
ژووری هەواڵ
ساڵی ڕابردوو تۆم باراک، نێردراوی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا و عێراق، ڕایگەیاند، کە سەپاندنی مۆدێلی فیدڕاڵی بۆ عێراق هەڵەیەکی کارەساتبار بوو، چونکە ڕۆژئاوا تێنەگەیشتبوو لە سروشتی کۆمەڵگە فرەیی و عەشایەرییەکانی ناوچەکە.
باراک ووتیشی عێراق و سوریا دوو ووڵاتن گونجاو نین بۆ سیستەمی فیدڕاڵیی.
سەبارەت بە سوریاش، جەختی لە یەک دەوڵەت، یەک حکومەت، یەک سوپا کردەوە، ئەم لێدوانەی باراک لە پاریس لە نێوان ئەمریکاو فەڕەنساو بەریتانیاو تورکیاو سوریاو سعودیە ڕێکەوتنی لەسەر کراو بووە هۆی کۆتاییهاتنی ناوچەکانی خۆبەڕێوەبەری و هێزەکانی هەسەدە.
ناوبراو لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دووبارە جەختی کردەوە کە عێراق، لە داهاتوودا پشت بە یەک دەوڵەت و یەک نەتەوە دەبەستێت.
ئێستا سەرکردە سیاسییەکان و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ترسیان لە دووبارەبوونەوەی هەمان سناریۆ لە عێراقدا هەیە و لێدوانەکەی باراک بەهەند وەر دەگیرێت، بەوپێیەی باراک گوزارشت لە سیاسەتی خراپی ئەمریکای سەردەمی ترەمپ دەکات بەرانبەر بە گەلی کورد.
بەڵام بە بۆچونی چاودێرانی سیاسی، جیاوازیی سەرەکی لەنێوان باشوور و ڕۆژئاوا ئەوەیە کە دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان وەک ئەمری واقیع و دۆخی ئاڵۆزی ناوخۆی سوریا دروستبوو، لەکاتێکدا باشووری کوردستان وەک هەرێمێکی فیدڕاڵی لە دەستووری عێراقدا چەسپێنراوە.
هاوکات، پێشیان وایە، عێراق له دۆخێکی ناوخۆیی ئاڵۆزدایەو پێشبینی ناکرێت بەهۆی ئەم کێشانەوە بەتایبەت پرسی چەککردنی گرووپەکان، بپەرژێتە سەر هەرێمی کوردستان و بیر لەو جۆرە هەنگاوانە بکاتەوە.
