مرۆڤ و پەروەردە

بەشی(۱٥)

 

خێزان و قوتابخانە، کە دوو ناوەندى کۆمەڵایەتى و پەروەردەیی گرنگ و کاریگەرن، پێویستە پەیوەندى ڕاستەوخۆیان لەگەڵ یەکتر هەبێ، دەبێ هاوکارى و هەمانگى بەردەوامیان هەبێ.  ئەوکاتە ئامانجە پەروەردەییە باڵاکان بەدى دێت، کە خێزان و قوتابخانە پێکەوە هەوڵ بۆ سەرخستن و بەرەوپێشبردنى پرۆسەى پەروەردە و فێرکردن بدەن.

زۆر گرنگە کەسوکارى قوتابى، دایک یان باوک یان بەخێوکەر و سەرپەرشتیارى قوتابى، زووزوو سەردانى قوتابخانە بکات و لەگەڵ مامۆستایان و ستافى کارگێڕى قوتابخانە دابنیشێت و گفتوگۆ بکات، پرسیار دەربارەى ئاستى زانستى منداڵەکەى بکات، زانیارى دەربارەى ڕەوشت و ڕەفتار و هەڵسوکەوتى منداڵەکەى بەدەست بێنێت. لەهەمان کاتدا، پێویستە بەخێوکەرى قوتابى هەندێک زانیارى دەربارەى منداڵەکەیان بە مامۆستایان و کارگێڕى قوتابخانە بدات، وەک کێشە کۆمەڵایەتییەکانى منداڵەکەیان، کێشە دەروونییەکانى، نەخۆشى و کێشە تەندروستییەکانى، شەرمنى، گۆشەگیرى و دوورەپەرێزى، شەڕانگێزى و هەر کێشە و گرفتێک ئەگەر هەبێت. پێویستە کارگێڕى قوتابخانە و مامۆستایانیش، کێشە و گرفتەکانى قوتابى، جا چ نزمى ئاستى زانستی بێت، چ کێشەى ڕەوشت و ڕەفتار بێت یان هەر گرفتێک هەبێت، دەبێ بەڕێزەوە و بە زمانێکى شیرین و ڕوویەکى گەش، بە کەسوکارى قوتابى بڵێن. کاتێک پەیوەندییەکى باش و بەهێز و تۆکمە لەنێوان خێزان و قوتابخانەدا هەبێت، زۆر کێشە و گرفتى تایبەت بە قوتابى چارەسەر دەکرێن. وەک:

1-  کێشەى نزمى ئاستى زانستى.

2-  کێشە ئاکارییەکان.

3-  دابڕان و وازهێنان لە خوێندن.

4-  کێشە کۆمەڵایەتییەکان.

5-  کێشە دەروونییەکان.

6-  درەنگهاتن بۆ قوتابخانە.

7-  ڕاکردن لە قوتابخانە.

8-  تەنبەڵى و نەبوونى ئارەزووى خوێندن.

9-  گۆشەگیرى و دوورەپەرێزى.

10-  سستى و ناچاڵاکى.

11-   نەخۆشى و کێشە جەستەییەکان.

12-کەوتن و مانەوەى بەردەوام.

13- شەڕانگێزى و ئاژاوەگێڕى.

خێزان و قوتابخانە ئەگەر بەردەوام پەیوەندییان لەگەڵ یەکتردا هەبێت، دەتوانن ئەم کێشانە و زۆرى دیکەش چارەسەر بکەن. هەر دوورى و دابڕانێک لە پەیوەندى نێوان خێزان و قوتابخانە هەبێت، کاریگەرى خراپ و نەرێنى لەسەر قوتابى جێ دەهێڵێت. نەبوونى هەماهەنگى و هاوکارى لەنێوان خێزان و قوتابخانە، کار دەکاتە سەر ئاستى زانستى قوتابى. بەهۆى ئەمەوە قوتابى تووشى چەندین کێشەى جیاواز دەبێتەوە. قوتابى کاتێک دەبینێ خێزانەکەى پاڵپشتى و هاوکارى دەکەن، کاتێک دەبینێ دایک و باوک و کەسوکارەکەى بایەخ و گرنگى پێ دەدەن و خەمى لێ دەخۆن، ئەویش چاڵاکتر و بە گوڕوتینتر دەبێ، هەست بە ئاسوودەیی دەروون دەکات، کەسایەتى بەهێزتر دەبێ. بەڵام کاتێک منداڵ هەست بکات پشتگوێ خراوە و هیچ چاودێرییەکى لەسەر نییە، هەست بکات هیچ کەسێک گرنگى پێ نادا، بخوێنێ یان نا، درەنگ بچێتە قوتابخانە یان هەر نەچێ، ئەویش ڕۆژ بە ڕۆژ سست و ناچاڵاکتر دەبێت، بەرەبەرە بێزار و بێتاقەتتر دەبێ لە قوتابخانە. واى لێ دێت کێشەکان دەکەونە سەر یەک و کەڵەکە دەبن و ڕەوشت و ڕەفتارى منداڵەکەش خراپتر دەبێ. بەم شێوەیە قاڵب دەگرێ و لە خوێندن و وانەکانیشى سەرکەوتوو نابێت، دواجار ڕەنگە بە یەکجارى واز لە خوێندن بێنێت.

