هێرۆ هەڵەبجەیی 


لە هەشتی ئازاردا، ڕۆژی جیهانیی ژنان تەنها وەک جەژنێکی ڕەمزی ناگەڕێتەوە، بەڵکو وەک بۆنەیەک کە پرسی یەکسانی و دادپەروەری لە جیهانێکدا دووبارە دەوروژێنێتەوە کە هێشتا سنوورەکانی ئازادی و کەرامەت تاقیدەکاتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، دروشمێک کە لە دڵی کوردستان و ئێرانەوە بوو بە بانگەوازێکی جیهانی، سەرهەڵدەدات: "ژن، ژیان، ئازادی" – سێ وشە کە بە ماناوە دەدرەوشێنەوە، بەیەکەوە فەلسەفەیەک لە بوون و خەباتێک پێکدەهێنن کە کات و جوگرافیا تێدەپەڕێنێت.

"ژن" لێرەدا تەنها پێناسەیەکی بایۆلۆجی نییە، بەڵکو ئامادەبوونێکی مرۆییە کە هێز و داهێنان و توانای گۆڕانکاری بەرجەستە دەکات. و "ژیان" تەنها بەردەوامبوونێکی فیزیکی نییە، بەڵکو مافی کەرامەت و هەڵبژاردن و بەشداریکردنە لە دروستکردنی چارەنووسدا. سەبارەت بە "ئازادی"یش؛ داوایەکی ئەریستۆکراتیانە نییە، بەڵکو بناغەیەکە کە بەبێ ئەوە مرۆڤایەتیی ژن بۆ تارماییەک و سێبەرێک کورت دەکرێتەوە. ئەم سێینەیە ناوەڕۆک و جەوهەری شەڕی ژنان لەپێناو خۆیان و لەپێناو داهاتوویەکی دادپەروەرتر بۆ هەموو مرۆڤایەتی، پێکدەهێنێت.

ژنان و کچانی کوردستان و ئێران ئەم دروشمەیان لە دژی یەکێک لە ستەمکارترین سیستەمەکان بەرزکردەوە. لە دوای شۆڕش و بەرگریی ژنان و کچانی کوردستانی ڕۆژئاوا و سووریایش قژی خاوی پەلکەکراو "کەزی" بوو بە ئاڵایەکی ڕەمزی بۆ بزووتنەوەیەک کە هەندێک دەنگ و ڕەنگ ناویان لێنا "شۆڕشی کەزی". ئەم شۆڕشە تەنها حەزێکی ئیستاتیکایی یان ناڕەزایەتییەک نەبوو دژی پۆشاک بە تەنها، بەڵکو کردارێکی قووڵی بەرگری بوو دژی ئەو دەستوەردان و چاودێرییەی کە بەسەر جەستە و ڕۆح و مافی بووندا سەپێنراوە. زۆرێک لە ژنان نرخی گرانبەهایان دا بۆ ئازایەتیان؛ چونکە ڕووبەڕووی کوشتن و بێسەروشوێنکردن بوونەوە، هەندێک لە خێزانەکان تەنانەت لە مافی ماڵئاوایی جەستەی ژنان و کچانیشیان بێبەش کران، لە هەوڵێکی سیستەماتیکدا بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە بە شاردنەوەی پڕشنگەکەی.

بەڵام شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" سنوورەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئێرانی تێپەڕاند، وەکوو چۆن "شۆڕشی کەزی" سنوورەکانی کوردستانی ڕۆژئاوا و سووریای تێپەڕاند،  بۆ ئەوەی ببێتە هێمایەکی جیهانی بۆ ئەو ژنانەی کە لە هەموو شوێنێک ڕووبەڕووی توندوتیژی و جیاکاری دەبنەوە. ئەمە بیرهێنانەوەیەکە کە ئازادیی ژن کێشەی گرووپێک یان کولتوورێکی دیاریکراو نییە، بەڵکو پێوەرێکی مرۆییە بۆ زیندوویی کۆمەڵگاکان و توانایان بۆ پێشکەوتن. چونکە کاتێک ئازادی لە ژنان دەسێنرێتەوە، ئاسۆی مرۆڤایەتی بە گشتی بچووک دەبێتەوە.

لە ڕۆژی جیهانیی ژناندا، تەنها هاوپشتی لەگەڵ ژنان لە کوردستان و ئێراندا بەس نییە، بەڵکو دەبێت ئەم هاوپشتییە بگۆڕین بۆ پابەندبوونێکی کرداری بەرەو جیهانێکی دادپەروەرتر. چونکە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دروشمێکی ناڕەزایەتیی کاتی نییە، بەڵکو بەرنامەیەکی ژیانە کە بەهاکانی یەکسانی و دادپەروەرت دەچەسپێنێت و کۆتایی بە هەموو جۆرەکانی توندوتیژی و دەستوەردان دەهێنێت.

با هەشتی ئازار بانگهێشتێک بێت بۆ بەرجەستەکردنی ئەم سێینەیە "ژن، ژیان، ئازادی" وەک واقیعێکی بەرجەستە – کاتێک هێزی ژن بەرز دەنرخێنرێت، ژیانی دەپارێزرێت، و ڕێز لە ئازادییەکەی دەگیرێت. لە کۆتاییدا، ژیان تەنها کاتێک گەشە دەکات کە کەزییەکان لە کۆت و بەندەکانیان دەکرێنەوە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا