ڕاپۆرت/ دلێر عەلی

لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی هەستیاری سیاسی و ئەمنیدا تێدەپەڕێت، جارێکی دیکە پرسی "گوتاری ئایینی" و سنوورەکانی ئازادیی ڕادەربڕین لەسەر مینبەرەکان بووەتە جێی مشتومڕی گەرم. ڕووداوەکانی هەفتەی ڕابردوو و دەستگیرکردنی دوو مامۆستای ئایینی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەهۆی سوکایەتیکردن بە ژنانی شەڕڤان، دەریخست کە کێشەکە تەنها لەسەر "بەرگی ژنان" نییە، بەڵکو ململانێیەکی "قووڵترە" لەسەر شوناسی نەتەوەیی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی.

شوناسی تێکشکاو؛ کاتێک مێژوو دەکرێتە قوربانی

هێرشە توندەکانی هەندێک لە وتاربێژان بۆ سەر ژنانی شەڕڤانی ڕۆژئاوای کوردستان، کە بە "بێبایەخکردنی خەباتی ژنان" وەسف دەکرێت، کاردانەوەی توندی ڕێکخراوەکانی ژنانی لێکەوتووەتەوە. خەدیجە موسا، سکرتێری کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان، ئەم جۆرە گوتارانە بە "هەوڵێکی نەگریس" بۆ تێکدانی شکۆی شەهیدان ناودەبات.

خەدیجە موسا دەڵێت: "ئەمە تەنها سوکایەتی نییە بە ڕەگەز، بەڵکو شێواندنی ڕاستییە مێژووییەکانە. کاتێک دەگوترێت بەرگریکردن تەنها ئەرکی پیاوانە، لە ڕاستیدا دان بەو قوربانییە گەورانەدا نانرێت کە ژنی کورد لە پێناو مانەوەی ئەم گەلەدا داویەتی." ئەو جەخت دەکاتەوە کە ئەم گوتارە، لە ناوەڕۆکدا، جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ بیری تاقمی تیرۆریستی داعش نییە، کە ئامانجیان تێکشکاندنی ئیرادەی نەتەوەییە لە ڕێگەی لاوازکردنی پێگەی ژنەوە.

لە ڕوانگەی یاساوە؛ کەس لە سەرووی لێپرسینەوە نییە

یەکێک لە کەم و کوڕییە دیارەکانی ساڵانی ڕابردوو، نەبوونی سزا بووە بۆ ئەو کەسانەی مینبەری گشتی بۆ ناوزڕاندن بەکاردێنن.

پەیمان عزەدین، یاساناس، ئاماژە بەوە دەکات کە یاسای سزادانی عێراقی (ماددەکانی ٤٣٣ و ٤٣٤) زۆر ڕووننلەسەر پرسی جنێودان و ناوزڕاندن.

ئەو یاساناسە ڕوونی دەکاتەوە: "یاساکە سزاکەی توندتر کردووە، ئەگەر لە ڕێگەی بڵاوکراوە و میدیاوە بێت. ئێستا کە دەبینین هێزە ئەمنییەکان ڕێکاریان بەرامبەر ئەم وتاربێژانە گرتووەتە بەر، ئەمە پەیامێکی گرنگە کە هیچ پێگەیەکی ئایینی یان سیاسی ناتوانێت کەسێک لە سزا بپارێزێت کاتێک تۆوی ڕق و کینە دەچێنێت." ئەو پێی وایە یاسای "خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن"یش دەرفەتێکی باشە بۆ قوربانییەکان تا مافی خۆیان لەو کەسانە بسێنن کە لە سۆشیاڵ میدیاوە سوکایەتییان پێ دەکەن.

قەیرانی تیۆلۆژی؛ جیاوازی وەک حیكمەت یان وەک گوناه؟

لێرەدا پرسیارە جەوهەرییەکە سەرهەڵدەدات: ئایا ئایین خۆی ڕێگرە لە جیاوازی؟ دکتۆر موحسین ئەدیب، بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی، وەڵامێکی فەلسەفی و ئایینی بۆ ئەمە هەیە. ئەو پێی وایە ڕەتکردنەوەی "ئەویتر" مەترسیدارترین جۆری سڕینەوەیە.

دکتۆر موحسین دەڵێت: "ئەگەر لە قووڵایی ئایین ڕابمێنین، خودا خۆی خالقی جیاوازییەکانە (ڕەنگ، زمان، بیرکردنەوە). کەواتە پاراستنی ئەم جیاوازییانە جۆرێکە لە پەرستش." ئەو داوا دەکات وەزارەتی ئەوقاف تەنها بە ڕێکاری یاسایی نەوەستێت، بەڵکو کار بکات بۆ "چاکسازی لە گوتاری ئایینی" و گۆڕینی دیدگای مامۆستایانی ئایینی لە 'سڕینەوەی جیاواز'ەوە بۆ 'قبوڵکردنی فرەیی'. بە بڕوای ئەو، ئەگەر ئایین نەبێتە وێستگەی ئاشتی، دەبێتە هۆکاری پارچەپارچەبوونی کۆمەڵگە.

