هەڵكەوت محەمەد
گرفتی بیرکردنەوەی بە کۆمەڵی خەڵک و نەزانیی (جهل) تاک تەنیا لە دەنگدەران و کڕیارەکانی بازاڕە گەورەکاندا نییە، ئەگەرچی ئەو گرفتە زۆرتر لە جیهانی سەرمایەدارییدا هەیە، بەڵام لە زۆر شوێنی دیکەی جیهان کەم و زۆر هەر هەیە. دەکرێ سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیا گەورەکانیش بگرێتەوە. ئەو کۆمپانیایانە و سیاسەتمەدارانەی ئەو کیشەیەیان هەیە، لەوانەیە ڕاوێژکار و دەزگەی هەواڵگریی دەسەڵات فراوان و پەل و پۆ هاویشتوویان هەبێ، بەڵام مەرج نییە بارودۆخ و کۆی کێشەکان باشتر بکات. کاتێک سەرۆکایەتیی وڵاتێک یان گەلێک دەکەی، دۆزینەوەی ڕاستییەکان زۆر قورسن. سەرت زۆر قاڵە بۆیە ناتوانی بەدوای ڕاستییدا بگەڕێی. ڕاستییەکان لە دەمی ئەم و ئەو، ڕاپۆرتی هەواڵگریی و بۆچوونیی کەسیی تێدا دەبێت، بڕیارەکانت لەسەر ئەو بنەمایانە دەبێت. لە هەرشوێنێک کەلێنێک لە ڕاستییەکاندا هەبێ، بڕیارەکانت هەڵە دەردەچن، یان بۆ خەڵک زیانی لە سوود زۆرتر دەبێ. لە برسیەتیی مەزنی چین، زانیاریی نا دروست بوو لە دوو ساڵدا ٥٠ میلیۆن کەسی کوشت.
زۆربەی سەرۆکە سیاسییەکان و سەرۆکی دامەزراوە بازرگانییەکان بەردەوام لە ڕاکردندان. ئەگەر بیانەوێ بە ناخی هەر باسێکدا بچنە خوار زۆر کاتیان دەوێ تا دەگەنێ، نەک هەر ئەوە دەبێ توانای ئەوەیان هەبێ کاتی زۆر بە فیرۆ بدەن. ئەوان دەبێ بە چەند ڕیگەیەکدا بڕۆن تا بزانن بن بەست و ڕیگەی داخراو کامانەن و لە کوێدان. دەبێ چاوەڕوانی گومان و بێزاریی بن، ئینجا چاوەڕوانی دەنکە تۆوێک بن چەکەرە بکات و سەر دەربهێنێ. بۆیە ئەگەر کاتیان نەبی بە فیڕۆی بدەن، هەرگیز ڕاستیی نادۆزنەوە، ڕاستیی لای ئەوان بەو شێوەیەیە بۆیان دەگێڕدرێتەوە. کێ بۆیان دەگێڕێتەوە؟؟ ئەوانەی لەگەڵیاندا لە بازنەی یەکەمی پێوەندیدان، واتا کەسە زۆر نزیکەکانی خۆیان.
لە لایەکی دیکەوە، هێزی زۆر ڕاستییەکان دەشارێتەوە، یان ڕاستیی دەشێوێنێت. هەر هێز بۆ ئەوەیە ڕاستییەکان بگۆڕێت نەک بۆ ئەوە بێت ڕاستیی وەکو خۆی ببینی. ئەو کاتەی چەکوشت بە دەستەوەیە، هەرچی دەیبینی وادەزانی بزمارە. خۆ ئەگەر هێزی زۆرت هەبێت، ئەو کاتە لووتت لە هەموو شتێک هەڵدەقورتێنی. تەنانەت ئەگەر خۆشت نەتەوێت دەست لەم شت و ئەو شت وەردەی، خەڵکی دەورووبەرت هەر بە هەمان چەکوش بەدەست، دەتبینن. هەرکەسێک لەگەڵت دەدوێت لە هەست و نەستی خۆیدا بەرنامەکەی بەو چەکوشەی دەستتەوە بەندە. بۆیە ناکرێت باوەڕی تەواو بەوە بکەی کەسانی دەورووبەرت پێت دەڵین. هیچ سوڵتان و سەرۆکێک ناتوانێت باوەڕ بە هەموو شتێکی دارودەستەکەی بکات و چاوەڕوان بێت ئەوان ڕاستیی پێ بڵێن.
