ستار ئەحمەد

 

​گەڕان بەدوای ڕاستیدا لە جەوهەری خۆیدا گەشتێکی بێکۆتاییە؛ گەشتێک ،کە تێیدا مرۆڤ لەبری ئەوەی تەنیا بە دوای دەستکەوتی مادی و ئاسوودەیی کاتییەوە بێت، بە دوای ئەو مانا قووڵانەدا دەگەڕێت کە بوونەکەی پێدەناسرێتەوە. ئەوەی مرۆڤ لە بوونەوەرەکانی تر جیا دەکاتەوە، تەنیا توانای کارکردن و بەرهەمهێنان نییە، بەڵکو ئەو تینوێتییە بەردەوامەیە بۆ تێگەیشتن لەوەی بۆچی لێرەین...؟ و

ڕاستی چییە...؟.

 ئەم گەڕانە زۆرجار پڕە لە ئازار و دڵەڕاوکێ، چونکە مرۆڤ ناچار دەکات لەو قاوغە تەسکانە بێتە دەرەوە، کە کۆمەڵگە و دەوروبەر بۆیان دروست کردووە. کاتێک مرۆڤ دەبێتە هەڵوەدای ڕاستی، پێویستە ئامادە بێت هەموو ئەو شتانەی پێشتر وەک وەڵامی بێئەملاو ئەولا وەریگرتوون، بخاتە ژێر پرسیارەوە؛ چونکە ڕاستی تەنیا کۆمەڵێک زانیاری نییە ،کە لە کتێبەکاندا کۆکراونەتەوە، بەڵکو ئەزموونێکی زیندووی ناو ناخی مرۆڤ خۆیەتی.

​لەم گەشتەدا، ژیرمەندی تەنیا ئامرازێک نییە، بەڵکو تاقە چرایەکە ،کە دەتوانێت ڕێگەی مرۆڤ بەرەو ڕاستی ڕووناک بکاتەوە. ژیرمەندی وەک بێژینگێک کار دەکات بۆ جیاکردنەوەی ڕاستی لە وەهم، و جیابوونەوە لەو باوەڕە بێبنەمایانەی، کە ساڵانێکی زۆرە وەک ڕاستی ڕەها بەسەر مرۆڤدا سەپێنراون. مرۆڤی ژیر دەزانێت کە ڕاستی بە هاوارکردن و دەمارگیری دەست ناکەوێت، بەڵکو پێویستی بە تێڕامانێکی قووڵ و گومانێکی بونیادنەر هەیە. گومان لێرەدا نەک وەک جۆرێک لە سەرگەردانی، بەڵکو وەک سەرەتایەک بۆ گەیشتن بە دڵنیایی کار دەکات. کاتێک ئەقڵ دەبێتە سەنتەری بڕیارەکان، مرۆڤ لە کۆیلایەتیی باوەڕە کۆنەکان ڕزگاری دەبێت و دەبێتە خاوەنی کەسایەتییەکی سەربەخۆ ،کە هیچ چوارچێوەیەکی دەستکرد ناتوانێت کۆتی بکات.

​زۆرجار لەناو جەنجاڵی ژیانی ڕۆژانەدا، ئێمە دەستکەوتە دەرەکییەکان بە ئامانج دەبینین و وادەزانین ژیان تەنیا کۆکردنەوەی مادەیە، لە کاتێکدا گەورەترین دەستکەوتی مرۆیی ئەوەیە، کە مرۆڤ بگاتە ئەو ئاستەی ڕاستی لە هیچ کەس و لایەنێک بە دیاری وەرنەگرێت، بەڵکو خۆی لە ڕێگەی ژیرمەندییەوە پێیبگات. مێژووی مرۆڤایەتی پێمان دەڵێت: کە هەرگیز ڕاستی بە بێ قوربانی دەست نەکەوتووە. هەڵوەدای ڕاستی زۆرجار ڕووبەڕووی ئەو دیوارە ئەستورانە دەبێتەوە ،کە نەزانی و ئەفسانەکان لە دەوری هۆش دروستیان کردووە. مانەوە لەناو خەوندا، هەرچەندە ئاسوودە بەخشیش بێت، لە کۆتاییدا مرۆڤ بەرەو پووچی و بێمانایی دەبات. ئەوەی واتا بە ژیان دەبەخشێت، دەستکەوتە مادییەکان نین، بەڵکو ئەو گەوهەرە بەنرخەیە، کە لەناو پرۆسەی گەڕان بەدوای ڕاستیدا دەست مرۆڤ دەکەوێت.

​مێژوو هەمیشە گۆڕەپانی ململانێی نێوان خاوەن دەسەڵاتەکان و گەڕیدەکانی ڕاستی بووە. ئەوانەی ،کە دەیانەوێت ئەقڵی مرۆڤەکان کۆت بکەن، هەمیشە لە ژیرمەندی دەترسن، چونکە ئەقڵ تەنیا بەدوای بەڵگە و لۆژیکدا دەگەڕێت و ژێردەستەیی قبوڵ ناکات. گەڕان بەدوای ڕاستیدا هەڵوێستێکی ڕەوشتییە؛ ئەوەیە کە مرۆڤ ڕێز لە ژیریی خۆی بگرێت و ڕێگە نەدات کەسانی تر لەبری ئەو بڕیار بدەن. ڕاستی ڕووناکییەکە ،کە لە ناوەوە هەڵدێت، نەک فەرمانێکی سەپێنراو. مرۆڤی ئازاد هەمیشە بەدوای ئەو تیشکەدا دەگەڕێت، تەنانەت ئەگەر هەموو جیهانیش لە دژی بوەستێتەوە، چونکە دەزانێت مانەوە لەسەر ڕاستی شکۆمەندییەکی تێدایە ،کە هیچ شتێکی تر جێگەی ناگرێتەوە.

​لە کۆتاییدا، گەڕان بەدوای ڕاستیدا گەیشتن نییە بە خاڵێکی کۆتایی و وەستان، بەڵکو پرۆسەیەکی بەردەوامە لە گەشەکردنی مێشک و گیان. هەر ساتێک کە مرۆڤ هەست دەکات هەموو ڕاستییەکانی لایە و پێویستی بە گەڕان نییە، لەو ساتەدا ژیانی ڕاستەقینەی کۆتایی دێت و دەکەوێتە ناو چاڵاوی نەزانی و دەمارگیرییەوە. مرۆڤی زیندوو ئەو کەسەیە کە هەموو ڕۆژێک لە خۆی دەپرسێت و بە هێزی ژیرمەندی ڕووبەڕووی تاریکییەکانی دەوروبەر دەبێتەوە، بۆ ئەوەی بگاتە دڵنیاییەکی قووڵتر. ئەمەیە جەوهەری ئینسانییەت؛ کە مرۆڤ نەک تەنیا وەک بوونەوەرێکی بەکارهێنەر، بەڵکو وەک بوونەوەرێکی بیرکەرەوە و هەڵوەدای ڕاستی بژی. تەنیا لەم ڕێگەیەوەیە، مرۆڤ دەتوانێت خۆی لە کۆتەکانی دەوروبەر ڕزگار بکات و بە ڕاستی واتای مرۆڤبوون لە خۆیدا بەرجەستە بکات، چونکە هیچ دەستکەوتێک شکۆدارتر نییە لەوەی مرۆڤ ببێتە هەڵوەدای ڕاستی و لەو پێناوەدا بژی.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا