
مانگی سووری كوردی كە لەنێو كۆبانێیە داوای هاوكاری لە نەتەوەیەكگرتوەكان دەكان هەرچی زووە بەهانای كۆبانێوە بێن و پێداویستیەكانی ژیان لەم شارە نەماوە و پێویستە هاوكاری بكرێن.
مانگی سوری کوردی لە کۆبانێ، بانگەوازێکی ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکان كرد و تێدا دەڵێت، "چەند ڕۆژێکە کۆبانێ ڕوبەڕوی شاڵاوێکی سەربازی و گەمارۆیەکی توندبوەتەوە، سەرەڕای ڕێککەوتنی ئاگربەست".
ئاماژەی بەوەشكرد، لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە ڕێگری لە هێنانە ناوەوەی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان دەکرێت و ئاو، سوتەمەنی و ماددە خۆراکییەکان لە شارەكەدا نەماون، ئەوەش دۆخی مرۆیی کارەساتبارە و یادەوەرییە پڕ لە ئازارەکانی سەردەمی گەمارۆی داعشیان بەبیر دەهێنێتەوە.
مانگی سوری كوردی باسی لەوەشكردوە، "ژمارەیەکی زۆر لە خێزانەکانی دەوروبەری كۆبانێ، ئاوارەی ناوشارەكە بون و هەندێکیان لەدەرەوە و لەسەر شەقامەكان دەمێننەوە".
دەشڵێت، "هیواخوازین بە زوترین کات دەستێوەردان بکەن و ئەرکی مرۆیی خۆتان بەرامبەر بە کۆبانێ و خەڵکەکەی جێبەجێ بکەن".