بۆیە دەسەڵات و هێز وەکو کونی ڕەشی گەردوون وایە. هەر زانیارییەک لێی نزیک دەبێتەوە، دەشێوێت. هەرچەندی لێی نزیکتر دەبێتەوە، ئەوەندە ڕاستییەکان شێواوتر دەبن. هەر وشەیەکی کەسێک دەیدرکێنی بەرەو خوولگەیەکی نزیکتر لەچەق دەیبا. هەمووی دەیەوێت سەرۆک زەردەخەنەی بداتێ، سڵاوی لێ بکات و شتێکی لێ بەدەست بهێنێت. هەموو دەوروبەری دەزانن تەنیا یەک دوو خولەکی هەیە بیداتێ، بۆیە دەترسن شتێک بڵێن لە جێی خۆیدا نەبێت، لەبەرئەوەیە یان دروشمێکی بەتاڵ دەڵێنەوە، یان شتی بێ سوود دەڵێن.
ڕاستیی، دوور لە چەقی دەسەڵاتەکاندا هەیە. بۆ گەڕان بە دوای ڕاستییدا دەبێت لە چەقی هێز دووربی و کاتی زۆر بە فیڕۆ بدەی تا زۆرتر لە راستیی نزیک دەبییەوە. هەموو ئەو بیرۆکانەی گۆڕان و شۆڕشی نوێ دروست دەکەن، دوور لە چەقی هێز گەشە دەکەن. چونکە هێز لەو شوێنانە لەسەر بنەمای زانیاریی دیکە پێی داکوتاوە. زانیاریی نوێ بۆ ئەو جۆرە هێزە بێ کەڵکە. هەر لە ڕێگای ڕۆیشتن بەرەو چەقی هێز ئەو زانیارییانە لە بێژنگ دەدرێن، ئینجا پوختەیەکی شێواوی ڕاستیی دەدرێتە دەست بەرزترین دەسەڵات. مەرج نییە هەموو بێژنگەکان هەردەم زانیاریی بەسوود لاببەن، هەیە بێژنگی بەسوودە و کۆمەڵێک زانیاریی لابەلا و بێ سوود لادەبەن.
بۆ نموونە، کێ لەوانەی دارودەستەی پوتین و خامەنەئین دەتوانن لە کۆبوونەوەیەکی ئاساییدا دەردی دڵی خۆیان باس بکەن، دەکرێ هەبێ هیچ دەردەدەڵی نەبێ، بەڵام سروشتی ئەو دەسەڵاتانە وایە هەموو بڕیارەکان لە تاکە کەسێکەوە دەردەچێت و کەس ناتوانێت دژی بێت. بۆیە ئەگەر گرفتێکیشی هەبێت ناتوانێت بیدرکێنێت، جگە لە پێداهەڵدان و دەستخۆشی لە بڕیاری حەکیمانە و سەرۆکایەتیی وڵات و پاراستنی دژی پیلانی دوژمنان، شتێک نامێنێت باس بکرێت. هەر ئەوە سروشتی دیکتاتۆرەکان و سیستەمەکەیانە. هەرچەندی ئەوە ڕوودەدات، دکتاتۆر گۆشەگیر تر دەبێت و کەمتر زانیاریی ڕاستی پێ دەگات. لەو بارانەدا هەرگیز دکتاتۆر بەتەنیا تاوانبار نییە، دارودەستەکەی بەشێکن لە دکتاتۆربوونی. ئەگەرچی ترامپ لە وڵاتێکی دیموکراتە، بەڵام هاوشێوەی دوو نموونەکەی سەرەوە، کەس بۆی نییە دژی بێت.
سەرۆکەکان لە نێوان دوو بەرداشدان، ئەگەر لە ترۆپکی دەسەڵات و هێز بمێننەوە ئەوا جیهانێکی تەواو شێواو دەبینن، بەڵام بۆخۆیان نازانن دیدیان بۆ جیهان، شێواوە. خۆ ئەگەر لە دەسەڵات بێنە دەر و بەدوای ڕاستییدا بگەڕێن، ئەوا کاتی زۆریان بە فیڕۆ دەڕوات. مەرج نییە پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیا و شارستانیی مرۆڤ هیچ لەو گرفتە باشتر بکات. مرۆڤەکان، جا ئایا سەربازێکی ئاسایی بن یان پاشا و سەرۆک، هەتا دێت لە چۆنییەتی بەکارهێنانی زانیارییەکانی جیهان، ڕەوتی ئابووری و سیاسەتی نیودەوڵەتی، دوورتر دەکەونەوە.
مەترسیی لە نەگەیشتنی ڕاستی بۆ چەقی دەسەڵات ئەوەیە دادپەروەری نامێنێ. ئەگەر وێنەکانی دەگەیەندرێنە خاوەن بڕیار و سەرۆک شێواو بن، ئەی کوا دادپەروەری و چۆن مافەکان دابین دەکرێن؟