هاوڕێ کرێکار- ڕێگای کوردستان
خورماتوو، ــ عێڕاق دوای تێپەڕبوونی هەشت ساڵ بەسەرڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، بەرپرسێکی حزبی شیوعیی کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە نەتەوەی کورد لە خورماتوو بە پیلان پەراوێزخراوە و ناوماڵی کوردیش پەرشوبڵاوە. بە بڕوای ناوبراو، هەردوو حزبی باڵادەستی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارن لەم دۆخە و خەڵکی کورد باجی ناسنامەی کوردیبوونی خۆی دەدات.
بەردەوامیی پەراوێزخستن و ڕێگری لە گەڕانەوە:
هێمن نووری، بەرپرسی کۆمیتەی خورماتووی حزبی شیوعیی کوردستان، لە لێدوانێکیدا بۆ "ڕێگای کوردستان" ئاماژەی بەوەدا کە لە دوایڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە، پەراوێزخستنی کورد بەردەوامی هەیە. بەشێکی زۆر لە کوردانی دانیشتووی خورماتوو هێشتا نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، لە کاتێکدا "حزب و حکومەت بە بیانووی جیاجیاڕێگەیان پێنادەن بگەڕێنەوە." نووریڕەخنەی لە حکومەت گرت کە بە عەقڵیەتی هاووڵاتیبوون مامەڵە لەگەڵ دانیشتوانی خورماتوو ناکات، بەڵکوو بە عەقڵیەت و گوشاری شەخسی و تائیفی مامەڵە دەکات و بەردەوام جیاوازی لە نێوان پێکهاتەکاندا دەکات، کە تێیدا کورد قوربانییەکەمە."
قەرەبووکردنەوەی قوربانییان و لاوازی نوێنەرایەتی: سەرەڕای بوونی ئەندامی کورد لە ئەنجومەنی پارێزگا و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، نووری جەختی لەوە کردەوە کە "تا ئێستا وەک پێویست قەرەبووی هاووڵاتیانی زیانلێکەوتووی خورماتوو نەکراوەتەوە." بە وتەی ناوبراو، زۆرترین زیان بەر کوردی خورماتوو کەوتووە و "کاتێک مامەڵەی قەرەبووکردنەوە دەکەن،ڕێگرییان لێدەکرێت." ئەو دۆخە خەمناکەی خستەڕوو کە "تا ئێستاش خەڵکی وا هەیە لەناو خانووە سووتاو و ڕووخاوەکانی ژیان بەسەر دەبات."
ململانێی حزبی و پەرشوبڵاویی ناوماڵی کورد:
بەرپرسەکەی حزبی شیوعی بەداخەوە ئاماژەی بەوەشکرد کە " حزب و لایەنە کوردییە باڵادەستەکانی هەرێم لە خورماتوو بە هەمان عەقڵیەتی هەرێمی کوردستان سیاسەت دەکەن و خۆیان بە گەورەتر لە هەمووان دەزانن و ئامادە نین لەگەڵ حزبە سیاسییەکانی دیکە دانیشن." ئەم ململانێ حزبییە وایکردووە "ماڵی کورد پەرشوبڵاو بێت و لایەنی بەرامبەریش ئەم دۆخە دەبینێت، بۆیە حساب بۆ کورد ناکات."
خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر و نائومێدی خەڵک:
هێمن نووری ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری بە "خیانەت لە خەڵکی ناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستان بە گشتی و خورماتوو بە تایبەتی" وەسف کرد. ئەو پێی وایە "ڕوحیەتی بەرگریکردن لە خاکی کوردستان کە لەلایەن میللەتەوە هەبوو، لەلایەنحزب و حکومەتەوە نەبوو." لە کۆتاییدا، نووریڕایگەیاند کە "خەڵک بە جۆرێک نائومێد بووە لە هەردوو حزبی دەسەڵاتدار، کە ناتوانن جارێکی تر کورد بگەڕێننەوە سەردەمی پێش ١٦ی ئۆکتۆبەر." ئەوڕووداوەی بە "غەدرێک لە خەڵکی خورماتوو و تەواوی ناوچە دابڕێنراوەکان" ناوبرد.