هاوڕێیان .. خێزان و خانەوادەی شەھیدان
پێشمەرگە دێرینەکان ، زیندانیانی سیاسی
میوانە ئازیزەکان
بە خۆشحاڵییەوە ئەمڕۆ لە ھەولێری پایتەختی ھەرێمی كوردستان ، بە وتاری مەكتەبی سیاسی حیزبی شیوعی كوردستان لەم مەراسیمە پڕشکۆیەدا بەشدار دەبم، مەراسیمی ڕێزلێنان لە دەیان كەس و كاری شەھیدان ، لە كۆمەڵێ ئافرەتی تێكۆشەر كە لە خەبات و تێكۆشاندا لاپەڕەیەكی پڕشنگداریان تۆمار كردوەو بەردەوامن لە ھەڵویستەكانیان و شانازی بە حیزبەوە دەكەن ، ئەوەی جێی شانازییە ئەو ھاوڕێیانەی لێرە خەڵاتدەكرێن ئەو هاوڕێ ئافرەتە تێکۆشەرە خاوەن قوربانی و گیان فیداکارانەن کە بەخوێن و قوربانیدان و چەک وپێشمەرگایەتی لە ڕیزەكانی حیزبماندا و بێ سڵمینەوە لە ڕژێمی بەعس و نەیارانی گەل و نیشتمان ، وەکو سیمبۆل و ڕەمزی خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتیی دژی هەڵاواردنی ڕەگەزی و چەوساندنەوەی چینایەتی تێکۆشاون.
بۆیە وێڕای سوپاس پێزانینمان بۆ ھاوڕێیانمان لە مەڵبەندی ھەولێری حیزبمان كە ئەركیكی پڕ بایەخیان جێبەجێكرد و ئەم مەراسیمە پڕشکۆیەیان ئەنجامدا ،
جەخت لەوە دەکەمەوە کە بەشدارییەمان لەم بۆنە گرنگە ،بەشداریە لە یادكردنەوەی پۆلێک شەھیدی شیوعی و ژنە تێكۆشەری ڕۆژانی خەبات و تێکۆشانی پێشمەرگایەتی کە ڕۆڵەکانیان لە داستانەكانی ڕووبەڕوو بونەوەی دوژمنانی حیزب و گەل گیانیان بە خشی ، ئەم تێکۆشەرانە قوربانیاندا لە پێناو حیزبێك كە مافی ئینسان و داد پەروەری و یەكسانی و نیشتیمان پەروەری و داكوكیكردن لە كریكاران و زەحمەتكێشان و ھەژاران ، بنەمای ئامانجی بەرنامەكەیەتی.
ژیانئاوای ئەم تێکۆشەرانە و خەبات و تێکۆشانیان لە قۆناغ و هەلومەرجە جیاوازەکاندا دەمانباتەوە سەر ئەو ڕاستیەی کە ئەمانە وەک ڕۆڵەی شارێکی سەر مەشقی تێكۆشان و ھەولێرەكەی جەماڵ حەیدەری و نافیع یونس و مەلاشریف و عەزیز محەمەد و دەیان سەركردەو فەرماندە كە هەمیشە لە سەنگەری پێشەوەی تێکۆشاندا بوون و بێسڵکردنەوە لە مەرگ لە کۆڕی تێکۆشاندا ببونە چقڵی چاوی نەیارانی گەل و نیشتمان و ڕووبەڕووی دژواریەکان دەبوونەوە ، ئەم پۆلە لە كەس و كاری شەھیدان و ژنانی تێكۆشەر كە خەڵات دەكرێن ڕۆڵەی شاریك و ناوچەیەکن لە هیچ کات و سەردەمێكدا دەستبەرداری شۆڕش و قوربانیدان نەبوونە و بەردەوام بوونە لە شۆڕش و ڕاپەڕینەکاندا و بۆ گیان فیدای و سەرکەوتنی خواستەکانی گەلەکەمان لە پێشی پێشەوە بوونە
ھاوڕێیان و خوشكان و برایان
لەکاتێکدا ئەمڕۆ ئێمە لە مەراسیمی ڕێزلێنانین لە خێزان و خانەوادەی ئەو تێکۆشەرانەی کە تا دوا چرکەی ژیانیان تێکۆشاون لە پێناو نیشتیمانێكی ئازادو گەلێكی بەختیار ، عیراق لە ناو هەڵمەتی هەڵبژاردن و ململانێی و کێبەرکێی بردنەوەی کورسی ئەنجومەنی نوێنەراندایە ، ئەم قۆناغە بەلای ئێمەوە قۆناغێکی چارەنووسازە و بەندە بە قوڵکردنەوەی دیموکراسیەت و پرسی ئازادیە گشتیەکانەوە ، کە هاوڵاتی بتوانێ بەبێ هیچ ڕێگریەک و هیچ ناچاربوونێک مافی خۆی پەیرەو بكات و دەنگی خۆی بدات و سەرپشکبێت لە هەڵبژاردنی نوێنەری خۆی
