
ئەگەرچی حکومەتی خۆ جێی کەرکوک بەپێی ڕێکەوتنێکی سیاسی لە نێوان هاوپەیمانی کەرکوک هێزو ئیرادەمانە و حزبی تەقەدوم و بابلیۆن پێکهاتووە، بەڵام لەئێستادا لایەنە تورکمانیەکان بە سوننەو شیعەیەوە، زیاتر لە لایەنە عەرەبیەکانی پێکهێنەری حکومەت هەڵپەی وەرگرتنی پۆستی پارێزکارەکەی دەکەن.
تورکمانە شیعەکانی کەرکوک، کە هیچ کورسیەکیان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک نییە، بەڵام خۆیان بە بەشێک لە ڕێکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی کەرکوک دەزانن و دەستاودەستنەکردنی پۆستی پارێزگاریش بەکات کوشتن ناو دەبەن و بێ ئومێدی خۆشیان لە بارەی ئەو پرسە ناشارنەوە.
محەمەد مەهدی بەیاتی، پەرلەمانتاری پێشووی تورکمانی شیعە، جەختی لەسەر دەکاتەوە، کە ڕێککەوتنێکی سیاسی ئاشکرا لە بارەی دەستاودەستکردنی پۆستی پارێزگاری کەرکوک هەیە، بەڵام لە بەرامبەردا هەندێک لایەن لە جێبەجێکردنیدا کات دەکوژن.
بەیاتی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "ئەو ڕێککەوتنە سیاسییەی کە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووکی لێهاتە بەرهەم، پرەنسیپی دەستاودەستکردنی پۆستی پارێزگاری لە نێوان پێکهاتە سەرەکییەکاندا لە خۆ گرتووە"،
وتیشی: "کاتی دیاریکراو ،کە 1/1/2026بوو، تێپەڕی بەبێ ئەوەی تا ئێستا میکانیزمی دەستاودەستکردنی پۆستەکە لە نێوان پێکهاتەکاندا یەکلایی بوبێتەوە.
ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو، محەمەد سەمعان ، سەرۆکی بەرەی تورکمانی، کە تەنها دوو کورسیان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک هەیە و زیاتر لە 17 مانگە بایکۆتی دانشتنەکانی ئەنجومەنەکەیان کردووە ڕایگەیاند، ڕۆژی 20/1/2026 ، تورکمانێک پۆستی پارێزگاری کەرکوک وەردەگرێت، ئەو تورکمانەی پۆستەکەش وەردەگرێت ئەندامی بەرەی تورکمانیە،ئەمەش وەک ئاماژەیەک کە نابێت ئەو پۆستە بدرێت بە تورکمانێکی شیعە، بەڵام وادە دیاریکراوەکەی سەمعان وەک ڕۆژێکی ئاسایی و بەبێ هیچ گۆڕانکاریەکی سیاسی و ئیداری تێپەڕی.
هەرچەندە تورکیاش لە ڕێگەی باڵیۆزی خۆی لە بەغدا ، فشار دەکات پۆستی پارێزگار بدرێت بە بەرەی تورکمانی، بەڵام تا ئێستا فشارەکانی بێ ئەنجام بوونە.
حکومەتی بەغدا بەلایەوە ئاساییە پۆستەکە بدرێت بە تورکمانێک ، بەڵام بەو مەرجەی تورکمانێکی شیعە بێت، بەم مەرجەش بەغدا، سەرجەم هەوڵەکانی بەرەی تورکمانی و باڵیۆزی تورکیای شکستپێهێناوە.
هەفتەی ڕابردووش ڕێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک ڕایگەیاند، دەستاودەستکردنی پۆستەکەی، پەیوەستە بەو لایەنە سیاسییانەی کە ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکووک، کە ئەوانیش ( یەکێتی و حزبی تەقەدوم و کوتلەی بابلیۆن)ـن، و ئەوان ئەوە هەڵدەبژێرن کە بە گونجاوی دەبینن بۆ کەرکووک و خەڵکەکەی، منیش یەکەم کەس دەبم کە ئەو بڕیارە جێبەجێ دەکەم کە لەلایەن ئەو لایەنە سیاسییانەوە دەردەچێت.
لایەنی عەرەبی لە ئێستادا هیچ لێدوانێکی فەڕمیان سەبارەت بەو پرسە نییە، بەڵام بەپێی زانیاریەکان، حزبی تەقەدوم کە یەکێکە لەلایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک ،لە نێو خۆدا ناکۆکن لە دیاریکردنی کەسێک بۆ ئەو پۆستە، بۆیە تا ئێستا بێدەنگن.
لە ئێستادا زۆربەی پۆستە گرنگەکان لە دەستی پێکهاتەی عەرەبدایە، وەک سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاو جێگری یەکەمی پارێزگار و چوار یاریدەدەری پارێزگار هەروەها لە کۆی چوار قایمقام سێ قایمقام و پێنچ ناحیە و فەرماندەی پۆلیس و فەرمانەگەی تەندروستی و بەڕێوبەرایەتی و پەروەردەو فەرمانگەی کشتوکاڵ و سایلۆ، بەڵام ئەگەر پۆستی پارێزگار لە کورد وەربگیرێتەوە ، ئەوکات عەرەب هەموو ئەم پۆستانە لە دەست دەدات.