
ئەمڕۆ ١٤ی شوبات ٢٠٢٦ لە شاری کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، لە مەراسیمێکی شایستە و شکۆداردا، یادی ١٤ی شوبات، ڕۆژی شەهیدی شیوعی لە عێراق و کوردستان بەرز ڕاگیرا. مەراسیمەکە بە ئامادەبوونی هاوڕێ ئەبووکاروان سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی و بەشێک لە ئەندامانی سەرکردایەتی و ژمارەیەکی بەرچاو لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان، کەسوکاری هاوڕێیانی کۆچکردوو، کەسایەتییەکانی ناوچەکە و نوێنەرانی دەزگاکانی شەهیدان، زیندانیانی سیاسی و کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان بەڕێوەچوو.
سەرەتای مەراسیمەکە بە کردنەوەی پێشانگایەکی وێنەیی تایبەت بە شەهیدان و گیانبەختکردوانی کاروانی تێکۆشانی شیوعییەکان دەستیپێکرد، کە تێیدا مێژووی پڕ لە قوربانیی حزب نمایش کرابوو. دوای ساتێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان، هاوڕێ پێشڕەو، بەرپرسی مەڵبەندی گەرمیان و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی، وتار و بەخێرهاتنی مەڵبەندی خوێندەوە.
لە درێژەی مەراسیمەکەدا، هاوڕێ ئەبو کاروان، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان، وتارێکی بەبۆنەی ڕۆژی شەهیدی شیوعی پێشکەش کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر ڕۆڵی مێژوویی و نەگۆڕی شیوعییەکان لە پێناو ئازادی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیدا.
بەشێکی تری یادەکە تەرخانکرابوو بۆ لایەنی ئەدەبی و دۆکیۆمێنتاری؛ شاعیری لاو هاوڕێ شکار محەمەد پارچە هۆنراوەیەکی نیشتمانیی پێشکەش کرد. هەروەها لە ڕێگەی نمایشێکی "سینەماڤیژن"ـەوە، چیرۆکی شەهیدبوونی ژمارەیەک لە تێکۆشەرانی حزب نمایش کرا، کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئامادەبووان بەجێهێشت.
لە کۆتایی مەراسیمەکەدا و وەک وەفایەک بۆ ئەو هاوڕێیانەی تا دوا ساتەکانی تەمەنیان لە خەبات بەردەوام بوون، ١٠٨ قەڵغانی سەروەری بەخشرایە خێزان و خانەوادەی ئەو هاوڕێ کۆچکردووانەی کە مێژوویەکی پڕ لە سەروەرییان لە ڕیزەکانی حزبی شیوعیدا تۆمار کردبوو.
ئەم یادە ساڵانە لە ١٤ی شوباتدا بەڕێوەدەچێت، وەک هێمایەک بۆ ڕۆژی لەسێدارەدانی "یوسف سەلمان یوسف - فەهد" و هاوڕێکانی، کە بووەتە وێستگەیەکی گرنگ بۆ نوێکردنەوەی پەیمانی وەفاداری بۆ ڕێبازی شەهیدان.






