هیوا عومەر


لەگەڵ تەشەنەسەندن و چڕبوونەوەی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران، وەک جەنگێکی جیۆستراتیژی لە ئاستی جیهانی و ناوچەییدا، تەنیا نەخشە و سنوورەکان گۆڕانکارییان بەسەردا نایەت؛ بەڵکوو پێش ئەوە، تێگەیشتنی ئێمە بۆ چەمکی "ڕەوایەتیدان بە شەڕ" و ناسنامەی بەرەکان لە ئاستی ناوخۆیی و جیهانیشدا، گۆڕانکاریی بەسەردا دێت.
داگیرکردنی کایەی گشتی و فەزای بیرکردنەوە
کاتێک گوتاری ڕق و کینە، هاوشانی دووکەڵی شەڕ، فەزای گشتی دادەپۆشێت، ئیتر بوارێک بۆ بیرکردنەوەی ئازاد نامێنێتەوە. هەموو شتێک و هەموومان پەلکێشی دابەشبوونێکی توند دەکرێین؛ دابەشبوون لە نێوان ڕەش و سپیدا: "یان لەگەڵمدایت، یان لە دژم!". 
ئەم گوتارە، بەر لەوەی مووشەک و درۆنەکان بگەن، فەزای گشتی و خەیاڵدان و هزری ئێمەی داگیر کردووە و ئاراستەی کردووین. لە دۆخێکی وەهادا، هەر دەنگێکی جیاواز لە دەرەوەی ژاوەژاو و هەراوهوریای ئەم دوو بەرەیە، وەک دەنگێکی "نەشاز" و "بێبایەخ" وێنا دەکرێت. ئەمەش دەرەنجامی ڕاستەوخۆی داگیرکردنی کایەی گشتییە.
لە ساتەوەختێکی مێژوویی وەهادا، ئاسانترین کار هەڵبژاردنی بەرەیەکە لە دژی بەرەکەی دیکە. ڕەنگە بەم هەڵبژاردنە، هێزێکی کاتی و دەستکرد بەدەست بهێنین، بەڵام بۆ هەمیشە خودی خۆمان وەک سوبێکتێکی سیاسی (بکەرێکی سیاسیی خاوەن ئیرادە) لەدەست دەدەین. ئەمە تەسلیمبوونە بە واقیع، نەک بڕیارێکی ئازادانە بەرەو "خۆبوون و ئازادی". 
ئەرکی هێزە ئازادیخوازەکان و سەنگەری سێیەم
هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان، یان هەر هێزێکی خاوەن ئیرادەی هزری، ناچار نین لە نێوان دوو جەمسەری ڕەش و سپیدا یەکێکیان هەڵبژێرن. بڕیاری مێژوویی و بوون بە "بکەری سیاسی" لەوەدایە کە بتوانیت ڕێگای سێیەم بدۆزیتەوە، بەبێ ئەوەی بکەویتە داوی سەنگەری "ئەمریکی-ئیسرائیلی" یان "ئێرانی"، یان ببیتە خزمەتکاری پڕۆژەیەکی پۆپۆلیستیی ترەمپی، یانیش سووتەمەنیی پڕۆژەی حوکمی "ویلایەتی مەلاکان".
ئەم تێڕوانینە بە واتای تێنەگەیشتن نییە لە سەختییەکانی جەنگی تەکنەلۆژیا و هەژموونی ئیسلامی سیاسیی شیعە، کە هەوڵ دەدەن ڕۆڵی جەماوەر و هێزە ئازادیخوازەکان بەتاڵ و ناواقیعی نیشان بدەن. بەڵکوو بەو مانایەیە کە بۆ هێزە کوردییەکان و هێزە چەپەکانی ناوچەکە، بوون بە "بکەرێکی کارا" تەنیا لە دەرەوەی ئەم دابەشکارییە ئامادەکراوانەدا بەدی دێت. بێلایەنی لەم جەنگەدا بە مانای بێدەنگی نایەت، بەڵکوو بە مانای پاراستنی ئیرادەی سیاسی دێت لە دەرەوەی هاوکێشەی "یان لەگەڵماندایت یان لە دژمان".
بە واتایەکی دیکە، لەم ساتەوەختەدا، ئەرکمان وەک بکەرێکی کارا، تێپەڕاندن و گۆڕینی مەترسییەکانە بۆ دەرفەتێکی مێژوویی، بەبێ ئەوەی ناسنامەی خۆمان لەناو تاریکیی دووکەڵی ئەم جەنگەدا بدۆڕێنین.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا