شۆڕشی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩١٧ لە ڕووسیا گۆڕانکاریەکی مەزنی بۆ ژنان بەدیهێنا کە لە هیچ شوێنێکی دیکەی جیهان لەو کاتەدا بەدینەهاتبوون. ئەم دەستکەوتانە لە چەند بوارێکدا بوون:
مافە سیاسیەکان
بۆ یەکەمجار لە مێژووی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی،شۆڕشمافی دەنگدان و خۆکاندیدکردنی بە ژنان دا. ژنان توانییان ببنە ئەندامی شوراکان (سۆڤێتەکان) و بەشداری لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە بکەن. لە مێژووی جیهاندا ئەلێکساندرا کۆڵەنتای یەکەمین ژن بوو کە بووە وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی لە حکومەتی بەلشەڤیکەکاندا. هەروەها ژنان مافی خزمەتگوزاریی حکومییان بەدەستهێنا و توانییان لە هەموو ئاستەکانی دەسەڵاتدا کاربکەن.
یاساکانی خێزان و ژیانی تایبەتی
حکومەتی شۆڕشگێڕ هەموو یاساکانی کۆنی قەیسەری هەڵوەشاندەوە کە ژنانی وەک موڵکی پیاوان دادەنا. هاوسەرگیری کڵیسایی هەڵوەشایەوە و دین لە کاروباری دەوڵەت جیاکرایەوە. یاساکانی تەڵاق ئاسانکران و ژنان بە ئاسانیمافی تەڵاقیان بەدەستهێنا. منداڵانی دەرەوەی هاوسەرگیری بە رەسمی ناسرانەوە و هەمان مافەکانی منداڵانی تری پێدرا. لە ساڵی ١٩٢٠دا، بۆ یەکەمجار لە مێژووی جیهاندا، لەباربردن (ئەبۆرت) یاسایی کرا و دایەنگا و شوێنی تایبەت بە چاودێری دایک و منداڵ دامەزران.
مافەکانی کار و ئابووری
شۆڕش کرێی ژنان و پیاوانی یەکسان کرد بۆ هەمان کار. سەعاتەکانی کار کەمکرانەوە و مافی مۆڵەتی دایکان لە کاتی منداڵبوون و چاودێری منداڵ دیاریکرا. ژنانی دووگیان و شیردەر کاری قورسیان نەدەکرد. لە هەموو بوارەکانی خوێندندادەرگای زانکۆکان و پەیمانگاکان بە تەواوی بەڕووی ژنان کرایەوە و هەلی یەکسانیان بەدەستهێنا. خولی تایبەت دامەزران بۆ فێرکردنی خوێندنەوە بە ژنانی نەخوێندەوار.
کۆمەڵایەتیکردنەوەی کاری ماڵەوە
یەکێک لە گرنگترین هەنگاوەکان هەوڵدان بوو بۆ دەرهێنانی ژنان لە چواردیواری ماڵ بە کۆمەڵایەتیکردنەوەی کارەکانی ماڵەوە. خواردنگای گشتی کرانەوە بۆ کەمکردنەوەی قورسایی ئەرکی ژنان لە ماڵەوە. جلشۆرگەی گشتی دامەزران. دایەنگا بۆ چاودێری منداڵان دروستکران کاتێک دایکەکان لە کار دەبن.
بەرەنگاربوونەوەی لەشفرۆشی
هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی لەشفرۆشی بە چارەسەرکردنی هۆکارە کۆمەڵایەتیەکانی، دابینکردنی پارێزگاری کۆمەڵایەتی بۆ ژنان.هەروا کارکرا بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ژنانە بۆ ژیانی ئاسایی
ڕێکخراوەکانی ژنان
شۆڕش کاری کرد بۆ پێگەیاندنی کادری حزبی ئەویش لە ڕێگەی دامەزراندنی ژینۆتێل (بەشی ژنان) لە ساڵی 1919 لە حیزبی کۆمۆنیست، کۆنفرانسی ژنی کرێکاری بەست و ڕۆژنامەی ژنی کرێکاری دەرکرد. بەردەوام خول دەکرایەوە بۆ ڕاهێنانی ژنان بۆ بەشداریکردن لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە.
ڕۆڵی ژنان لە شۆڕش
ژنان خۆیان ڕۆڵی سەرەکییان هەبوو لە سەرکەوتنی شۆڕش. لە ڕۆژی ٢٣ی شوباتی ١٩١٧ (٨ی مارس)، ژنانی کرێکار بە دروشمی "نان بۆ هەموان" دەستیان بە خۆپیشاندان کرد کە بووە سەرەتای شۆڕشی شوباتی و سڕینەوەی دەسەڵاتی قەیسەر. لە شۆڕشی ئۆکتۆبەریشدا، ژنان بە چالاکی بەشداریان کرد، هەندێکیان ببوون بە ئەندامی سوپای سور و بەشداریان لە شوراکان و بڕیاردان کرد.
لێنین لە ساڵی ١٩١٨دا گوتی: "هیچ شۆڕشێکی سۆسیالیستی بەبێ بەشداری کاریگەری و بەرفراوانی ژنانی کرێکارو زەحمەتکێش ناتوانێت سەرکەوتن بەدەست بهێنێت."
پاشەکشەکان
بەداخەوە، لەدوای ساڵی ١٩٢٤ و بەتایبەتی لە سەردەمی ستالین، پاشەکشە بە زۆرێک لە دەستکەوتەکان کرا. بەرنامەی ئابووری نوێ (NEP) بووە هۆی دەرکردنی ژمارەیەکی زۆر ژن لە کارەکانیان. زۆرێک لە خواردنگە و جلشۆرگە گشتیەکان داخران. پشتگیری حکومەت بۆ کۆمەڵایەتیکردنەوەی کاری ماڵەوە کەمبوویەوە.