
ئەحمەد ستار
لە سەردەمێکدا کە هەواڵ بەخێراییەکی زۆر لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو دەبێتەوە، زیاتر لە هەموو شتەکان دروستی هەواڵەکە وندەبێت. خێرایی بڵاوکردنەوە جێگای وردبوونەوەی گرتووەتەوە، و پێشبڕکێ بۆ یەکەم بوون لە دانانی هەواڵەکان، دروست بوونی هەواڵەکە دەخاتە دواوە. لێرەشدا یەکێک لە گرنگترین قوربانییەکان ڕۆژنامەگەریی لێکۆڵینەوەییە؛ ئەو جۆرە ڕۆژنامەگەرییەی کە ئەرکی تەنها گواستنەوەی ڕووداو نییە، بەڵکوو دۆزینەوەی ئەو ڕاستیانەیە کە هەوڵ دەدرێت لە چاوی کۆمەڵگا بشاردرێنەوە.
ڕۆژنامەگەریی لێکۆڵینەوەیی، لە بنەڕەتدا، ڕۆژنامەگەریی پرسیارە. ئەو پرسیارانەی کە دەستبەجێ وەڵامیان بۆ نادۆزرێتەوە، بەڵام لەگەڵ کات، بەڵگە و لێکۆڵینەوە، وەڵامەکانیان دەردەکەون. هەر بۆیەش ئەم جۆرە ڕۆژنامەگەرییە لە مێژووی جیهاندا بووەتە هۆی ئاشکراکردنی گەندەڵییە گەورەکان، دەستدرێژییەکانی بەرامبەر مافی مرۆڤ، بەفیڕۆدانی سامانی گشتی و هەڵە سیستەماتیکەکانی دەسەڵات. زۆرجار یەک لێکۆڵینەوەی ڕۆژنامەوانی کاریگەرییەکی گەورەتری لە دەیان وتار و سەدان هەواڵ هەبووە. بەڵام لە هەرێمی کوردستان، ئەم جۆرە ڕۆژنامەگەرییە هێواش هێواش لە ناوەندی سەرنجی میدیا دوور کەوتووەتەوە. ئەمە بە مانای ئەوە نییە کە ڕۆژنامەنووسی بەتوانامان نییە، یان ویستی دۆزینەوەی ڕاستی لاواز بووە. بە پێچەوانەوە زۆر ڕۆژنامەنووسی شارەزا و دڵسۆز هەن. بەڵام ژینگەی کار ئەو ئازادی و ئارامییە فەراهەم ناکات کە پێویستە بۆ لێکۆڵینەوەی درێژخایەن و قووڵ.
ئەمڕۆ میدیا لە ژێر فشاری خێرایی و پێشبڕکێ و ژمارەی بینەرە. سەرکەوتنی زۆربەی دامەزراوە میدیاییەکان بە حیزبی و سەربەخۆکان کە بەشێکیان میدیای سێبەریان پێدەگوترێت، بە ژمارەی کلیک و بینین و هاوبەشکردنەوە پێوانە دەکرێت. ئەم پێوانەیە ڕۆژنامەنووس ناچار دەکات بەدوای هەواڵی زوو بڵاوکراوە بڕوات، نەک بەدوای ئەو ڕاستیانەی کە لێکۆڵینەوەیان دەوێت. ئەوەش کاریگەرییە خراپەکەیە لەسەر میدیای کوردی کە لە کۆتاییدا ژمارەی هەواڵ زیاد دەبێت، بەڵام ڕاستی و دروستیان گریمانەییە. پێویستە بزانین هۆکارەکە تەنها خێرایی نییە.