ئەرکى دایک و باوک بەرانبەر منداڵ تەنها دابینکردنى پۆشاک و خۆراک نییە بۆیان، تەنها گەورەکردن و بەخودانکردن نییە، سەرەڕاى ئەمانە، پەروەردەکردنیانە بەشێوەیەکى ڕاست و دروست و بە زانستى و زاناییەوە. ئەگەر خێزانەکان دەستبارگرى قوتابخانەکان نەبن، ئەگەر خێزانەکان ئەرک و بەرپرسیارێتى خۆیان نەزانن، ئەگەر خێزانەکان لەخەمى ئاییندەى منداڵەکانیان نەبن و هیچ پلان و بەرنامەیەکى دروستیان بۆیان نەبێ، ئەستەمە قوتابخانەکان بەتەنها بتوانن گۆڕانکارى بکەن و بتوانن کۆمەڵگەیەکى شارستانى و پێشکەوتوو دروست بکەن. قوتابخانەکان بەتەنها هیچیان پێ ناکرێت.  کە باس لە پەروەردە دەکرێ، مەبەست لێى تەنها پەروەردەى قوتابخانەکان نییە. پەروەردەکردنى منداڵ و ئامادەکردنى بۆ ژیان، بۆئەوەى خزمەتى کۆمەڵگە و وڵاتەکەى خۆى بکات، تەنها ئەرکى قوتابخانەکان نییە، تەنها ئەرکى ناوەندەکانى خوێندن نییە. پەروەردەکردن پرۆسەیەکى گەورە و دوورودرێژە، بەشێکى لە ئەستۆى قوتابخانەیە، ئەوەى دیکە دەبێ خێزان و کۆمەڵگە و دەزگاکانى ڕاگەیاندن و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى و دەسەڵاتى سیاسى و حکومەت و گشت ئەمانە بەشداربن و هەست بە بەرپرسیارێتى بکەن بەرانبەر بە پرسێکى وا گەورە و گرنگ.                          

دەبێ ئەوەش لەبیر نەکەین، ئەرکى مامۆستایان و دەستەى کارگێڕى قوتابخانەکانە، باشترین و گەرمترین پەیوەندییان هەبێ لەگەڵ کەس و کارى قوتابییان. دەبێ کارگێڕى قوتابخانە و مامۆستایان نەهێڵن ساردوسڕى و بچڕان ڕوو بدا لە پەیوەندى نێوان خۆیان و خانەوادەی قوتابییان. لەکاتى بوونى هەر کێشەیەک، کە تایبەت بێت بە قوتابى، جا چ کێشەى فێربوون و نزمى ئاستى زانستى قوتابى بێت، چ کێشەى ڕەفتار و ئاکار بێت، یان هەر کێشەیەک پێویستى بە گفتوگۆى هەردوو لا بێت، دەبێ بەزووترین کات پەیوەندى بە کەسوکارى قوتابییەوە بکرێت، بۆئەوەى بە هەر دوو لا چارەسەر بۆ کێشەکە بدۆزنەوە. نابێت دەستەی کارگێڕی و مامۆستایان خەمسارد بن و کەمتەرخەمى بنوێنن کاتێک هەست بە بوونى کێشەیەک بکەن. هەبوونى پەیوەندییەکى باش و بەهێز لەنێوان خێزان و قوتابخانە، لەڕووى پەروەردەیی و زانستییەوە ئەنجامێکى باش و بەرچاوى دەبێت.  پێویستە لەکاتى سازکردنى چاڵاکییە زانستى و وەرزشى و هونەرییەکاندا، بەشدارى بە کەسوکارى قوتابییان بکرێت. لەکاتى ئاهەنگ و یاد و بۆنەکاندا، پێویستە بانگهێشتى خانەوادە و کەسوکارى قوتابییان بکرێت، بۆئەوەى هەم پەیوەندییەکان توندوتۆڵتر و گەرموگوڕتربن، هەم قوتابییانیش دڵخۆشتر و ئاسوودەتربن. ئەمە دەبێتە هاندەرێکیش بۆ قوتابییان.

کاتێک قوتابى دەبینێ لەلایەن کارگێڕى قوتابخانە و مامۆستایان و خێزانەکەى بایەخ و گرنگى پێ دەدرێ و هەست دەکات هەموویان لە خزمەتى ئەو دانە، سەرەڕاى ئاسوودەیی و دڵخۆشبوونى، هەستى بڕوابەخۆبوونیشى لەلا زیاتر دەبێ، کەسایەتیشى بەهێزتر دەبێ. کاتێک قوتابى دەبینێ لەلایەن قوتابخانەوە ڕێز لە کەسوکارەکەى دەگیرێ، ئەمە دەبێتە هاندەر و پشتیوانییەک بۆ قوتابى، کاریگەری لەسەر ئاستى زانستى و فێربوونیش دەبێت. هەبوونى پەیوەندییەکى تۆکمە لەنێوان خێزان و قوتابخانە، گەشەى زانستى و کۆمەڵایەتى و دەروونى و ژیرى و جەستەیی قوتابى باشتر و خێراتر دەبێت.  بەهەوڵ و هاوکارى خێزان و قوتابخانەکان، دەتوانرێ پلان و کارنامەکان بە سەرکەوتوویی و بێ کێشە جێبەجێ بکرێن و ئاستەنگەکان لاببرێن، بە هەوڵى هەر دوو لا، هیوا و ئاوات و ئامانج و خەون و خۆزگەکان بەدى دێن.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا