
بەغدا - رێگاى كوردستان
ئەمڕۆ هەینی، ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، لە شاری بەغدا، ١١مین فیستیڤاڵی ساڵانەی ڕۆژنامەی (طریق الشعب)، دەستی بە کارەکانی کرد.
لە فیستیڤاڵەکەدا،(ڕائد فەهمی)، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی شیوعیی عێراق، و شاندێکی حیزبی شیوعی کوردستان، هەروەها ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی شیوعیی و کەسایەتی و هاووڵاتیان و دۆستانی ڕۆژنامەکە ئامادەبوون.
قردێلەی فیستیڤاڵەکە لەلایەن ڕائد فەهمییەوە کرایەوە، پاشان (موفید جەزائیری)، سەرنووسەری ڕۆژنامەی طريق الشعب، وتەیەکی پێشکەش کرد و تێیدا بەخێرهاتنی گەرمی میوانان و ئامادەبووانی کردو ئامانج و گرنگی و بەرنامەو چالاکیەکانی فیستیڤاڵەکەی بۆ ئامادەبووان خستە ڕوو.
فیستیڤاڵەکە، چەندین چالاکی جۆراوجۆر لەخۆ دەگرێت، لەوانە پێشانگای فۆتۆگرافی، کتێب، کاری دەستی و خواردن.
ڕێکخەرانی فیستیڤاڵەکە ڕایانگەیاند کە چالاکییەکانی ئەمڕۆ تا کاتژمێر ٥ی ئێوارە بەردەوام دەبن و تێیدا کۆمەڵێک کۆڕ، پانێڵ و چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوە دەچن. هەروەها کاروچالاکییەکانی فیستیڤاڵەکە سبەی شەممە بەردەوام دەبن و لە کۆتاییەکەیدا، قەڵغانی ڕێزلێنان و خەڵات بەسەر ژمارەیەک کەسایەتیدا دابەش دەکرێت و کۆتایی بە کارەکانی دەهێنرێت.



