
لە ژێر ڕۆشنایی ڕێککەوتنامەیەکی گشتگیردا، بڕیاردرا بە ڕاگرتنی تەقە لە نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لەگەڵ لێکتێگەیشتن لەسەر پڕۆسەیەکی یەکخستنی یەکتری بۆ هێزە سەربازی و کارگێڕییەکانی نێوان هەردوولا.
خاڵە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنامەکە:
کشانەوەی سەربازی: کشانەوەی هێزە سەربازییەکان لە خاڵەکانی بەریەککەوتن.
لایەنی تەناهی: چوونە ناوەوەی هێزەکانی ئاسایشی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ بۆ ناوەندی شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ، و دەستپێکردنی پڕۆسەی تێکەڵکردنی هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەکەدا.
پێکهاتەی سەربازی: پێکهێنانی فیرقەیەکی سەربازی کە سێ لیوا لە هێزەکانی سووریای دیموکرات لەخۆبگرێت، لەگەڵ پێکهێنانی لیوایەکی تایبەت بە هێزەکانی کۆبانێ لە چوارچێوەی فیرقەیەکی سەر بە پارێزگای حەلەب.
دامەزراوە کارگێڕییەکان: تێکەڵکردنی دامەزراوەکانی بەڕێوبەریی خۆسەر لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا، لەگەڵ جێگیرکردنی فەرمانبەرانی شارستانی.
مافە نەتەوەییەکان: ڕێککەوتن لەسەر چەسپاندنی مافە مەدەنی و پەروەردەییەکانی گەلی کورد و زامنکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان.
ئامانجی ئەم ڕێککەوتنە یەکخستنەوەی خاکی سووریا و بەدیهێنانی پڕۆسەی تێکەڵبوونی تەواوە لە ناوچەکەدا، ئەوەش لە ڕێگەی بەهێزکردنی هاوکاریی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان و یەکخستنی هەوڵەکان بۆ دووبارە ئاواکردنەوەی وڵات.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات
٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