پێشکەوتوو، کۆمەڵگەى پێشکەوتوو بەرهەم دێنێت. بە واتایەکى دیکە، کۆمەڵگەى پێشکەوتوو، زادەى پەروەردەى پێشکەوتووە. پەروەردەیەک، کە ئامانجى داهێنان و گۆڕانکارى بێت، کە لەسەر بنەما زانستییەکان بنیاتنرابێ، لەسەر بنەماى خۆشەویستى و ژیاندۆستى و مرۆڤدۆستى و ئاشتى و ئازادى، هەوڵى گۆڕانکارى بدات، نەک لەسەر بنەماى توندوتیژى و ڕق و کینە و خەشم و تووڕەیی.                                                                             بەرهەمى توندوتیژى، هەر توندوتیژییە. لەوانەیە هەندێکجار، بۆ ماوەیەکى کەم و کاتى، ڕێککارى توندوتیژى چارەسەرى هەندێک کێشە بکات، بەڵام ناتوانێ بنبڕى بکات، بەڵکو شوێنەوارى خراپ لەدواى خۆیدا جێ دەهێڵێت، ڕق و کینە دروست دەکات، تووڕەیی و پەنگخواردنەوە دروست دەکات، تۆلەسەندنەوە بەرهەم دێنێت. بەتایبەت لە قوتابخانە و ناوەندەکانى خوێندن، بە هیچ شێوەیەک کێشەکان بە توندوتیژى چارەسەر نابن، بەڵکو سەر بۆ کێشەى گەورەتر دەکێشن.

پێموانییە قوتابى بە لێدان و ئەشکەنجەدان فێر ببێت. قەت لەو بڕوایەدا نیم، قوتابى بە چاولێسوورکردنەوە و خۆ لێگڤکردنەوە و خۆلێتووڕەکردن و بە جوێندان و سووکایەتیپێکردن و شەرمەزارکردنى لەبەرچاوى هاوڕێ و هاوپۆلەکانى، فێرببێ و بخوێنێ و هۆگرى قوتابخانە بێت. لە پەروەردەى جاران، پەیڕەوى ئەم ڕێگا و ڕێککارانە دەکران، ئێستاش لەوانەیە مامۆستاى وا هەبێت بڕواى بەم ڕێگایە لە وانەگوتنەوە و پەروەردەکردنى قوتابى هەبێت، ڕەنگە پەیڕەوکاریشى هەبێت، بەڵام من پێموایە، ئەمە خراپترین و شکستخواردووترین مۆدێل و میتۆدى وانەگوتنەوەیە. قوتابى ئەگەر خۆشەویستى بۆ مامۆستاکەى نەبێت، چۆن حەز و خولیاى فێربوونى دەبێت؟! ئەگەر قوتابى هەست بە دڵنیایی و کەشێکى پڕ لە ئارامى و سۆز و خۆشەویستى و میهرەبانى و ڕێز و شکۆمەندى نەکات لەناو قوتابخانە، چۆن قوتابخانەى خۆش دەوێ؟! چۆن وێلى زانست و زانیارى و فێربوون و تێگەیشتن و داهێنان دەبێ؟!

پەروەردە بوارێکى زۆر هەستیارە. پەروەردەکار دەبێ زۆر هۆشیار و شارەزا بێت. هەڵەى پەروەردەکار وەکو هەڵەى کەسێکى ئاسایی نییە، وەکو هەڵەى فەرمانبەرێکى ئاسایی لە دەزگایەکى حکومى نییە. ڕەنگە بەهۆى هەڵەى پەروەردەکارانەوە نەوەیەک بە لاڕێدا بچن، دوور نییە کۆمەڵگەیەک تووشى چەندین کێشە و قەیرانى کۆمەڵایەتى و سیاسى و ئابوورى و تەکنەلۆژى و ڕۆشنبیرى ببێتەوە. مامۆستا دەبێ بە کردار و گوفتار، پێشەنگ و نموونەیەکى بەرز و ناوازە بێت بۆ قوتابییەکانى، کە شایەنى ڕابەرایەتیکردن و سەرمەشقى بێت بۆ کۆمەڵگەکەى.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

     

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە