
شۆڕش
شیعەی سۆشیالیست؛ لە گوڵسورخی تا مەمدانی
٥ دەیە لەمەوبەر "خوسرەو گولسورخی" شۆڕشگێڕی ماڕکسی-لینینیی ئێرانی لە دادگەی ڕژێمی دەستنیشانکراوی پاشایەتیی ئێران، بەم وتەیەی "ئیمام حوسەین" «إِنَّ الْحَیاەَ عَقیدَەٌ ۆجِهادٌ» [بە واتای: بێگومان ژیان بیر و باوەڕە و تێکۆشان لە پێناوی] داکۆکی لەخۆی کرد و لە درێژەی پارێزنامەکەیدا وتی: «من وەکوو ماڕکسی-لینینییەک، بۆ یەکەمجار دادپەروەریی کۆمەڵایەتیم لە قوتابخانەی ئیسلامدا بەدی کرد». بەڵام ئەمڕۆ لە پاش ٥٣ ساڵ لە سێدارەی گیانبەختکردوو "گوڵسورخی"، شارەوانە نوێیەکەی نیۆیۆرک پەنجە لەسەر ئەو شوێنەوارە دادەنێت و «ئیلهام لە ئیمام حوسەین» دەهێنێتە ناو گۆڕەپانی خەباتی سیاسیی خۆیەوە.
شارەوانی نوێی نیوویۆرک کێیە؟
"زەهران قەوام مەمدانی" ئەو ناوەیە کە لەم ڕۆژانەدا باسێکی زۆری لەسەر دەکرێت. لە دوایین هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ئەم ناوە جەنجاڵی نایەوە و یەکێک لە دەگمەنترین ڕووداوەکانی مێژووی سیاسەتی ئامریکای هێنایە ئاراوە. بۆ یەکەمجار لە مێژوودا پلەیەکی حکوومی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان بە پەنابەرێکی سۆشیالیست، سۆشیالیستێکی موسوڵمان، وە موسوڵمانێکی شیعە گەیی!
"زەهران مەمدانی" براوەی نوێترین هەڵبژاردنی شارەوانی لە شاری نیوویۆرکە، کە بڕیارە لە ساڵی نوێی زایینییەوە بە فەرمی لەسەر کارەکەی دابمەزرێت. لەدایکبووی ١٩٩١ لە ئووگاندا، لە بنەماڵەیەکی موسوڵمانی بەڕەچەڵک هیندییە. دواتر بۆ وڵاتی ئامریکا کۆچی کردووە و لە بەرەی یەکەمی نەوەیەکی پەنابەر لە ئەژمار دێت، کە ئەمە لە تایبەتمەندییە سەرنجڕاکێشەکانی هەڵبژاردنی ئەوە، وەکوو پەنابەرێک لەم پلەیەدا.
"مەمدانی" وەکوو بەربژێری پارتی دێمۆکڕات لە بەرامبەر ڕەکابەری پارتی کۆماریخواز، "ئەندرێڤ کۆئۆمۆ" بە کۆی دەنگی ٥٠٫٤ لە هەڵبژاردنی شارەوانیی نیوویۆرکدا سەرکەوت. ئەم سەرکەوتنە لەحاڵێکدا بوو کە ڕەکابەرە کۆماریخوازەکەی لە لایەن "دۆناڵد تڕەمپ" سەرۆککۆماری ئەم وڵاتە و بەشێکی بەرچاو لە بۆرجوازیی نیۆیۆرک پاڵپشتی لێدەکرا.
هەڵوێستەکان؛ «سەرکەوتنی ئومێد» تاکوو «کۆمۆنیستی دێوانە»
هەر لەم پەیوەندەدا، ئاکامی هەڵبژاردنەکە و سەرکەوتنی ئەم «کۆمۆنیستە دێوانە»یە "تڕەمپ"ی تووڕە کرد و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی خۆی "تروش سۆشیال" ڕایگەیاند: «باوەڕ ناکەم کە ئەم ڕووداوە قەوماوە. بە هەر چەشنێک ئەوە کارەساتێکە بۆ وڵاتەکەمان. ئەو[مەمدانی] کۆمۆنیستە و بۆ نیۆیۆرک زۆر خراپ دەبێت. بەڵام لە باقی شوێنەکانی وڵات، مەسەلەکە جیاوازە و لە دژی ئەم ڕەوتە دەوەستنەوە». هەروەها بۆشایی بوونی خۆی و لایەنەکەی بە هۆکاری دەرەنجامی هەڵبژاردنەکە خەسارناسی کرد. جەختیشی کردەوە کە بە نیسبەت ئەم ڕووداوە، مەیلێکی بۆ تەرخانکردنی ڕێژەی سەروو لە دابەشکردنی بوودجەی وڵات، بۆ نیوویۆرک نامێنێت.
هەروەها بەهۆی هەڵوێست و دژایەتییەکانی "مەمدانی" بۆ سیاسەتی شەڕخوازانەی ڕژێمی زایۆنیستی، یەکێک لەم مۆرکانەی ئاراستەی دەکرێت، «ئانتی-جوو»بوونە. بەم حاڵەوا ئەژمارێکی بەرچاو لە جووەکانی نیوویۆرک لە دژی سیاسەتە دژە-مرۆییەکانی "بینیامین نیتانیاهۆ" سەرۆکوەزیرانی هەنووکەی ڕژێمی زایۆنیستی، پاڵپشتیی گەرمیان لەم بەربژێرە کرد. لە کاتی ڕاگەیاندنی دەرەنجامی هەڵبژاردنەکە، جووەکانی ئەم شارە هاتنە شەقامەکان و بە دروشم و پلاکاردی «پیرۆزبایی لە نیۆیۆرک» و «زۆهران مەمدانی، دۆستی جووەکان» خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕی.
لە بەرامبەردا دەسهەڵاتدارانی ڕژێمی زایۆنیستی، هەڵوێستێکی خەفەتبارانەیان لە بابەت دەرەنجامی هەڵبژاردنە ڕاگەیاند. "ئیتامار بێن گوێر" وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی کە ڕاستێکی توندئاژۆیە، سەرکەوتنی "مەمدانی" بە «زاڵبوونی ئانتی-جوویزم بەسەر عەقڵی سەلیم» ناو برد. هەروەها "نیتانیاهۆ" لەم لێکەوتەیە، داوای «گەڕانەوەی جووەکانی نیۆیۆرک بۆ ئیسڕائیل»ی ئاراستەی هاوئایینەکانی کرد.
"سادق خان" شارەوانی لەندەن،کە هەم هاوئایین و هاوباوەڕی مەمدانی'یە -واتە چەپ و ئەندامی پارتی کرێکاری بڕیتانیایە-، هەمیش لە شێوەی ئەو پەنابەرێکە کە بەو پلە سیاسییە گەیشتووە، پیرۆزبایی ئەم سەرکەوتنەکەی لە ناوبراو کرد و بە «سەرکەوتنی ئۆمێد» ناوی هێنا.
سیمای پێشکەوتنخوازی مەمدانی
ئەگەرچی شارەوانە نوێیەکەی نیوویۆرک بە ڕەچەڵەک موسوڵمانە، بەڵام ڕوانگەی ئیسلامی یان پێچەوانە لەگەڵ بنەماکانی سکۆلاریزم لە سیاسەتکردنیدا بەرچاو ناکەوێت. بەڵکوو خۆی بە سۆشیالیستێک پێناسە دەکات و ئەندامبوونی لە ڕێکخراوی سۆشیالیستەکانی دێمۆکڕاتی ئامریکا(DSA) دەرخەری ئەو بابەتەیە. هەروەها لە یەکێک لە وتاربێژییەکانیدا یادی لە "یووجین ویکتۆر دێبز" کرد، کە یەکێک لە ڕێبەرانی بزووتنەوەی کرێکاری و سەندیکایی ئامریکا بوو لە سەدەی نۆزدەهەمدا.
"مەمدانی" یەکێک لە دژبەرە سەرسەختەکانی سیاسەتە دژە-پەنابەرییەکانی دەوڵەتی "تڕەمپ"ـە و ڕەخنەیەکی جیددی لەو ڕەهەندەدا ئاراستەی دەکات. هەروەها بە شێوەی ڕاستەوخۆ پاڵپشتیی خۆی بۆ مافی کەمینە زایەندی و سێکسییەکان (+LGBTQ) و پەنابەران دەردەبڕێت.
بەشێک لە بەڵێنە سەرەکییەکانی "مەمدانی" لە پیلانی بەڕێوبەریی شارەوانیدا بریتین لە:
- ڕاگرتنی ئاستی نرخی کرێماڵ
- دابینکردنی باغچەی ساوایانی بێبەرامبەر
- دابینکردنی باس(ئوتووبووس)ی ناو شاری بێبەرامبەر
کە بنچینەی ئەم پیلانانە، هەڵگری جەوهەرێکی سۆبیالیستین و بەکردەوەکردنیشیان کارێکی ئەستەم و لە دەسهەڵاتی شارەوانی بەدەر نییە. هەربۆیە لە لایەن چاودێرانەوە، ئاسۆی هەندێک گۆڕانکاریی سۆسیالیستی لە سیاسەتی پانتایەکی سنووردار، بەڵام کاریگەر لەناو جەرگەی فێندانسیۆنی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا چاوەڕوان دەکرێت.
گرینگیی ئەم سەرکەوتنە چییە؟
نیوویۆرک بە حەشیمەتی پتر لە ٨ و نیو ملیۆن کەس، گەورەترین شاری ویلایەتە یەکگرتووەکانە و لە ڕیزی گەورەترین گەورەشار(کلانشهر)ـەکانی جیهاندایە. هەروەها لە ڕەهەندی ئابووریشەوە بە ناوەندی ئابووری ئەم وڵاتە لە ئەژمار دێت. بەهۆی ئەم بنەمایانە نیوویۆرک لە گرینگترین و کارتێکەرترین خاڵەکان لە یەکلاییکردنەوەی هەڵبژاردن لە ئەژمار دێت. هەربۆیە دەکرێت دەرەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانیی نیوویۆرک، هەڵقوڵاوی ناڕەزایەتییەکان بۆ سیاسەتە توندئاژۆکانی تڕەمپ لە بوارەکانی ئابووری و پەنابەری بێت و دەشێت پێشبینیی داکشانی ڕێژەی ڕەزامەندیی کۆمەڵگای ئامریکا لە دەوڵەتی تڕەمپی لێبکرێت.
سەرچاوە:
ڕادیۆ فەڕانسە RFI، دۆیچێوێڵێ، BBC، ڕۆژنامەی "سازندگی"