
محەمەد حسێن- رواندز
لە شارۆچکەی ڕواندز، بە مەبەستی پشتیوانی و هاوکاری بۆ خوشک و برایانمان لە ڕۆژئاوا، هەڵمەتێکی فراوانی کۆکردنەوەی کۆمەک و پێداویستییەکانی ژیان ڕاگەیەندرا.
ئەم هەڵمەتە مرۆییە کاتژمێر ٣ی پاشنیوەڕۆ دەستی پێکرد و تێیدا داوا لە سەرجەم هاووڵاتیان کرا، وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و نیشتمانی، ئەوەی لە توانایاندایە لە پێداویستییەکانی ژیان پێشکەشی بکەن بۆ یارمەتیدانی لێقەوماوانی ڕۆژئاوا.
بڕیار وایە لە ڕێگەی بانگەوازی شوێنە گشتییەکان و مزگەوتەکانەوە، هاووڵاتیان لەم هەڵمەتە ئاگادار بکرێنەوە تاوەکو زۆرترین هاوکاری کۆبکرێتەوە. دوای تەواوبوونی پڕۆسەی کۆکردنەوەی کەلوپەلەکان، سەرجەم هاوکارییەکان بە شێوەیەکی ڕێکخراو ڕەوانەی ڕۆژئاوا دەکرێن.