
ڕزگار عومەر
کەنەدا لە دۆخێکی بژێوی وادایە کە دابەزینێکی بەرچاو لە خۆشگوزەرانی و بەختەوەری هاووڵاتیانیدا بەخۆیەوە دەبینێت، لە ڕاپۆرتی بەختەوەری ساڵی ٢٠٢٥دا کەنەدا لە ئاستی جیهاندا بۆ پلەی ١٨ دابەزیوە ، کە نزمترین پلەیە لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا.
ئەم دابەزینە ڕەنگدانەوەی کێشە کەڵەکەبووەکانی کۆمەڵایەتی و ئابووریە، دیارترینیان قەیرانی نیشتەجێبوون و زیادبوونی فشاری دەروونی لەنێو چینەکانی کۆمەڵگە بە تایبەتی لە نێو گەنجاندایە.
خۆشگوزەرانی کەنەدییەکانی خوار تەمەنی ٣٠ ساڵ بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، کەنەدا لە پلەی ٥٨ی جیهانیدایە بۆ گەنجان، بە بەراورد بە پلەی هەشتەم بۆ ئەوانەی تەمەنیان لە سەرووی ٦٠ ساڵەوەیە، ئەمەش جیاوازییەکی بێ وێنەی نەوەکانی ئاشکرا دەکات.
ئەم دۆخە؛ بە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ گرانیی تێچوی ژیان و کرێی ماڵ و شوێنی نیشتەجێبوونە، کە زیاتر لە یەک لەسەر سێی داهاتی هاووڵاتیان لە شارە گەورەکاندا بۆخۆی دەبات، ئەمەش وایکردووە دامەزراندنی خێزان پەیوەندی کۆمەڵایەتی درێژخایەن و نیشتەجێبوونی درێژخایەن بۆ گەنجان ببێتە جۆریك لە خەونێکی دوور.
قەیرانەکە تەنها لە ئابووریدا سنووردار نیە. گۆشەگیری کۆمەڵایەتی و تەنیایی خراپتر بووە، بەتایبەتی لەنێو کەسانی بەساڵاچوو و کۆچبەران، لەکاتێکدا نیگەرانییەکانی کەشوهەوا زیاتر هەستی دڵەڕاوکێ لەنێو نەوە گەنجەکاندا زیاد کردووە.
کیوبیک کە هێشتا لە لوتکەی پێوەرەکانی بەختەوەری ئاستی نیشتمانی کەنەدا ماوەتەوە، ئامارەکان جەخت لەوە دەکەنەوە شوێنی نیشتەجێبوون و کوالیتی سیاسەتە ناوخۆییەکان، ئێستا هۆکاری چارەنوسسازن بۆ پێوەرەکانی خۆشگوزەرانی کەنەدییەکان و هەستکردنیان بە ئاسایش و ڕەزامەندی لە ئیستا و لەداهاتوودا.