خوێندنەوەیەکی ئایینیانەی مەقاسیدیانە 
بەشی یەکەم 
مەلا ئیدریس ژاڵەیی 
پێشەکی
یەکێک لە گرفتەکانی ئەمڕۆی  ژیانی ئاینی و سیاسی کۆمەڵگە موسڵمانەکان تێکەڵکردنی ناکۆکیی سیاسی و ڕێکخراوەیی و دادگایکردنە بە حوکمدانی ئایینیانە! هەر ئەم تێکەڵکردنەش هەندێک جار دەبێتە هۆی بەکافرکردن و بەکارهێنراوەکانی وەک تەبدیع و تەفسیق و ئەوانی دیکە! هەروەها بڵاوبوونەوەی ڕق و کینە و لاوازبوونی متمانەی کۆمەڵایەتی و گۆڕینی شوێنەکانی خواپەرستی لە ئاسودەبوونی ڕۆح و فێربوونی زانستە ئایینیەکانەوە بۆ مەیدانی شەڕ  و ناکۆکی!
ئەم نووسینە هەوڵ دەدات بە پشتبەستن بە بنەماکانی قورئانی پیرۆز و سوننەتی پێغەمبەر ﷺ و مەقاسیدی شەریعەت، زەرورەتی جیاکردنەوەی نێوان هەڵسەنگاندنی سیاسی و حوکمدانی ئایینی ڕوون بکاتەوە! هەروەها گرنگیی چاکسازی و ڕاوێژکاریی دڵسۆزانە و پەروەردەی ئایینی و هەڵسەنگاندنی کردار و ئەنجامی کردەوە سیاسییەکان لە ڕوانگەی خزمەت بە مرۆڤ و پاراستنی ماف و کەرامەتی مرۆڤەوە بخاتە ڕوو!
یەکێک لە تەوەرەکانی نووسینەکە ئەوەیە ناوی ڕێکخراو و حیزب بە تەنها پێوەری هەڵسەنگاندنی ئاینیی نییە! بەڵکو پێویستە بەرنامە، کردار، دادپەروەری،  ئازادی،  پاراستنی ژیان و سامان،  کەرامەتی مرۆڤ و ڕادەی پابەندبوون بە بەرژەوەندیی گشتی بخرێنە بەرباس و بکرێتە پێوەری هەڵسەنگاندن!
لە هەمان کاتدا نابێت پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەک ببێتە هۆی چاوپۆشی لە هەڵە و ناتەواویەکان! بەڵکو چاکسازیی ڕاستەقینە بریتییە لە پشتیوانیی کردارە چاکەکان و ڕاستکردنەوەی هەڵەکان بە زانست و  دادپەروەری و دانایی. 
ئەمە سەرەتایەکە وەک پێشەکیەک بۆ چونە ناو بابەتەکە کە لەناوەڕۆکیدا چەند تەوەرێکم خستۆتە بەرباس  و لێکۆڵینەوە و پاشان ئاماژەم بە چەند خاڵێک کردووە وەک پێشنیار و ڕاسپاردە و لە کۆتاییشدا ئەو دەرەنجامانەم پێشکەش کردووە کە توێژینەوەکە پێ ی گەیشتووە  .
تەوەری یەکەم
کاتێک ناکۆکیی سیاسی دەبێتە کێشەی ئایینی !
کۆمەڵگە بە ناکۆکیی یان جیاوازی بیر و بۆچوون پەرتەوازە نابێت بەڵکو کاتێک جیاوازییەکان دەبێتە هۆی ڕق و دوژمنایەتی و تۆمەتبارکردن و نەمانی متمانە،  ئیتر بنەماکانی پێکەوە ژیان و تۆکمەیی کۆمەڵگە تێکدەچن!
لە کۆمەڵگەیەکدا کە زۆرینەی دانیشتووانی موسڵمانن و پەیوەندیی خێزانی و کۆمەڵایەتی و مێژوویی بە ئایینەوە بەستراوەتەوە، پێویستە جیاوازیی سیاسی و ڕێکخراوەیی بە شێوەیەکی زانستی و دادپەروەرانە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت! نابێت جیاوازیی لە بەرنامە و  ناوی حیزب و شێوازی بەڕێوەبردن یان هەڵوێستی سیاسی ببێتە هۆی ئەوەی موسڵمانێک بە بێ بنەمای شەرعی بە 
فاسق یان کافر ناوببرێت یان مافی ئاینداری و کەرامەتی کەسێک بەهۆی جیاوازیی سیاسییەوە پێشێل بکرێت. 
پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە ئایا ئەرکی زانایانی ئایینی و چاکسازیکارانی کۆمەڵایەتی تەنها بریتیە لە ناساندنی هەڵەکان و ڕەخنەگرتن یان پێویستە ڕێگای گۆڕان و چاکسازییش پیشان بدەن؟
لە ڕوانگەی قورئان و سونەتەوە ئەرکی بانگخواز و چاکساز تەنها ئاگادارکردنەوە لە خراپە نییە، بەڵکو بانگکردنە بۆ چاکە و ڕێنمایی بە نەرمونیانی و لەسەرخۆیی و دانایی، هەوڵدان بۆ پەروەردە و پێگەیاندنی تاکەکانی کۆمەڵگەش لە بنەما سەرەکییەکانی ئەو ئەرکەن.
خوای گەورە دەفەرموێت:
﴿إِنْ أُرِيدُ إِلَّا الْإِصْلَاحَ مَا اسْتَطَعْتُ وَمَا تَوْفِيقِي إِلَّا بِاللَّهِ}(هود: ٨٨) .
واتە:{من هیچم ناوێت تەنها چاکسازی نەبێت، بەگوێرەی توانام، ڕێکخستنی کارم بەدەستی کەس نییە بە دەستی خوا نەبێت، پشت و پەنام هەر بەو بەستووە و هەر بۆلای ئەویش دەگەڕێمەوە}
ئەم ئایەتە بنەمایەکی گرنگە بۆ تێگەیشتن لە ئەرکی چاکسازی چونکە ئامانجی بانگخواز نابێت سەرکەوتنی گروپێک بەسەر گروپێکی دیکەدا بێت بەڵکو دەبێت چاکسازی و نەهێشتنی خراپە و پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی بێت.
دووەم
مەترسیی بەکارهێنانی حوکمە ئایینییەکان لە ململانێی سیاسی دا !
لە زاراوەکانی زانستە ئیسلامیەکاندا وشەی تەکفیر و تەبدیع و تەفسیق هەر یەکەیان مانا و مەرج و سنووری تایبەتی خۆی هەیە! بەکارهێنانی ئەم حوکمانە نابێت ببێتە ئامرازێک بۆ تۆڵەسەندنەوەی سیاسی و  شکاندنی کەرامەتی بەرامبەر یان کۆکردنەوەی لایەنگران بە ڕێگەی جوڵاندنی هەست و سۆزی ئاینی یان ترساندن و تۆمەتبارکردن.
حوکمدان لەسەر کردارێک و حوکمدان لەسەر کەسێک دوو بابەتی جیاوازن! هەروەک چۆن ڕەخنەگرتن لە بەرنامە و سیاسەتی حیزبێک بە مانای حوکمدان لەسەر ئیمان و باوەڕی ئەندامانی ئەو حیزبە نییە!
لە ڕوانگەی زانستییەوە پێویستە لە نێوان ئەم چوار بابەتەدا جیاوازی بکرێت: 
١. هەڵسەنگاندنی کردار و بەرنامەی سیاسی.
٢. ڕەخنەگرتن لە هەڵە و ناپابەندبوون بە بنەما ئایینی و ئەخلاقییەکان.
٣. حوکمدان لەسەر تاکەکەس و دیاریکردنی بەرپرسیارییەتی.
٤. دەرکردنی حوکمی گشتیی ئایینی لەسەر گروپێک یان حیزبێک.
ئەم بابەتانە یەکسان نین و تێکەڵکردنیان زۆربەی جار دەبێتە هۆی بڕیاری هەڵە و تێکچونی شیرازەی کۆمەڵایەتی.
پێویستە زانایانی ئایینی لە حوکمداندا پابەندی زانست و دادپەروەری و دڵنیایی لە زانیاری و ڕەچاوکردنی مەرج و ڕێگرە شەرعییەکان بن!