بۆ چەسپاندنی ئەم بنەمایەش ئێمە لە حزبی شیوعی کوردستان لەم هەڵبژاردنەدا پاڵپشتی کاندیدی سەربەخۆ ( ثائرە یوسف عەزیز ) بەژمارە ( ٣٤٢ ) دەکەین
ئەم پاڵپشتیەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێ کە ئەم كاندیدە ڕاستگۆیانە لەسەنگەری داكۆكیردن دەبێ لە مافەڕەواكانی گەلی كوردستان ، لە داكۆكیكردن لە مافی پێكھاتەكان ، لە داد پەروەری كۆمەڵایەتی و یەكسانی ، داكۆیكاری سەرسەختی مافەكانی ئافرەتان و قوتابیان و لاوان و سەرجەم چین و توێژەكان ،
حیزبێك پاڵپشتی و ڕێنمایی ئەم كاندیدە دەكات کەخاوەنی بەرنامەو ئەزمونێكی پڕ لەسەروەری و تێکۆشانە ، ئەزموونیک لە ڕاستگۆیی لەگەل خەڵك و نیشتیمان ، حزبێكە کە وەک هێزێکی سیاسی مەدەنی هەمیشە لە بەرەی خەڵک و کۆمەڵگایە و هیچکات سازش ناکات لە بەرانبەر ماف و داخوازیە ڕەواکانی گەل و هەمیشە بەرژەوەندی گەل و نیشتیمان دەخاتە سەرووی ھەموو بەرژەوەندییەكانەوە
بۆیە لەم هەلومەرجەشدا کە ئێمە دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگدەرانی ثائیرە یوسف عەزیز ژمارە ٣٤٢ و بەشداردەبین لەھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ، بەغدا بە حوكمڕانییەكی تایفی و مەزھەبی قوڵ و پڕ لە کێشمەکێشی مێژووی دەوردراوە ، بەشێکی زۆر لە سەرانی ئەم سێستەمی حوکمڕانیە بڕوایان بە دیموكراتیەت و ئازادییەكان و مافی گەلی كوردستان و فیدرالیەت نییە و بوونەتە هۆی گەشەکردن و تۆخکردنەوەی دیاردەی گەندەڵی و ڕاوڕوت و دزی و فزی و بەشبەشێنەی حزبی و تائیفی ، هەر ئەمەشە وایکردوە لەم بانگەشەی ھەڵبژاردنەدا دونیایەك پارەی سیاسی خەرج كەن و نفوزو دەسەڵات بەكار دێنن بۆ بردنەوەی کورسی پەرلەمان و هێشتنەوەیان لە دەسەڵات .
لە ھەرێمی كوردستانیشدا پاشەكشەیەكی گەورە دەبینرێ لە دەستكەوتە بە دیھێنراوەكانی گەلەکەمان و ، لە دوای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە كێشەو گرفتەكان زۆر زیادی كردوە ، پاشەكشە لە ئازادییەكان سنووری بەزاندووە ، دادگاو دادوەران بەكار دەھێنرین بۆ ململانییە سیاسییەكان و ژیان و گوزرانی خەڵك تێكچووە ، بۆیە دەركەوت حوكمڕانانی ھەرێم ناتوانن نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی خەڵكی كوردستان بن لە بەغدا ، ئەمانە سازشیانكردوەو سازشدەكەن بۆ خۆیان و بۆ حیزبەكانیان ، لە بەر ئەوە داواتان لێدەكەم كار بكەن بۆ سەركەوتنی ئەو كاندیدەی حیزب پاڵپشتی دەكات ، تاسەركەوتن بەدەستبێنێت و بگاتە ئەنجومەنی نوێنەران
ثائرە یوسف کەسایەتیەکی نیشتمانی و تێکۆشەرێکی ڕاستگۆی ئەم نیشتمانەیە و خاوەنی بەرنامەو پرۆژەی گرنگ و پڕبایەخە بۆ گەلانی عێراق و کوردستان و دەیەوێ بەپشتبەستن بە دیدو ڕوئیای چەپ و مارکسی خزمەتی گەل و نیشتمانەکەی بکات و سازشكارانە مامەڵە ناكات لەسەر بەرژەوەندییە گشتییەكان ، جیاوازییەكان دەبینرێ لە داھاتوودا .