ڕەهەندە ئەمنی و سیاسییەکانی هێرشەکە

ناکرێت ئەم هێرشانە تەنها وەک "ڕایەکی ئایینی" ببینرێن. گەنج ڕەوف زوهدی، چاودێری سیاسی، پەردە لەسەر ڕەهەندە شاراوەکانی ئەم بابەتە لادەبات. ئەو پێی وایە لێدان لە ژنانی شەڕڤانی ڕۆژئاوا، لێدانە لە "سیمبۆلی خۆڕاگریی کورد".

زوهدی دەڵێت: "نەیارانی کورد هەمیشە هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی تێکشکاندنی یەکڕیزیی ناوخۆیی و بەکارهێنانی پیرۆزییە ئایینییەکان، دەستکەوتە سیاسییەکانی کورد لاواز بکەن." ئەو، هۆشداری دەدات کە پەرلەمان دەبێت بە یاسایەکی تایبەت، سنوورێک بۆ تێکەڵکردنی ئایین و ململانێی حیزبی دابنێت، چونکە ئەمە "ئاسایشی نەتەوەیی" دەخاتە مەترسییەوە.

کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکان؛ گەڕەکەکان دەبنە بەرەی جەنگ

پەری فاتێح، توێژەری کۆمەڵایەتی، سەرنج دەخاتە سەر ژینگەی خێزان و گەڕەک. کاتێک وتاربێژێک تەکفیری هاونیشتمانییەکەی دەکات، ئەو تەنها قسەیەکی نەکردووە، بەڵکو "مۆڵەتی ئەخلاقی" داوە بە توندڕەوەکان بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی.

دڵسۆز زەنگەنە، چالاکوانی مافەکانی ژن، هاوڕایە و دەڵێت: "ئەمە ژینگەیەکی ناهاوسەنگ و ترس دروست دەکات، متمانەی ژنان بە یاسا لاواز دەکات و وا دەکات توندوتیژی ڕەگەزی وەک کارێکی پیرۆز پیشان بدرێت."

دەرەنجام و چارەسەر، بەرەو کوێ؟

کۆی ئەم دیدگایانە ئاماژە بۆ یەک ڕاستی دەکەن: هەرێمی کوردستان لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدایە. دەستگیرکردنی ئەو دوو وتاربێژەی بێڕێزییان کردووە، دەکرێت سەرەتایەک بێت بۆ سەروەریی یاسا، بەڵام چارەسەری ڕیشەیی نییە.

جگە لەو دوو وتاربێژەی کە دەستگیرکران، چەند وتاربێژی تریش بێڕێزییان بە خەباتی ژنان و شەڕڤانانی ڕۆژئاوا کرد، بەڵام لەبەرانبەردا چەندین وتاربێژی تر لە بڵندگۆی مزگەوتەکانەوە هاوسۆزی و پشتیوانیی خۆیان بۆ ژنانی ڕۆژئاوا ڕاگەیاند، ئەمەش بووە هۆی دەستخۆشی لەلایەن کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانەوە.

بەڵام بۆ ئەوەی شکۆی شەهیدان و ژنانی پارێزەری خاک پارێزراو بێت، پێویستە وەزارەتی ئەوقاف: سیستەمی چاودێریی وتارەکان توندتر بکات و ڕێگە نەدات مینبەر ببێتە شوێنی بڵاوکردنەوەی ڕق. پەرلەمان یاسای "پاراستنی پیرۆزییەکان و پێکەوەژیان" هەموار بکاتەوە تا بەکارهێنانی ئایین بۆ ململانێی سیاسی تاوانبار بکرێت. ڕۆشنبیران و میدیاکارانیش گوتارێکی جێگرەوە بەرهەم بهێنن کە تێیدا قارەمانێتی ژنان وەک بەشێکی دانەبڕاو لە شوناسی کوردی پیشان بدرێت.

وەک چۆن دڵسۆز زەنگەنە دەڵێت: "سوکایەتی بە ژنی شەڕڤان، سوکایەتییە بە هەموو کورد." پێکەوەژیان بژاردە نییە، بەڵکو زەروورەتێکی ژیارییە بۆ مانەوە لە ناوچەیەکدا کە توندڕەوی تێیدا وەک ئاگر لە کایە دەگەڕێت.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا