
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی بۆسنە ڕایگەیاند کە بەپێی ئەنجامی سەرەتایی ۹۰٪ی دەنگەکان، سێ کاندیدی جیاوازی نەتەوەیی پێشەنگی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی سێ قۆڵیی وڵاتەکەیان گرتووە: کاندیدێکی چەپڕەوی بۆسنەیی، نەتەوەپەرستێکی سڕبی لایەنگری ڕووسیا، و نەتەوەپەرستێکی کرواتی.
ڕێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا ٤٢.٢٪ بوو، کە ڕەنگدانەوەی بێئومێدی هاووڵاتیانە لە خاوی گەشەی ئابووری، درێژەخایەنی پڕۆسەی چوونە ناو یەکێتیی ئەورووپا و بەردەوامی قەیرانی سیاسی کە لایەنە نەتەوەییەکان دروستیان کردووە.
دەنیز بیچیرۆڤیچ لە ڕەوتی چەپڕەو، دارپانا فیلیپۆڤیچ لە ڕەوتی کرواتی، و ژێلکا تسڤیانۆڤیچ لە ڕەوتی سڕبی، زۆرترین دەنگی هەرێمەکانی خۆیان بەدەستهێناوە.
سەرۆکایەتیی سێقۆڵیی بۆسنە و هەرزەگۆڤینا، سیستەمێکی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی هاوبەشە لەو وڵاتەدا، کە لە شوێنی یەک سەرۆک کۆمار، سێ ئەندام بەکۆمەڵ ئەرك و دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی وڵات بەڕێوەدەبەن.
ئەم سیستەمە لە ساڵی ۱۹۹٥دا لەسەر بەڵگەنامەی ڕێککەوتننامەی ئاشتیی دەی تۆن دامەزرا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ناوخۆیی بۆسنە، بە ئامانجی دابەشکردنی دەسەڵات و هاوسەنگی لەنێوان سێ نەتەوە سەرەکییەکەی وڵاتدا.
سەرۆکایەتییەکە لە سێ ئەندام پێکدێت کە نوێنەرایەتی سێ پێکهاتە سەرەکییەکە دەکەن:
۱. نوێنەرێکی بۆسنەیی (موسڵمان)
۲. نوێنەرێکی کرواتی (کاسۆلیک)
۳. نوێنەرێکی سڕبی (ئۆرسۆدۆکس)
