
محەمەد حوسێن - ڕواندز
بە دروشمی ( ڕواندز بۆ شەهیدی کوردستان پرسەگێڕە) مەڕاسیمێکی پرسەگێڕی بۆ شەهید ئەحمەد کەرکوکی بەڕێوەچوو.
مەڕاسیمەکە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢٦/٢/١ لە شاری ڕواندز لە بەردەم پەیکەری حوسێن حوزنی موکریانی بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە مامۆستایان و ڕۆشنبیران و چالاکوانانی ڕواندز سازکرا، کە تێیدا ئامادەبووان بە داگیرساندنی مۆم و دانانی وێنەی شەهید لەسەر دڵیان چەند ساتێک به بێدەنگی وەستان.
هاوڕێ ئیبراهیم بابان بەرپرسی مەڵبەندی سۆرانی حزبی شیوعی کوردستان و یەکێک لە ئامادەبووانی مەڕاسیمەکە لە لێدوانێکدا بۆ ڕێگای کوردستان گوتی" ئەمڕۆ کۆمەڵێک چالاکوان و ڕۆشنبیری ڕواندز له چالاکیێکی سومبولی و ماتەمیدا کۆبووینەوە بۆ دەربڕینی هاوخەمی بۆ خانەوادەی شەهیدی کوردستان ئەحمەد هێمن کەرکووکی. وە بە گشتی بەرخودانی ڕۆژئاوا دوو پەیامی گرینگی تێدایە بۆ کورد یەکێکیان بەرخودانی سەرتاسەری کوردستانی و یەکخستنی هاوسۆزی و هاوپەشتی گەلی کوردستان و بەگیان بەختکردنی شەهید ئەحمەدیش ئەو پەیامە دووپات کرایەوە کە کوردستان یەک وڵاتەو دوژمنان پارچە پارچەیان کردووە".
مەڕاسیمەکە ماوەی کاتژمێرێکی خایاند و بە دروشمی شەهید نامرن لە لایەن ئامادەبووانەوە کۆتایی بە مەڕاسیمەکە هات.
