ڕێگای كوردستان
دۆخی كۆمەڵایەتی عێراق دۆخێكی پڕ لە كێشەی جۆراوجۆر و ناجێگیر و ئاڵۆزە، كەمدەرامەتی وبێكاری و دانەمەزراندن وەك پێویست، كاریگەری خراپی لەسەر تاك و خێزان دروستكردووە.
دیاردەكانی خۆكوشتن و جیابوونەوەی هاوسەران و بازرگانیكردن و بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر، عێراقی گەیاندووەتە دۆخێكی مەترسیدارو تا دێت خراپتر دەبێت،ڕێژەی جیابوونەوەی هاوسەران مانگ لەدوای مانگ بەرزدەبێتەوە،حاڵەتی خۆكوشتن لەهەڵكشاندایەو مادەی هۆشبەر بەڵایەكی گەورەی بۆ عێراق دروستكردووە.
بەپێی ڕاپۆرتێكی كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤی عێراق، ساڵانە 600 بۆ 700 كەس لە عێراق كۆتایی بەژیانی خۆیان دەهێنن.
بەپێی زانیاریەكان ئەوانەی بە هۆكاری بێكاری و نەبوونی دانەمەزراندن كۆتایی بەژیانیان دەهێنن، لە 60% بۆ 70% لە گەنجانی خوار تەمەنی 40 ساڵین لەهەردوو رەگەزی نێرو مێدا.
هەر چەندە بەپێی ئامارێكی فەرمی وەزارەتی پلاندانی عێراق، ڕێژەی هەژاری لە ساڵی 2025 كەمبووتەوە بۆ 17.5%،بەڵام ڕێژەكە لە پارێزگایەكەوە بۆ پارێزگایەكی تر جیاوازەو پارێزگاكانی باشوور ڕێژەی هەژاریان تێدا بەرزە بەجۆرێك ڕێژەی هەژاری لە پارێزگای موسەنا (40%) و لە پارێزگای بابل (35.7%)ی تێپەڕاندووە.
بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی (العربی الجدید) كە زانیاری لەژمارەیەك پارێزەر وەرگرتووە، لە ڕۆژێكدا 233 حاڵەتی جیابوونەوە لە دادگاكانی عێراق تۆمار دەكرێن، واتا لە هەر سەعاتێكدا 9 حاڵەتی جیابوونەوە ڕوودەات و 9 خێزان هەڵدەوەشێتەوە، ئەمە جگە لەوەی حاڵەتەكانی جیابوونەوە لە گوندو شارۆچكە دوورە دەستەكان لە دادگاكاندا تۆمار ناكرێن.
چالاكوانانی مەدەنی و داكۆكیكار لە ئافرەت و خێزان پێیانوایە هاوسەرگیری پێشوەخت و خراپ بەكارهێنانی تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی و هەژاری و بێكاری و نەبوونی هۆشیاری، هۆكاری سەرەكی جیابوونەوەی هاوسەرانن.
لەبارەی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە مادەی هۆشبەر،سەنتەری ستراتیژی بۆ مافەكانی مرۆڤ لە عێراق لە ڕاپۆرتێكدا كە 29ی مانگی ئەیلولی ڕابردوو بڵاویكردووەتەوە ئاشكرایكردووە لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا هێزەكانی بنبڕكردنی مادەی هۆشبەر 230 باندی بازرگانی مادەی هۆشبەریان هەڵوەشاندووەتەوە كە 27 باندیان نێودەوڵەتی بوون و لە عێراق كاریان كردووە". چالاكانی بواری مافی مرۆڤ باس لەوە دەكەن كە مادەی هۆشبەر لە عێراق بەجۆرێك بڵاوبووەتەوە ڕێگریكردن لێی بۆتە مەحاڵ.
هەر بەپێی ڕاپۆرتەكە لەماوەی ئەو سێ ساڵەدا 43 هەزار بازرگان و بەكارهێنەری مادەی هۆشبەر دەستگیركراون، لەو ژمارەیە 150 كەسیان بیانی بوون.