مرۆڤ و پەروەردە
بەشی چواردە:
لەتیف ئەمین
ڕۆڵى خێزان و قوتابخانە لە پەروەردە و پێگەیاندنى قوتابیدا:
خێزان و قوتابخانە، دوو ناوەندى گەورە و کاریگەرن بۆ پەروەردەکردن و پێگەیاندنى قوتابى و تەواوکەرى ئەرکەکانى یەکترن، ڕۆڵى هیچ کامێکیان لەوى دیکەیان کەمتر نییە. بەتایبەتى خێزان، هاوشانى قوتابخانە ڕۆڵ و کاریگەرى دیار و بەرچاوى هەیە لە گەشەپێدان و بەرەوپێشبردنى پرۆسەى پەروەردە و فێرکردن. یەکەمین بەردى بناغەى کەسایەتى منداڵ لەناو خێزان دادەنرێت. منداڵ پێش چوونى بۆ قوتابخانە، لەناو خێزان پەروەردە دەکرێ و ساز و ئامادە دەکرێ، ئینجا دەنێردرێتە قوتابخانە. کەواتە خێزان دەروازەى یەکەمی پەروەردەکردنە، منداڵ لەوێوە پێ دەنێتە نێو ئەم جیهانە و بەرەو جەنجاڵییەکانى ژیان هەنگاو دەنێ.
لەبەرئەوە، گرنگە دایک و باوکان بە وردى و وریاییەوە چاودێرى منداڵەکانیان بکەن، بەوپەڕى ئاگایی و وشیارییەوە منداڵەکانیان پەروەردە بکەن، بە زانایی و زیرەکییەوە، پەرە بە توانا و بەهرە و لێهاتووییان بدەن. پێویستە ژینگەى خێزان ئاسمانێک بێت بۆ ڕێژنەى سۆز و خۆشەویستى و میهرەبانى بۆ منداڵ، قەڵبەزێک بێت بۆ خوڕەى ئاسوودەیی و ئارامى و ئۆقرەیی منداڵ.
ئەرکى دایک و باوکانە ژینگەیەکى لەبار و گونجاو بۆ منداڵەکانیان بڕەخسێنن، کە منداڵ تێیدا هەست بە ئاسوودەیی و بەختەوەرى بکات. ئەرکى دایک و باوکانە گەشە بە لایەنى کۆمەڵایەتى و دەروونى و جەستەیی و زمانى و ژیریی منداڵەکانیان بدەن. منداڵێک پەروەردە بکەن، کە بڕواى بە خۆی و تواناکانى هەبێت، خاوەن کەسایەتییەکى بەهێز بێت، چاڵاک و تەندروست بێت، هۆشیار و بێدار بێت، نەرمونیان و لەسەرخۆ بێت، ژینگەپارێز بێت. بەڵێ، ئەرکى دایک و باوک و خێزانەکانە، منداڵەکانیان بە جۆرێک پەروەردە بکەن، کە خۆشەویستى خاک و خەڵک و نیشتیمان و نەتەوەکەى لە دڵدابێت، دەستپاک و دڵسۆز و مرۆڤدۆست و ژینگەپارێز بێت.
بەرپرسیارێتى خێزان بەرانبەر بە منداڵ زۆر گەورە و هەستیارە. منداڵ هەر لەو چرکەساتەى کە لەدایک دەبێت تا گەورە دەبێ و پێدەگات و تێدەگات و تواناى خۆژیاندن و خۆ بەڕێوەبردنى دەبێ، پێویستى بە پەروەردەکردن و ڕاهێنانە لەسەر ژیان، پێویستى بە چاودێرى و ئاگالێبوون و دەستگرتنە.
ئاستی ڕۆشنبیرى و هۆشیاری دایک و باوکان، کاریگەری لەسەر پەروەردەی منداڵەکانیشیان دەبێت، چ لە ڕووی هزری و زانستییەوە یان لە ڕووی کۆمەڵایەتی و دەروونی و جەستەییەوە. دایک و باوکى هۆشیار، هەمیشە هەوڵى باشترین و نایابترینەکان دەدەن بۆ منداڵەکانیان.
منداڵ ئاوێنەى خێزانەکەیەتى. نەریت و ڕۆشنبیرى و جۆرى پەروەردەى خێزان، ڕەنگدانەوەى لەسەر ڕەفتار و گوفتار و هەڵسوکەوت و بیرکردنەوەى منداڵ دەبێت، کاریگەرى لەسەر کەسایەتى و کۆى ژیانى منداڵ دەبێت. سەرەڕاى دابینکردنى پێداویستییە مادییەکان بۆ منداڵ، وەک جلوبەرگ و خواردن و خانوو، دەبێ پێداویستییە دەروونییەکانیشى لەبیر نەکرێت، کە سۆز و خۆشەویستى و میهرەبانى و هەستکردنە بە بەختەوەرى و دڵشادى. هەروەها لایەنى کۆمەڵایەتى منداڵ زۆر گرنگە، پێویستە خێزانەکان بایەخى پێ بدەن، کە ئەویش ڕێزگرتنى منداڵە، بەسووکسەیرنەکردنیەتى، گوێلێگرتنیەتى. گرنگە منداڵ لە زۆر شتدا کە تایبەتن بە دونیاى منداڵى، ئازادى پێ بدرێ، وەک هەڵبژاردنى جۆر و ڕەنگ و ستایلى جلوبەرگ و وەرزش و یاریکردن و بوارى هونەرى و زۆری تر.
تاوانە بەرانبەر بە منداڵ، ئەگەر ژیانى منداڵى لە منداڵ قەدەغە بکەین و داوا لە منداڵ بکەین وەک کەسێکى گەورە و پێگەیشتوو ڕەفتار بکات. دونیاى منداڵ پڕە لە خەونى جوان و خەیاڵى ڕەنگاوڕەنگ. منداڵ بۆئەوەى لە دواڕۆژدا تاکێکى دەرووندروست و ساغلەم و سەرکەوتوو و بێ کێشەى لێ دروست بێت، دەبێ قۆناغى منداڵی خۆى بە جوانترین و خۆشترین ژیان بەسەر ببات، دەبێ منداڵێتى لێ نەسەنرێتەوە. منداڵ بە پاک و بێگەردى لەدایک دەبێ، دەبێ نەهێڵرێ تۆز و گەرد و ژەنگ و ژەهرى ڕۆژگارى بەد و پڕ لە پیسى لەسەرى بنیشێتەوە.
منداڵێک لەباوەشى خێزانێکى ڕۆشنبیر و خوێندەوار و هۆشیار چاوى کردبێتەوە، گومانى تێدانییە، مرۆڤێکى زانستخواز و هۆشمەند و هزرمەندى لێ دەردەچێ. ئەگەر خێزانەکان بەم شێوەیە منداڵەکانیان پەروەردە بکەن، خەمى قوتابخانەش کەمتر دەبێتەوە، بارى قوتابخانەش سووکتر دەبێتەوە. لە ئەنجامدا پرۆسەى پەروەردە و فێرکردنیش بە ئاراستەیەکى ڕێکتر و ڕاستتر هەنگاو دەنێ، دواجار ئاستى زانستى و ڕۆشنبیرى و هۆشیارى قوتابییان بەگشتى ڕوو لە هەڵکشان دەکات.