
شارەزایەکی کەشناسی پێشبینی دەکات کە لە مڕۆ ئێوارەوە شەپۆلێکی نوێی بەفر وبارانبارین دەگاتە هەرێم و هەورەتریشقە و بارانی بەخوڕیشی لەگەڵ دەبێت وهەروەها جەخت لە نزم بوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما دەکاتەوە.
ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی بڵاویکردەوە کە" ئەمڕۆ چوارشەمە ٢٨ی کانونی دووەم لەئەنجامی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سوور و ناوەراست لەکاتەکانی نیوەرۆوە شەپۆلێکی بارانبارین ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و سەرەتاش لە رۆژئاواوە دەستپێدەکات لەسنوری پارێزگای دهۆک و نەینەواوە پاشان لەکاتەکانی دوای نیوەرۆ بۆ ئێوارە سەرجەم ناوچەکانمان ئەگرێتەوە بە شێوەی بارانی مامناوەند و پچر پچر ئەبێت ".
ئاشکراشی کرد کە " لەناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و کەرکوک و ئیدارەی گەرمیان ئەگەری چالاکبوونی هەورە بروسکە و تاوە بارانی بەخوڕیش ئەبێت و لەناوچە شاخاویە بەرزیەکانیش بەفر بارین ئەبێت لەبەرزی ١٥٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە و لەبەرزیەکانی نێوان ١٢٠٠ بۆ ١٤٠٠م ئەگەری بەفر و باران بەتێکەڵی ئەبێت ، پلەکانی گەرما بەڕاورد بە ئەمڕۆ ٤ تا ٥ پلە نزمدەبنەوە و خێرای با مامناوەند ئەبێت ١٠-٢٥کم/ک ئاراستەی با باشور و باشوری خۆرهەڵات ".
ئەو کەشناسە دەشڵێت" زۆرترین رێژەی بارانبارین دەکەوێتە نێوان کاتەکانی ئێوارەی سبەی بۆ نیوەی شەو ، وە لەبەیانی زوودا رۆژی پێنجشەمە کاریگەری لەسەر زۆربەی ناوچەکانمان لاواز ئەبێت و کۆتای پێدێت بەڵام لەناوچەکانی رۆژهەڵات سنوری سلێمانی و هەڵەبجە و راپەرین و سۆران بەلاوازی نمە بارانی پچر پچر بەردەوامی ئەبێت تا کاتەکانی ئێوارەی هەمان رۆژ پێنجشەمە".