سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند: داهاتی نانەوتی کاریگەریی لەسەر بەردەوامی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی کورستان نابێت. بەرپرسێکی باڵای هەرێمیش دەڵێت: "سبەی 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا دەنێرین".
محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ ژمارەیەک ڕۆژنامەنووسی عەرەب و بیانی لە بەغدا ئاماژەی بەوەشكرد، دۆسیەی نەوتییان لەگەڵ هەرێمی کوردستان چارەسەرکرد کە لە ساڵی 2009ەوە بە هەڵپەسێردراوی مابووەوە، لەئێستاشدا هەولێر و بەغدا دانوستان لەسەر داهاتی نانەوتی دەکەن کە کاریگەریی لەسەر بەردەوامی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی کورستان نابێت.
لای خۆشیەوە، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند، سبەی سێشەممە، هەرێم 120 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ بۆ حکومەتی عێراق دەنێرێت، ئێمەش چاوەڕێین لە چەند رۆژی داهاتوو بەغدا مووچەی مانگی هەشتی مووچە خۆرانی هەرێم بنێرێت.