
ئاسۆی لاوان/ سوید
هۆمەر شێخ موس ئەو تێکۆشەرە ناسراوەی کە لە هەموو بۆنە نیشتمانی و سیاسی و کۆمەڵایەتییە گرنگەکاندا ئامادەیە و بە ئەدەبێکی بەرز و بە حیکمەتی ڕۆشنبیرێکی بە ئەزموون گفتوگۆ لەگەڵ هەمووان دەکات و بەوپەڕی ڕاشکاوی ڕاوبووچوونەکانی خۆیت پێدەڵێت. بەداخەوە ئەم کەسایەتییە بەڕێزە ئێستا لە پێگە و کەناڵە جیاوازەکانی سۆسیال میدیا کەوتۆتە بەرهێرشێکی قێزەونی کۆمەڵێك مێش ومەگەزی سۆشیالمیدیا و جنێوفرۆشەکانی بازاڕی دینداری.
ئەوەی کاك هۆمەرنەناسێت هەقیەتی بپرسێ بۆ ئەو هەڵوێستەی بەرامبەر حیجاب پۆشێکی کوردستان نیشاندا و مەرجی لابردنی حیجابەکەی کردە بەربەستێك بۆ گفتوگۆ. وەڵامی ئەم پرسیارە زۆر بەڕاشکاوی لە واڵی فەیسبوکی کاك هۆمەر دەتوانین بخوێنینەوە و زۆربەڕوونی پێمان دەڵێت ئەو ئەم جۆرە حیجابە بە (سیمبۆلی چەوسانەوەی ژن) دەزانێت، هەر لە تێکستی بڵاوکراوەی وتەکانی کاك هۆمەر تێدەگەین کە ئەو حیجابەکە بە سیمبۆلێکی سیاسی دژە ئازادی دەزانێت و ناکۆکە لەگەڵی. ئەمە هەڵوێستێکی ئاشکرا و ڕوون و ڕاشکاوە و هەروەکو خۆیشی نووسیویەتی کە ئەو هیچ مەبەستێکی سوکایەتی بەو کەسە نەبووە.
ئەم هەڵوێستە بۆ کەسانێکی خاوەن مەعریفە و تێگەیشتوو لە ئەدەبی گفتوگۆو هەڵوێستی سیاسی (دیندار و بێدین) کارێکی ئاساییە و بگرە جێگای ڕێزیشە کە کەسێك بەم شێوە هێمن و شارستانیە هەڵوێستێکی جیاوازت نیشان بدات.
ئەوەی دەبێت ئاسایی نەبێت لە لامان ئەو هەموو جنێو وهەڕەشە و وەعز و سوکایەتیەیە کە بەلێشاو بەناوی دینداری وعورف وعادەتی (ڕزیوی) کۆمەڵایەتییەوە، سۆسیال میدیا و پێگە و لاپەڕە ئەلیکترۆنیەکانی تەنیووە، ئەم شێوازە لە ڕق و کینە هەڵڕشتن گوزارشتێکە لە حاڵی بەدحاڵی کۆمەڵگە و دەسەڵاتە گەندەڵەکەی کە نەك تەنها سامانی مادی و مەعنەوی کوردستانی تەفروتونا کردووە، بەڵکو ئاکار و ڕەفتاری کۆمەڵگەکەشی وێرانکردووە و دواڕۆژێکی پڕمەترسی ئامادەکردووە بۆ نەوەکانی داهاتوو.
هەربۆ زانیاری، من و کاك هۆمەر لەدوورەوە یەکتر دەناسین و لەڕووی تەمەن و بیرکردنەوەو پەیوەستی سیاسی جیاوازیمان زۆرە، بەڵام بە ویژدانەوە دەڵێم کاك هۆمەر کەسایەتییەکی بەڕێز و قەدر گرانی ڕەوەندی کوردستانییە لە سوید و شایانی ڕێزلێنان و پاڵپشتیە.
*ناونیشانەکە داتاشراوی دێڕێك هۆنراوەی (گۆران) ە
بەڵێ دیارە لەناو قەومی بەسیتا قەدری سەنعەتکار
وەکو عەکسی قەمەر وایە لەناو حەوزێکی لیخندا!
