
حزبی شیوعی کوردستان و حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، پرسی کاری هاوبەشی هێزە چەپەکان و بارودۆخی سیاسیی ناوچەکەیان تاوتوێ کردو هەڵوێستی یەکگرتووی باشووری کوردستانیان بەرامبەر بە ڕۆژئاوا بەرز نرخاند.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 15ی شوباتی 2015، شاندێکی مەکتەبی سیاسی ، حزبی شیوعی کوردستان کە پێکهاتبوو لە هاوڕێ ئەبو کاروان سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی و هەریەک لە هاوڕێیان بابە عەلی و هۆگر چەتۆ ئەندامانی مەکتەبی سیاسی، سەردانی مەکتەبی سیاسی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستانیانکرد لە شاری هەولێر.
شاندەکە لە لایەن هاوڕێیان بەڵێن عەبدوڵا سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و بێکەس قادر جێگری سکرتێر و شاخەوان عەبدوڵا، حەمەڕەش ئەحمەد ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و دڵزار عەبدوڵا بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکان، پێشوازیکران.
لە دیدارێکی دۆستانەدا هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەی ڕووبەڕووی ناوچەکە دەبنەوەکرا.
هەروەها هەردوولا بە بایەخێکی زۆرەوە باسیان لەو یەکڕیزی و یەکدەنگییە کرد کە لە باشووری کوردستانەوە بۆ پاڵپشتی لە ڕۆژئاوای کوردستان نیشان درا، ئەم هەڵوێستەیان بەرز نرخاند.
تەوەرێکی تری دیدارەکە تایبەت بوو بە پەرەپێدانی کاری هاوبەشی نێوان هێزە چەپەکانی کوردستان، بە ئاڕاستەی خزمەتکردنی زیاتری کۆمەڵگا و داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکان.