ڕۆژنامەگەریی لێکۆڵینەوەیی پێویستی بە بودجە، کات و تیمێک لە ڕۆژنامەنووسانی شارەزا هەیە. لێکۆڵینەوەیەکی باش لەوانەیە چەند مانگ بخایەنێت، لە چەندین سەرچاوە زانیاری بەدەستبێت، بەڵگەی زۆر هەڵبسەنگێندرێن و چەندین ئامار شیکار بکرێت. بەڵام لە ژینگەی کاری میدیایی لەکوردستان کە بەشێک لە دامەزراوە میدیاییەکان بەبوونی کێشەی داراییەوە دەناڵێنن، دابینکردنی سەرمایە بۆ کاری ڕۆژنامەگەریی لێکۆڵینەوەیی وەک خەرجییەکی زیادە سەیر دەکرێت، نەک وەک سەرمایەیەک بۆ دروستکردنی متمانە. چونکە میدیا دیار و بەهێزەکان حزبین و ئەوەندەی کار لەسەر شەڕی میدیایی دەکەن، دەرفەتی ئەم بابەتەیان نەماوە. لە لایەکی ترەوە، دەستگەیشتن بە زانیاریی فەرمی هێشتا یەکێکە لە گەورەترین بەربەستەکان ڕۆژنامەگەریی لێکۆڵینەوەیی لە سەردەمی ئێستادا زیاتر لە هەر کاتێک پشت بە ئامار و دۆکیۆمێنتەکان دەبەستێت.
ئەگەر زانیاریی گشتی بە ئاسانی بەردەست نەبێت و ڕێگای وەرگرتنی بەڵگە داخراوبێت، وەڵامدانەوەی دامەزراوەکان درەنگبێت، ئەوا لێکۆڵینەوەش بە ناچاری سنووردار دەبێت. هەروەها نابێت ئەو ڕاستییە لەبیر بکەین کە ڕۆژنامەگەریی لێکۆڵینەوەیی تەنها لە ژێر کاریگەریی یاسا و دارایی نییە؛ بەڵکوو ژینگەی گشتیی ئازادیی ڕادەربڕین و متمانەی نێوان سەرچاوە و ڕۆژنامەنووسیش کاریگەرییەکی گەورەی هەیە. کاتێک سەرچاوەکان دڵنیانین کە ناسنامەیان دەپارێزرێت، یان ڕۆژنامەنووس دڵنیا نییە کە لە پشت لێکۆڵینەوەکەی پارێزراو دەبێت یاخود دەکەوێتە مەترسییەوە، لێرەدا خودکارانە بازنەی لێکۆڵینەوە تەسک دەبێتەوە.
ئەنجامی ئەم دۆخە تەنها بۆ میدیا زیانبەخش نییە؛ بۆ کۆمەڵگەش مەترسیدارە. کۆمەڵگەیەک کە ڕۆژنامەگەری لێکۆڵینەوەیی تێدا لاوازبێت، زۆر هەواڵ دەبینێت، بەڵام کەمتر زانیاریی قووڵ و بەڵگەدار وەردەگرێت. ئەوەش واتای ئەوەیە چاودێریی میدیا و کۆمەڵگا لەسەر دەسەڵات لاوازتر دەبێت، پرسیارە گەورەکان بێ وەڵام دەمێننەوە و متمانەی هاووڵاتییانیش بە میدیا نامێنێ. چارەسەری ئەم کێشەیە بە دروستکردنی میدیای زیاتر نییە؛ بە بەهێزکردنی ناوەڕۆکی کەناڵەکانە. دامەزراوە میدیاییەکان پێویستە بەشێکی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوە دابنێن، زانکۆکان گرنگی زیاتر بە فێرکردنی ڕۆژنامەگەریی ئامار و لێکۆڵینەوە بدەن، سەندیکای ڕۆژنامەنووسانیش بە کردار پاراستنی ڕۆژنامەنووسان بخاتە ئەستۆی خۆی و سوربێت لەسەر جێبەجێکردنی یاساکان دەربارەی کاری ڕۆژنامەنووسی و میدیایی وە هەژموونی سیاسی و حزبی لەسەر نەمێنێت.
