ئامادەکردنی - بڕیار عەبدولڕەحمان
مامۆستا یاسین برایم، نووسەر و چالاکوان، جیاواز لە باوکانی دی، لە ڕۆژی هاوسەرگیری کچەکەیدا، کۆمەڵێک کتێبی وەک دیاری پێشکەش بە کچەکەی کرد.
لەم بارەیەوە مامۆستا یاسین برایم لە لێدوانێکدا بۆ ڕێگای کوردستان وتی "من هۆگری کتێبم و حەزم لە خوێندنەوەیە، لە ڕێکخراوێک کار دەکەم تایبەت بە کتێب، ئامانجی من ناساندن و خۆشەویستکردنی کتێب و خوێندنەوەیە لای خەڵک. منیش دەمویست لەم ڕێگەیەوە جیاوازتر بم لە کەسێکی دیکە، لە جیاتی گوڵ، کۆمەڵێک کتێب لە بواری هاوسەرگیری و پەروەردەیی و گەشەپێدانی مرۆیی و پەروەردە پێشکەش بە کچەکەم بکەم. پەیامی من لەم کارە ئەوەبوو، بە کچەکەم و خەڵکی دی ڕابگەینم، تەواوکردنی زانکۆ و دەستپێکردنی پرۆسەی هاوسەرگیری، زێدەتر پێوستی بە خۆدروستکردن و بنیاتنان و خۆڕۆشنبیرکرن هەیە، دەکرێت لە ڕێگەی کتێب، جوانتر لە ژیان بگەن و ببن بە مرۆڤێکی ژیر و چاک و پاک و چالاک و سەرکەوتوو".
یاسین برایم، دانیشتووی قەزای ڕواندزە، لە (ڕێکخراوی هاوڕێیانی کتێب) کاردەکات. خاوەن دوو بەرهەمی چاپکراوە. بڕیار وایە لە ئایندەیەکی نزیکدا، کتێبێکی شیعری بەناوی کچەکەی (ڕێژیان) بڵاوبکاتەوە.