
کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان بە توندی ئیدانەی سەرجەم ئەو پێشێلکارییانە دەکات کە بەرامبەر بە کەمئەندامانی سەنگەر دەکرێت. ئەم توێژە تێکۆشەرە کە بە «شەهیدی زیندوو» هەژمار دەکرێن، لەپێناو پاراستنی خاک، نیشتمان، شەرەف و کەرامەتی گەلەکەماندا چاو، دەست، قاچ و ئەندامانی لەشیان بەخشیوە.
بەداخەوە، لە ئێستادا ئەم ئازیزانە بەدەست دواکەوتنی مووچەکانیانەوە دەناڵێنن و مووچەی مانگەکانی (١٠، ١١، ١٢)یان پێنەدراوە. ڕۆژانەش لەبەردەم بانکەکاندا بێوەڵام دەمێننەوە و دەسەڵات گوێیان پێ نادات.
ئەمە لە کاتێکدایە کە دەبوو ڕێزی زۆر زیاتریان لێ بگیرێت و خزمەت بکرێن، نەک وەک بەشێک لە سیاسەتی برسی کردن، تووشی ئەم دۆخە بکرێن.
کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی حزبی شیوعی کوردستان، ئەم بێباکییە دەخاتە سەر سەدان تاوانی تری دەسەڵات بەرامبەر بە میلەتەکەمان.
داواکارین لە دەسەڵاتدارانی هەرێم:
بێن بەدەم داواکارییەکانیان و بە زووترین کات مافە ڕەواکانیان جێبەجێ بکەن.
کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی حزبی شیوعی کوردستان