بەپێی ووتەی بەرپرسان و میدیای دەسەڵات ئەمڕۆ سێ شەممە هەرێمی کوردستان 120 ملیار لە داهاتی ناوخۆ ڕەوانەی بەغدا دەکات،بەووتەی وەزارەتی دارایی بۆ ناردنی ئەم بڕە پارەیە ئێستا ئەوان لە کاتژمێری سفڕدان.
هەر ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوەو چاوەڕوان دەکرێت بڕیار لەخەرجکردنی مووچەی مانگ 8ی هەرێمی کوردستان بدرێت.
بەڵام لەحاڵەتێکدا ئەمڕۆ بدیاریش بدرێت لەخەرجکردنی مووچە ئەوا ئەم هەفتەیەش مووچە ناگات و بەغدا کۆمەڵێک پاساوی هەیە بۆ نەناردنی،لەوانە ڕێکارەکانی خەرجکردن ، نەبونی پارەی نەختینە،دابەشکردنی مووچەی مانگی 10ی عێراق.
جگە لەمانەش هەرێمی کوردستان بە دواخستن و نەناردنی 120 ملیار دینار داهاتی ناوخۆ زیاتر ناردنی مووچەی لە بەغداوە دواخست،کە بەپێی ووتەی وەزیرە کوردەکانی بەغدا،محەمەد شیاع سودانی دوو هەفتە پێش ئێستا ڕەزامەندی پێدابوون،لەدوای ناردنی 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ دەستبەجێ مووچەی مانگی 8 خەرج دەکەن.
لەکۆتایی مانگی 10 نزیکبوینەتەوە کەچی هێشتا پێنچ مووچەی ئەمساڵی مووچەخۆرانی هەرێم ماوە دابەش بکرێت،بەڵام پێ ناچێت سەرجەم ئەم مووچانە بدرێت،چونکە بۆ ناردنی هەر مووچەیەک پێویستە هەرێم 120 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ ڕەوانەی بەغدا بکات. کە کۆی گشتی دەکاتە 600 ملیار دینار ،ئەمەش لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە ئەستەمە ڕەوانەبکرێت بۆیە 2 تا 3 مووچەی ئەمساڵ لەبەردەم مەترسی لەناوچوندایە.