
ڕاپۆرت- رێگای كورستان
دیمەنی سیاسی عێراق لە ئێستادا لەبەردەم وەرچەرخانێکی نوێدایە. گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی، هاوکێشە ناوخۆییەکانی عێراقی تووشی شڵەژان کرد، بەتایبەت لەناو لایەنەکانی "چوارچێوەی هەماهەنگی".
نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، وەک یەکێک لە جەمسەرە بەهێزەکانی شیعە، هەوڵی جیدی دەدات بۆ گەڕانەوە بۆ کورسی سەرۆک وەزیران و لە ئێستادا کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگیە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، بەڵام ئەم هەوڵە ڕووبەڕووی بەربەستێکی گەورەی نێودەوڵەتی بووەتەوە.
ئیدارەی ترەمپ مالیکی وەک "پیاوی ئێران" و بەرپرسی سەرەکی لە تێکچوونی دۆخی ئەمنی عێراق لە ساڵی ٢٠١٤ و زیادبوونی هەژموونی میلیشیاکان و سەرچاوەی گەندەڵی و برسیکردنی عێراقیەکان دەبینێت.
بۆیە ئەمشەو هۆشداریدا لە ئەگەری وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە ، ئەمریکا هیچ هاوکاریەکی عێراق ناکات.
ترەمپ هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە ئەگەر مالیکی یان هەر کەسایەتییەکی نزیک لە گروپە چەکدارەکان ببێتە سەرۆک وەزیران، واشنتۆن سزای توندی ئابووری بەسەر عێراقدا دەسەپێنێت، لەوانە بڕینی ڕەوانەکردنی دۆلار بۆ بانکی ناوەندی عێراق.
لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە، ئەمریکا پەیامی ناردووە کە مامەڵە لەگەڵ حکومەتێکدا ناکات کە مالیکی سەرۆکایەتی بکات، ئەمەش وەک "ڤیتۆیەکی ناڕەسمی" سەیر دەکرێت.
هەرچەند بڕیاربوو دوێنێ سێ شەممە سەرۆک کۆمار لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت ، بەڵام هەڵبژاردنەکە دواخرا بۆ ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو، جاودێرانی سیاسی پێیان وایە،دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار پەیوەندی بە فشارەکانی ئەمریکاوە هەبووە.
هەرچەندە پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی کوردە، بەڵام هەڵبژاردنی پەیوەستە بە ڕێککەوتنی گشتگیری لایەنەکان لەسەر "کابینەی داهاتوو". فشارەکانی ئەمریکا کاریگەری ڕاستەوخۆیان هەبووە لەسەر ئەم دواخستنە.
ترەمپ بە ڕوونی ئاماژەی بەوە کردووە کە هەر جۆرە گۆڕانکارییەک لە دەسەڵاتدا دەبێت لە بەرژەوەندی "سەقامگیری و دوورکەوتنەوە لە ئێران" بێت.
ئەمریکا داوای کردووە کە پڕۆسەی سیاسی پەلەی تێدا نەکرێت تا ئەو کاتەی "کاندیدێکی تەوافقی" کە لای واشنتۆن قبوڵکراو بێت، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی لایەنە کوردییەکانیش چاوەڕوانی یەکلاییبوونەوەی ململانێی "شیعە - شیعە" و "ئەمریکا - ئێران" بن.
زۆرێک لە لایەنە عێراقییەکان دەترسن هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارێک کە دواتر کاندیدێکی توندڕەو بۆ سەرۆک وەزیران ڕابسپێرێت، ببێتە هۆی توڕەکردنی ترەمپ و گۆشەگیرکردنی عێراق.
ئەگەری وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک وەزیران لەلایەن سوودانی
محەمەد شیاع سوودانی لە ئێستادا وەک "بژاردەی سەلامەت" دەردەکەوێت. چانسی وەرگرتنەوەی پۆستەکەی بەهێزە بەو پێیەی سوودانی توانیویەتی هاوسەنگییەک لە نێوان واشنتۆن و تاران ڕابگرێت، ئیدارەی ترەمپ هەرچەندە توندە، بەڵام سوودانی وەک کەسێکی "تەکنۆکرات و کردەیی" دەبینێت کە دەکرێت مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، بەراورد بە مالیکی.
پشتیوانی ناوخۆیی و جەماوەری: بەهۆی هەندێک پڕۆژەی خزمەتگوزاری و سەقامگیری ڕێژەیی دراو، سوودانی پێگەی خۆی لەناو شەقامدا بەهێز کردووە، ئەمەش وای کردووە لایەنە سیاسییەکان نەتوانن بە ئاسانی لایببەن.
زۆرینەی هێزە سیاسییەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی جگە لە باڵەکەی مالیکی پێیان وایە مانەوەی سوودانی باشترین ڕێگایە بۆ دوورکەوتنەوە لە سزاکانی ترەمپ و پاراستنی ڕژێمە سیاسییەکە لە هەرەسهێنان.