
چنوور محمود
بەریتانیا
زۆركەس تەنها ئەوە دەزانن كە رۆژی 8 ی مارس ڕۆژی جیهانی ئافرەتانە و تەواو، بەڵام دیاریكردنی ئەم ڕۆژە هەر لە خۆیەوە نەبووە و چیرۆكی بە ئازاری چەوساندنەوەی ئافرەتانی لە پشتەوەیە.
رۆژی ٨ی مارس رۆژی داواکردنی مافە
لەڕووی مێژوییەوە هۆکاری گۆڕینی 8 مارس وەک ڕۆژێکی جیهانی تایبەت بە ئافرەتان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1857، کە لەڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا سەرجەم کرێکارە ئافرەتەکانی کارگەیەکی قوماش و دورینی جلوبەرگ لە شاری نیویۆرکی ئەمریکا لەپێناو زیادکردنی داهات و چاککردنی ژیان و گوزەرانیان و کەمکردنەوەی ماوەی کارکردنیان خۆپیشاندانیان کرد، بەڵام بەهێز و زەبرێکی زۆر کەوتنە لێدانی ئافرەتەکان و سوکایەتی پێکردنیان.
ئەم ڕووداوە کاریگەریەکی زۆری دروستکرد لەڕووی مرۆڤایەتییەوە و لە ساڵی 1907 لەیادی پهنجاههمین ساڵڕۆژی خۆپیشاندانی نیویۆرك له 8ی مارسدا خهباتی ئافرەتان بۆ دابینكردنی مافه سیاسی و كۆمهڵایهتییهكانی ئافرەتان خۆپیشاندانیان ڕێکخست، پێشنیاریش کرا بۆ ئەوەی ڕۆژێک تایبەت بکرێت بە ئافرەتان، ئەم هەوڵەش بەردەوام بو لەلایەن چەندین ڕێکخرای تری ئافرەتانەوە بەردەوام جەختی لەسەر دەکرایەوە وەک (ئافرەتانی سۆسیالستی ئەڵمان، ئافرەتانی سوسیالیستی كلارا زاتكین، ئافرەتانی سوسیالیستی ئۆتریشی زۆری.. هتد)
پاشان لە 19ی مارسی ساڵی 1911 خانمانی چەند وڵاتێک ڕژانە سەر شهقامهكانی وەک ئەڵمانیا، ئۆتریش،دانیمارك، بەڵام ئەم رێژەیە لە ئۆتریش گەیشتە نزیکەی 30 ههزار كهس، لەئەنجامی ئەمەش هێزهكانی پۆلیس هێرش دەکاتە سهریان به لێدان و دەستگیرکردن و توندوتیژی بۆ کۆتایی هێنان بە خۆپیشاندانەکە.
پاش هەمو ئەم هەوڵ و کێشە و کۆششکردنەوەی ئافرەتان، لە ساڵی 1913 لەلایەن چەند دەزگایەکی نێودەوڵەتی تایبەت بە ڕۆشنبیری ئافرەت، 8ی مارس دەکاتە ڕۆژی جیهانی تایبەت بە ئافرەتان.
لەدوای ئەم بڕیاڕەش ئافرەتانی شۆڕشگێڕ لە چەندین وڵاتی دیکە لەم ڕۆژەدا لە پێناو بەدەستهێنانی مافەکانیان و نەهێشتنی زوڵم و ستەم خۆپیشاندانیان دەکرد، لە ساڵی 1921 دا " ئافرەتانی ئهنترناسیوناڵی سێیهمی كۆمۆنیستی مۆسکۆ ڕۆژی 8ی مارس وهك رۆژی جیهانی ئافرەتان پهسهند كرد، لەدوای جەنگی دووەمی جیهانیش پەرەی سەند و بۆ بەشێکی دیکەی وڵاتانی ئاسیا و ئەمریکا و چەندینی تر.
وەک دەبینین دوای ئەو مێژووە دوورودرێژە و دوای چەندین گۆڕانکاری لە سیستەمی جیهانی و باری کۆمەڵایەتی گەلان و کاریگەرییەکانی جیهانگیری، دوای خەباتی دوورودرێژی ئافرەتان بۆ ماف و یەکسانی؛ دەتوانم بلێم تا ئێستاش لە هیچ شوێنێکی دونیا ئافرەتان بە تەواوی بە ماف و دەرفەت و لێپرسراوێتی یەکسان نەگەیشتوون. تەنانەت لە زۆرینەی وڵاتانی جیهاندا ڕووبەڕووی توندوتیژی و جیاکاری لەسەر بنەمای ڕەگەز دەبنەوە.
ئافرەتی کوردیش وەک سەرجەم ئافرەتانی جیهان خاوەن مێژوویەکی پڕ تێکۆشانی یەکسانخوازی و ئازادیخوازی نەتەوەییە شانبەشانی پیاوان ، ئەگەر ئافرەتانی جیهان تەنها لەبەر ئافرەتبوونیان ستەمیان لێکرابێ و چەوساو بووبنەوە؛ ئەوە ئافرەتی کورد دوو جۆر چەوسانەوەی لەسەربووە، لەلایەکەوە چەوسانەوەی نەتەوەیی لەلایەن وڵاتانی داگیرکار لەلایەکی دیکەش چەوساوەی دەستی هزری پیاوسالاری و ئەو سیستەمە کۆمەڵایەتییەی کە ئافرەت بە کەمتر و لاوازتر لە پیاو دەبینێ و مافی خاوەنداری ئافرەت بە پیاو دەدات،
لەمڕۆدا، ئەگەرچی ئافرەتانی کورد گیرۆدەی دەستی بیری پیاوسالارین و ڕۆژانە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، لێرەو لەوێ گوێبیستی
ڕووداوی توندوتیژی دەبین دەرهەق بە ئافرەتان ئەوەندە دڕندانەیە مرۆڤ تووشی شۆک دەبێت و پێویست دەکات لە خەبات زیاتر بەردەوام بین و زیاتر پێداگیری بکەین لە گەیشتنی ئافرەتان بە مافەکانیان، من لە ژیانی خۆم بێ پسانەوە خەباتی پێوچانم بۆ مافەکانی ئافرەتان کردووە و بەردەوام دەبم تا کە رێگاکەش پشت بەستنی ئافرەتانە بە خۆیان و خۆ رۆشنبیرکردنی خۆیان.
دووبارە بەرزو پیرۆزبێت ٨ی مارس
رۆژی جیھانی ئافرەتان