مردنی ژینا (مەهسا) ئەمینی پریشکێکی تووڕەیی داگیرساند کە تا ئێستاش نەکوژاوەتەوە، و بووە هۆی ڕاپەڕینێکی ژنانە و جەماوەری کە بەربەستی ترسی لە ئێراندا شکاند. دوای سێ ساڵ، وا دیارە ڕژێم ڕووبەڕووی بەرەنگارییەکی بێوێنە بووەتەوە، لەگەڵ پاشەکشەی پابەندبوون بە حیجابی زۆرەملێ و زیادبوونی سەرپێچیی مەدەنی. سەرەڕای لێدوانەکانی سەرۆکی چاکسازیخواز، پزیشکیان، کە دژی سەپاندنی حیجابە بە زۆر، چاودێران پێیان وایە ئەمە تەنها هەوڵێکە بۆ کۆنترۆڵکردنی تووڕەیی خەڵک. چالاکوان مەسیح عەلینەژاد جەخت لەوە دەکاتەوە کە ژنان ترسەکانیان تێپەڕاندووە و ڕژێم کۆنترۆڵی بەسەریاندا نەماوە. لەنێوان نیشانەکانی پاشەکشەی فەرمی و سووربوونی توندڕەوەکاندا، ئێران ئەمڕۆ لەسەر دووڕیانێک وەستاوە: یان چاکسازیی ڕاستەقینە، یان داڕمانی ئایدیۆلۆژی.

لەم دواییانەدا، چەندین گرتەی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەتەوە کە ژنانی ئێرانی نیشان دەدەن بەبێ حیجابی زۆرەملێ لە شەقامەکاندا دەگەڕێن و لە قاوەخانەکان دادەنیشن. ئەم حیجابە لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە ماوەیەکی کەم دوای شۆڕشی ئیسلامیی ساڵی ١٩٧٩ سەپێنرا، و تا کوژرانی ژینا (مەهسا) ئەمینی، کچە تەمەن ٢٢ ساڵانەکە لەسەر دەستی "پۆلیسی ئەخلاق" لە ئەیلوولی ٢٠٢٢، وەک ئامرازێکی چاوسوورکردنەوە و سەرکوتکردنی ژنان بەکاردەهات. کوژرانی ژینا شەپۆلێکی گەورەی تووڕەیی و بەرەنگاربوونەوەی فەرمانەکانی ڕێبەری باڵای لە سەرتاسەری وڵاتدا تەقاندەوە.

لەنێو دیمەنە زیادبووەکانی بەرەنگاربوونەوە لە شەقامی ئێراندا، بەرپرسانی ڕژێم لێدوانی کراوە دەدەن سەبارەت بەوەی کە پێویستە ژنان ناچار نەکرێن بە پۆشینی حیجاب. بۆ نموونە، سەرۆکی ئێران، مەسعوود پزیشکیان، لە دوو بۆنەی جیاوازدا لە مانگەکانی ئاب و ئەیلوولدا ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە پرسی حیجابی زۆرەملێ لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکرێت، نەک بەهێز. هەروەها، لەم دواییانەدا، محەمەد ڕەزا باهونەر، یەکێک لە ئەندامانی کۆمەڵەی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕژێم، کە وەک دەستەیەکی ڕاوێژکاری بۆ ڕێبەری باڵا کاردەکات، گوتی کە یاسای پەیوەست بە حیجاب جێبەجێنەکراوە و زیادی کرد: "لە کردەوەدا هیچ یاسایەکی کاریگەر نییە کە حیجابی زۆرەملێ بسەپێنێت."

لەنێوان گەشبینی و پرسیاردا، ئۆپۆزیسیۆن و چالاکوانی ئێرانی، مەسیح عەلینەژاد، لە چاوپێکەوتنێکی دەنگیدا لەگەڵ "ئیندپێندێنت عەرەبییە" دەڵێت کە ئەوەی لە دیمەنی سیاسیی ئێراندا دەیبینین، لە لێدوانی هەندێک لە پیاوانی دەوڵەت کە گوایە ناتوانن بە شێوەیەکی یاسایی حیجاب بەسەر ژناندا بسەپێنن، بە هیچ شێوەیەک گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە نییە، بەڵکو تەنها "شانۆگەرییەکی سیاسییە."ناوبراو دەشڵێت کە ئەم جۆرە لێدوانانە تەنها هەوڵێکن بۆ هێورکردنەوەی تووڕەیی خەڵک کە بووەتە هەڕەشە بۆ سەر ڕژێم. "ڕژێم دەزانێت کە سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ چیتر جێبەجێ ناکرێت. ژنان لە سەرتاسەری ئێراندا بەبێ ترس ڕەتی دەکەنەوە گوێڕایەڵی ئەم یاسا دڕندانەیە بن. ئەوان بەبێ حیجاب دەگەڕێن، سەرەڕای هەڕەشەکان، غەرامەکان و کامێراکانی چاودێری."

ئامادەکردن و وەرگێڕانی:  تایبەتمەندی ژنان

 گفتوگۆیەکی ڕادێویی لەگەڵ بەرهەڵستکاری ئێران مەسیح عەلی نەجات کراوە و لە ئیندیپێندی عەرەبی وەرگیراوە.

 

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا