
حزبی شیوعی کوردستان و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، دواین گۆڕانکاری و پەرەسەندنە سیاسییەکانی ناوچەکە، بە تایبەتی بارودۆخی ئاڵۆزی ئێران و ڕۆژئاوای کوردستان تاوتوێ دەکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتی ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، شاندێکی باڵای (حزبی شیوعی کوردستان) سەردانی بارەگای کۆمیتەی ناوەندی (کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران)یان کرد.
شاندەکە پێکهاتبوو لە هاوڕێیان؛ ئەبو کاروان سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی، بابا عەلی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی پەیوەندییەکانی ناوەندی، و ئومێد محەمەد ئەندامی مەکتەبی پەیوەندییەکانی ناوەندی، لەلایەن هاوڕێیان؛ ڕەزا کەعبی سکرتێری گشتیی کۆمەڵە و نەوید مێهراوەڕ، عەلی خۆشنمەک، ئەمجەد حوسێن پەناهی ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و وەلی روستەمی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەوە پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا.
لە دیدارێکی دۆستانەدا، هەردوولا بە وردی تیشکیان خستە سەر دواین گۆڕانکاری و پێشهات و پەرەسەندنە سیاسییەکانی ناوچەکە، بە تایبەتی بارودۆخی ئاڵۆزی ئێستای ئێران و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی خەڵک دژ بە گرانی و هەژاری و ئەو ڕەشەکوژیەی دەسەڵاتداران لە دژی خەڵکی ناڕازی و خۆپیشاندەران ئەنجامی دەدات بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها ئەو دۆخە خراپەی ئێستای ڕۆژئاوای کوردستان و هێرش و پەلامارو کۆمەڵکوژیەکانی دیمەشق لە بەرانبەر کوردانی هاووڵاتیانی ڕۆژئاوا، هەردوولا یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی گەلەکەمان و لایەنە سیاسیەکانیان بە چەکێکی کاریگەر بۆ ڕووبەڕووبونەوەی نەیارەکانی گەلەکەمان دووپاتکردەوە.
لە بەشێکی تری گفتوگۆکاندا، ئەو ئەگەر و پێشهاتانە تاوتوێ کران کە پێشبینی دەکرێت، لە ئایندەیەکی نزیکدا لەسەر ئاستی ناوچەکە بێنە ئاراوە.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، هەردوو حزب جەختیان لەسەر پێویستیی بەردەوامیی دیدارەکان و بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوانیان کردەوە، بە ئامانجی هەماهەنگیی زیاتر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددییاتەکان و خزمەتکردن بە دۆزی ڕەوای گەلەکەمان .