لە هەمان کاتدا پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکان ڕێز لە ئازادیی بیر و باوەڕ و  کەرامەتی مرۆڤ و مافی جیاوازیی بیر و بۆچوون بگرن!
خوای گەورە دەفەرموێت:
﴿وَلَا تَقْفُ مَا لَيْسَ لَكَ بِهِ عِلْمٌ﴾(الإسراء: ٣٦)
واتە: {"ئەی ئینسان" لە شتێک مەدوێ و شوێنی شتێک مەکەوە کە زانست و زانیاریت دەربارەی نییە}. 
ئەم بنەمایە هۆشدارییەکە لە مەترسی حوکمدانی بێ زانیاری و زەرورەتی پشتبەستن بە بەڵگە و دڵنیایی! 
کەواتە هەرگیز نابێت بە پاساوی ناوی  حیزب یان دروشمێکی سیاسی یان هەڵوێستێکی جیاواز یان هەڵسەنگاندنێکی سەرەتایی بڕیار لەسەر ئیمان و نیازی ئەندامانی حیزبەکە بدرێت.
سێیەم
ئیسلاح و پەروەردە،  بنەمای بانگەواز بۆ ئایین
بانگەوازکردن بۆ ئاین لە بنەڕەتدا پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە حیکمەت و ڕێنمایی و چاکسازییەوە هەیە! بانگخواز  کەسێک نییە تەنها هەڵەکان باس بکات یان تاوانەکان بژمێرێت! بەڵکو کەسایەتییەکە هەوڵ دەدات هۆکارەکانی هەڵە بناسێت و ڕێگای ڕاستکردنەوەیان پێشکەش بکات ،
خوای گەورە دەفەرموێت:
﴿ادْعُ إِلَىٰ سَبِيلِ رَبِّكَ بِالْحِكْمَةِ وَالْمَوْعِظَةِ الْحَسَنَةِ وَجَادِلْهُمْ بِالَّتِي هِيَ أَحْسَنُ}
(النحل: ١٢٥)
واتە: {"ئەی پێغەمبەر ﷺ، ئەی ئیماندار" بانگەواز بکە بۆلای بەرنامە و ڕێبازی پەروەردگارت بە 
حیکمەت و دانایی "بۆ هەندێک" و ئامۆژگاری جوان و بەجێ، "بۆ هەندێکی تر " و گفتوگۆ و موجادەلە بە جوانترین شێوە"لەگەڵ هەندێکی تردا بەتایبەتی خاوەن کتێبەکان " .}
ئەم ئایەتە پیرۆزە ڕێبازەکانی بانگەواز ڕوون دەکاتەوە کە گرنگترینیان :حیکمەت و  ئامۆژگاریی جوان و گفتوگۆی باشە، ئەمانە نەک لەگەڵ ڕەخنەی زانستی و ڕاستگۆیی ناکۆک و پێچەوانە نین، بەڵکو ڕێگای کاریگەریی ئەو دووانەن !
بێگومان مەبەستم لە نەرمونیانی   بێدەنگبوون لە بەرامبەر ستەم و گەندەڵی و پێشێلکردنی مافەکان نییە! چاکسازیی ڕاستەقینە ئەوەیە کە هەڵە و کەم و کورتیەکان بە ڕوونی بناسرێن و بخرێنەڕوو بەڵام گرنگە ڕاستکردنەوەکان بە دانایی و دادپەروەری بکرێت نەک دوژمنایەتی و سووکایەتی یان بەرژەندیخوازی حیزبایەتی.
خوای گەورە دەفەرموێت:
﴿فَقُولَا لَهُ قَوْلًا لَيِّنًا لَعَلَّهُ يَتَذَكَّرُ أَوْ يَخْشَىٰ﴾(طه: ٤٤)، 
واتە: {هەردووکتان بە نەرمی و بەجوانی گفتوگۆی لەگەڵدا بکەن، بۆ ئەوەی یاداوەری وەربگرێت، یان ترسی "سزای ئێمە " لە دەروونییدا جێ بگرێت} . 
ئەم فەرمانە لەبارەی گفتوگۆی موسا و هارون "علیهما السلام"لەگەڵ فیرعەون هاتووە! ئەو کەسەی کە لە ستەم و سەرکێشیی دا  هاوشێوەی نەبووە و بە  گەورەی ستەمکاران ناوبانگی دەرکردبوو!
ئەمە وانەیەکی گرنگە بۆ بانگخوازان و زانایانی ئاینی: ئەگەر بە نەرمونیانی گفتوگۆکردن لەگەڵ ستەمکارێکی وەک فیرعەون بنەمایەکی قورئانی بێت ئەوا لە پەیوەندی لەگەڵ موسڵمانان و هاووڵاتییانی خۆماندا پێویستە بە دانایی و ڕێزەوە مامەڵە بکرێت و هەزار قات پێویستە نەرم و نیان و زمان شیرین بین دوور لە هەڕەشە و هاتوهاوار وهەڵشاخان .
چوارەم
جیاوازیی حیزبایەتی و کاریگەری لەسەر تۆکمەیی کۆمەڵایەتی
جیاوازیی سیاسی و ڕێکخراوەیی لە کۆمەڵگایەکی زیندوودا شتێکی سروشتییە!  بەڵام ئەوە سروشتی نیە کە حیزبایەتی ببێتە پێوەر یان بنەما بۆ هاوڕێیەتی و دوژمنایەتی! یان پەیوەندییە خێزانی و کۆمەڵایەتیەکان بەهۆی جیاوازیی سیاسییەوە بپچڕێت و تێکبشکێت. 
لە کۆمەڵگای کوردستاندا پەیوەندیی نێوان خێزانەکان و  گوند و شارەکان هەروەها مزگەوت و تەکیە و خانەقاکان!، زانایانی ئایینی و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان، بەشێکی گرنگ لە پێکهاتەی متمانە و پێکەوەژیانە! هیچ کات نابێت ناکۆکیی حیزبی ئەم پەیوەندییانە بخاتە ژێر فشار و ببێتە هۆی دروستبوونی ڕق و کینەی نەوە دوای نەوەوە !
پێویستە لەنێوان ڕەخنەی سیاسی و دوژمنایەتیی کۆمەڵایەتیدا جیاوازی بکرێت:
دەکرێت هاوڕای بەرنامەی حیزبێک نەبین، بەڵام ناکرێت ڕێز لە ئەندام و پەیڕەوانی نەگرین!
دەکرێت لە هەڵوێستێکی سیاسی ڕازی نەبین، بەڵام نابێت ئەو ناکۆکییە ببێتە هۆی شکاندنی کەرامەتی مرۆڤەکان یان پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکان!
خوای گەورە دەفەرموێت:
﴿إِنَّمَا الْمُؤْمِنُونَ إِخْوَةٌ فَأَصْلِحُوا بَيْنَ أَخَوَيْكُمْ﴾(الحجرات: ١٠)،
واتە: { لە ڕاستیدا ئیمانداران برای یەکن،کەواتە هەرکاتێک لەنێوان دوو براتاندا ناکۆکی پەیدابوو، ئێوە نێوانیان چاک بکەن و ئاشتیان بکەنەوە} .
ئەم ئایەتە ئەرکی بەرپرسیاریەتی دەخاتە ئەستۆی تاک بەتاکی کۆمەڵگەی باوەڕداران! لەبەر ئەوە پێویستە زانایانی ئایینی و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و ڕابەرانی سیاسی و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان بە هەماهەنگی و پێکەوە هاوکاریی یەکتر بکەن بۆ کەمکردنەوەی ناکۆکیەکان و پارێزگاری لە ئاشتیی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیان کاربکەن .
پێنجەم
ناوی حیزب یان ناوەڕۆک؟
پێوەرەکانی هەڵسەنگاندن !
یەکێک لە بابەتە هەستیارەکانی گفتوگۆی ئایینی و سیاسی ئەوەیە کە ئایا پاشگری ئیسلامی بۆ حیزبێکی سیاسی لە جێگەی خۆیدایە؟ ئایا پێوەرێکی تەواوە بۆ هەڵسەنگاندنی پابەندبوونی ئەو حیزبە بە شەریعەتەوە؟ یان پێویستە قسە و باس لەسەر ناوەڕۆک و کردار و ئەنجامی کارەکانی بکرێ؟

powered by social2s

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا