بڕیار عەبدولڕەحمان
هەڵبژاردن بە یەکێک لە بنەما گرینگ و سەرەکییەکانی دیموکراسی دادەنرێت، پڕۆسەیەکی گرنگ و کاریگەرە و گۆڕانکاری دروست دەکات. هەڵبژاردن ناوەڕۆکی دیموکراسیەتە و ئەو دەرفەتەیە کە هاووڵاتی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە ڕۆڵ و کاریگەری تەواویان لە سەر کۆی پڕۆسەکە دەبێت، بە مەرجێک هەڵبژادنێکی پاک بێت و ساختەکاری تێدا نەکرێت. ئەو پڕۆسەیە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دی گۆڕانکاری بەسەردادێت. وڵاتانی دیموکراسی بە بەراورد بەو وڵاتانەی گەشەی دیموکراسی تێیاندا لاوازە، ئازادانەتر و پرۆسەکە پاک و تەندروسترە. سیستەمی هەڵبژاردنی هەر وڵاتێکیش جیاوازە لەوەی دی و بەپێی یاساکانی ئەو وڵاتە دەگۆڕێت.
بە پێی هەموو پێوەرەکان دەنگدان ئەرک و مافە و هاووڵاتی مافی بەشداریکردن و هەڵبژاردنی نوێنەری خۆی هەیە، ئەوەی بەشیاوی دەزانێت دەنگی پێدەدات، نوێنەرەکەش پێویستە داخوازییەکانی جێبەجێ بکات و بە دوای بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیەوە نەبێت، لە ئاست حەز و هیوای هاووڵاتی دابێت و داکۆکیکاری ڕاستەقینەی ماف و داخوازییەکانی بێت.
ئەگەر کوردستان بە نموونە وەربگرین ئەوەی دەیبینین جۆرێک لە بێمتمانەیی بە هەڵبژاردن لای تاک هەیە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی گۆڕانگارییەکی ئەوتۆ نابینێت، دەیان کێشە و گیروگرفت ڕووبەڕووی بوونەتەوە، لەو حاڵەتەدا باوەڕی بە کۆی پرۆسەکە لاواز ئەبێت. بەڵام لە هەمان کاتیشدا هێشتا هەر بەشداری تاک لە هەڵبژاردن زەڕورەتە، بەتایبەتی لاوان بەدەنگەکانیان دەتوانن گۆڕانگاری گەورە دروست بکەن.
لە دواین هەڵبژاردن کە ٢٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ بەڕێوەچوو لەگەڵ ئەوەی بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی پێشوو ڕێژەیەکی زیاتری دەنگدەر بەشداری کرد، بەڵام ئەوەی بەشداریشی نەکرد نزیکەی ملیۆنێک دەنگدەر بوو. ئەو ژمارەیە لە دەرەوەی حزبەکانن بە هۆکاری جیاواز بەشداریان نەکرد، یاخود باوەڕیان بە هەڵبژاردن نییە، ئەمە جگە لەو ژمارە زۆرەی بایۆمەتری دانگدانیان نەکردووە. ئەو ڕێژەیە بەشداری کردبا بە دڵنیاییەوە ئەنجامەکان بە شێوەکی تر ئەبوو.
بەجۆرێک لە جۆرەکان هاووڵاتی ئازادە لە دەنگدان، بەڵام بوونی سەختەکارییەکی بەربڵاو لە هەڵبژاردنەکاندا بێئومێدی لای تاک دروست دەکات، ساردی دەکاتەوە لە بەشداریکردن. هەمیشە ئەو ڕستەیە دووپات دەکاتەوە "خۆ ئێمە بەشداری بکەین یان نا هیچ کاریگەرییەکی نییە و دەنگەکانمان ئەفەوتێت " ئەمە بۆچوونێکی هەڵەیە، چونکە تا ڕێژەی بەشداری زۆرتربێت دەرفەتی ساختەکاری کەمترە، به پێچەوانەوەش ڕێژەی بەشداری کەم بێت دەرفەت بۆ ساختەکاری زۆرتر دەبێت.