جەماوەری ئازادیخواز و ستەملێکراوی کوردستان!
لێرەوە لەلایەن خانەوادەکەمانەوە سوپاسی بێسنور و ستایشی هەڵوێست و هاوخەمیتان دەکەین. هاوخەمی و بەشداری بەرفراوانی ئێوە چ لە مەراسیمی ناشتن و چ لە پرسەکە و چ لە سۆسیال میدیاوە، بۆ ماڵئاوایی باوکی ئازیزمان لە ژیان، دڵگەرمیەکی زۆر گەورەی بە ئێمە بەخشی و جارێکی تر بە ئێمەی نیشاندایەوە کە خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان تینوی ئازادی و عەدالەتی کۆمەڵایەتین و ڕێزی بێسنور لەو خەبات و قوربانیدان و ڕاوەستاویە دەگرن کە لەم پێناوەدا دەدرێت. ئێوە ئەمرۆ جارێکی تر نیشانتاندایەوە کە کەیسی سەردەشت هەر بە زیندوێتی دەمێنتەوە تا ئەو ڕۆژەی تاوانبارانی بکوژ و تیرۆریست دەبەینە بەردەم دادگای شۆڕشگێڕانەی ئەم خەڵکە.

ئێمە دەمانەوێ لێرەوە بۆ ئێوەی تینوی ئازادی ڕابگەیەنیین کە بە ڕاستی باوکی ئازیزمان بڕبڕەپشتی ئەو هەڵویست و ڕاوەستاویە بوو کە ئەمڕۆ ئێوە ڕیزتان بۆی نیشان دا، خانەوادەکەشمان یەک دڵ و یەک بڕوا بە شانازیەوە لە پشتی ئەو هەڵوێستە راوەستا و بێ دودڵیش ئامادە بوو باجەکەی بدات. ئێمەش وەکو ئێوە  بۆ هەتا هەتایە شانازی بەو هەڵوێستەی مام عوسمانی قارەمانەوە دەکەین و سەرمان بەرز ڕادەگرین. ئەمڕۆ بەم کەرنەڤاڵە پڕ لە شكۆ و هاودڵییە مەزنە، کە بۆ ماڵئاوایی و ستایشی سیمبولە هەمیشە زیندووەکەمان - مام عوسمان- بەڕیوە چوو، پیاوێک کە تا خولەکی کۆتایی تەمەنی، بە ئەندازەی نوکە دەرزیەک دودڵی نەنواند لە پێداگری لەسەر پەیامەکەی سەردەشتی جگەرگۆشەی، نیشانی داین کە گڵکۆی خەبات دژی چەوسانەوە بە تیرۆر و پیلانی ڕیسوا ناکوژێتەوە.
لە 2026-11-09 دا مام عوسمان جەستەی ساردی سپاردە خاک، بەڵام ناوی لە دڵی مێژووی خەباتی چەساوەکاندا بۆ هەمیشە وەک چیا ڕاوەستاو و بڵند دەمینێتەوە. ئەو بە کردوە سەلماندی کە نە بە هەڕەشە و نە بە ڕشوە، نە بوو بەو بێدەنگەی کە ستەمکاران دەیانویست، و نە هێڵە سورەکانی ڕاستگۆیی و مرۆڤدۆستی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بۆ هیچ هێزێک بەجێهێشت.
کاتێک ستەمکاران لە دوای تیرۆرکردنی دڕندانەی سەردەشتی ڕووناکبیر، ویستیان بە ئاگری هەڕەشە و تۆقاندن دەنگی ئازایانەی ئەم باوکە جگەرسوتاوە بخنکێنن، کاتێک ویستیان بە کردنەوەی دەمی خەزێنەی پڕ لە گەندەڵی و تاڵان، ویژدانی ئەم پیرە جەنگاوەرە بکڕن، مام عوسمان وەک شاخێکی سەربەرز ڕاوەستا و هەردو دیوی ئەم ستەمکاریەی ڕیسوا و نابوت کرد. بەم جۆرە بە ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە وتی ئێوە خەیاڵتان خاوە، ژیانی مرۆڤ و ئازادیی قەڵەم بە پارە و هەڕەشە ناگۆڕدرێت و چۆک بۆ ستەمکارانی زاڵم دانادات.
ئەو نە چۆکی دادا، و نە سڵەمییەوە و نە کۆڵی دا. مام عوسمان فێری کردین کە ستەمکاران دەتوانن جەستەی مرۆڤی ئازادخواز تیرۆر بکەن و بیشکێنن، بەڵام ناتوانن ئیرادەی خەباتکارانەی بشکێنن و ملکەچی بکەن. ئەو بوو بە مۆمێک کە ڕێگای خەباتی دژی زۆرداری و ستەم لەم کۆمەڵگەیەدا ڕۆشن دەکاتەوە.

ئازیزان!
ئێمە وەک خانەوادەی مام عوسمان و سەردەشت عوسمان، لە بەرامبەر ئەم هەموو خۆشەویستی و سۆز و هاوخەمییە مەزنەی ئێوەدا، سەری ڕێز دادەنەوێنین. ئەمڕۆ کۆچکردنی مام عوسمان تەنها بەسەرچوونی قۆناغێک نەبوو، بەڵکو دەستپێکی نوێبوونەوەی متمانە بوو بە خەباتی پاک و بێگەرد و لە بن نەهاتوی خەڵکی کوردستان، کە بە ستەمکارانی نیشان دا ئەم خەڵکە ئازادیخواز و ستەمیدەیە هەرگیز کۆڵ نادەن.
با ئەم کەرنەڤاڵە، ببێتە وێستگەیەک بۆ بەهێزترکردنی سەنگەری بەرگری لە مافەکانی چەوساوەکان و ئەو ئازادیی  بیروڕایەی سەردەشت و مام عوسمان لە پێناویدا قارەمانانە ڕاوەستان و جەنگین و قوربانیان دا. با نەفرەت لە هەموو ئەو هێز و کۆمپانیا سیاسییانە بێت کە دەستیان بۆ سەر گیان و ئازادیی مرۆڤەکان درێژ کردووە. با بزانن کە قەڵەمی ئازاد و بیری ڕەخنەگرانە هەرگیز نامرن و هەمیشە ڕێگای تاریکی ستەمکاران تێک دەشکێنن.
ئێمە بە ڕاوەستاوی باوکی ئازیزمان و بەم کەرناڤاڵەی مەزنەی ئێوە کە بۆ ڕێزگرتن لەو و لە پەیامەکەی سەردەشت نمایشتان کرد، سەرمان تا بەرزترین ئاست بەرز ڕادەگرین و شانازی بە هەموتانەوە دەکەین.

لە کۆتاییدا ئەوەش دەڵێین، باوکمان ١٦ ساڵ لەیەکەم رۆژی تیرۆری سەردەشتەوە، داخێک و خەمێکی گەورەی هەبوو،لەماوەی ئەو ١٦ ساڵە، هەم داخەکەی گەورەتر بوو هەم خەمەکەی. داخی ئەوەی کە کوڕێکی رۆژنامەوان وگەنج و رەخنەگری ناعەدالەت و دژی گەندەڵی، بەدەستی جەلاد و تیرۆرستان و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە بە ئاشکرا و  بە رۆژی رۆشن تیرۆرکرا، تاکو ئێستاکەش بەئاشکرا دەسوڕێنەوە و بە ئاشکرا هەموو رۆژێ دەیانبینین. ئەوە داخێکی زۆر گەورەی باوکم بوو. خەمە گەورەکەشی ئەوەبوو، چۆن تاوانباران، جەلادان و تیرۆرستان راپێچی دادگا بکرێن و بە سزای عادیلانە بگەیەندرێن. ئەمرۆ باوکم لە نێواماندا نەماوە ئەو داخ و خەمەی هەیبوو ئەمڕۆ لای ئێمەیە، ئەو داخ و خەمەی کە ١٦ ساڵ گەورەیکرد، بۆ ئێمەی بەجێهێشت بۆ خانەوادە و بۆ خەڵکی ئازادیخوازی کوردستانی بەجێهێشت. 
ئەمڕۆ ئێمە هەڵگری هەمان هەناسەی باوکم، هەمان هەناسە و وویست و خەم و داخەکەی ئەوین. ئەمڕۆ پەیامی سەردەشت و خەم و داخە گەورەکانی باوکم هەموو ئەوانە ئێستا لەباوەشی ئێمە دایە، بەڵێن بە باوکم بەڵێن بەخوێنی سەردەشت، هەموو ئەو پەیامانەی کە لەلایەن باوکم و سەردەشتەوە بوو لەماوەی ١٦ ساڵی رابردوودا. ئەمڕۆ ئێمە بەبەرزی رایدەگرین. ئەوە بانگەوازێکە بۆ ئێوە و بۆ خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان، هاوبەشی هەمان پەیام و خەم و داخی مام عوسمان و خانەوادەکەی بن.
کۆچی باوکی ئازیزمان دەبێتە دەستپێکێکیتربۆ بە ئەنجام گەیاندنی ویستی مام عوسمان و سەردەشت ، بۆ کۆتایی بە چەوسانەوە، کۆتایی بە زوڵم و زۆرداری، کۆتایی بە تیرۆر و تاریکی و دەسەڵاتی جەلادەکان.

بژی دەنگی ئازاد و قەڵەمی پڕ لە ڕووناکی سەردەشت!
بژی ئیرادەی پۆڵایین و نەپساوەی مام عوسمان!
سوپاس و ستایش بۆ خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان و هەر بژین!

خانەوادەی مام عوسمان و سەردەشت عوسمان
١٥/١١/٢٠٢٦

 

powered by social2s


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا