
هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا بە مەبەستی تاوتوێکردنی ڕێکارە دەستوورییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار.
لە کۆبوونەوەکەدا بە جیا میوانداری شاندەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرا و گوێ لە بۆچوون و داواکارییەکانی هەردوولا گیرا سەبارەت بە پۆستی سەرۆک کۆماری داهاتووی عێراق.
چوارچێوەی هەماهەنگی لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا داوای لە پارتی و یەکێتی کردووە کە لەسەر کاندیدێکی هاوبەش ڕێکبکەون، بۆ ئەوەی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە ماوەیەکی کورتدا ئاسانتر بێت.
لایەنەکانی ناو چوارچێوە جەختیان لە گرنگیی یەکدەنگیی لایەنە کوردییەکان کردۆتەوە و داوایان کردووە ڕێککەوتنێک ئەنجام بدەن کە لەگەڵ وادە و مەرجە دەستوورییەکاندا بگونجێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، بڕیارە ئەمڕۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق سازبکرێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ و سەرۆکی هەڵبژێردراوی نوێ کاندید سەرۆک وەزیرانی گەورەترین هاوپەیمان ڕادەسپێرێت بۆ ئەوەی لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا حکومەت پێکبهێنێت، بەڵام زانیارییەکانی سپی ئاماژە بەوەدەکەن کە ئەگەر زۆرە کۆبونەوەکە ئەنجام نەدرێت.