ھاوڕێیان و میوانە بەڕێزاكان
سەرەڕای كەموكورییەكانی رێڕەوی حوكمڕانیو تەشەنەكردنی گەندەڵی و مەركەزیەتی توندی ئیداری و دارایی، بەرتەسكردنەوەی ئازادی ڕۆژنامەوانی و رادەربڕین و چالاكی مەدەنی،
دوو پاتی دەكەینەوە كە ئێمە جیاوازی دەكەین لە نێوان حوكمڕانانی ھەرێم و پارێزگاری و پاراستنی كیانی ھەرێم ، جەختدەكەینەوە كە ئەزموونی هەرێمی كوردستان بەری ڕەنجی تێكۆشان و قوربانیدانی حزبمان و تەواوی هێزو لایەنە سیاسیەکان و جەماوەری گەلەکەمانە ، هی ئەوە نییە هیچ لایەنێك بەهۆی بەرژەوەندی تەسكی حزبیەوە یاری بە چارەنوسییەوە بكات ، پێویستە ئیرادەی سیاسییمان بۆ ئەم ئەركە نیشتمانی و ڕەوایە بخەینەكار ، ئەم ویستەش بە چاكسازی ڕاستەقینە لە حوكمڕانی و باشكردنی گوزەرانی خەڵك، بە لە خۆبردوویی سیاسی و دەستبەرداربوون لە بەرژەوەندییە تەسكەكان، دێتەدی و پێویستە ژینگەی یەك ریزی سیاسیی گەلەكەمان و پێكەوە كاركردن لە ئایندەی كوردستان و عێراق دا بکەینە بنەمای پێکەوەی و یەکگووتاری گەلەکەمان ، ئەمەش رێرەوێکی سیاسیی، گونجاو دەرەخسێنێت و هاوکات دەبێتە فاکتەرێکی باشیش بۆ چارەسەركردنی كێشەو كەموكورتییە كەڵەكەبووەكان
بەڕێزان / دەبێ بزانرێ خاڵێكی تری گرنگی بەشداریمان لەم ھەڵبژاردنەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داكۆكیكردن دەبێت لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ھەرێم كە نوێنەرانی حیزبە دەسەڵاتدارەكان نەیانتوانی ئەو مافە دەستوری و یاساییە بگڕێننەوە بۆ دانیشتوانی ئەم شارانە ، بۆیە دەبێ زەمینە سازی بکرێت بۆ جێبەجێکردنی مادەی 140 وئاسایکردنەوەی ناوچەکە و ڕێکخستنەوەی سنورەکە و چەسپاندنی یاسا و پاراستنی گیانی پێکەوە ژیانی برایانە لە نێوان کورد و عەرەب وتورکمان و کەمە نەتەوەکانی تر
بۆیە لە کۆتایدا و لە مینەبەری ئەم مەراسیمە پڕ لە شانازیەوە ، بەڵێن دووپات دەكەینەوە کە ئێمە بۆ هەمیشە درێژە پێدەری ڕێڕەوی ئەو کاروانی تێکۆشانە دەبین کە ئەوان لە ڕۆژگاری سەختی تێکۆشانی خۆیاندا مەشخەڵی سەرکەوتنیان بۆ هەڵکرد و بوونە چرای ڕووناککەرەوەی ئەو ڕێبازە پڕ سەروەریەی کە تا ئەمڕۆش وەک سیمبول و ڕەمزی تێکۆشانی چینایەتی و نیشتمانی لە گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کوردستاندا دەگەشێتەوە
ــ سەری ڕێزو نەوازش بۆ شەھیدانی حیزبمان و تەواوی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەكەمان دادەنوێنین
ــ سەربەرزی و سەرفرازی بۆ بنەماڵە تێكۆشەرەكانیان ، سەرکەوتن بۆ ئەو ئافرەتە تێکۆشەرانەی کە تا ئەمڕۆ لە کوانووی خەبات و تێکۆشانی حزبماندا سەرسەختانە داکۆکی لە دادپەروەری و یەکسانی دەکەن و بوونەتە نموونەی ئافرەتانی گیان فیدا و خۆنەویست
سپاس
مەکتەبی سیاسی
حزبی شیوعی کوردستان
٢٠٢٥/١٠/١٨