
حوسێن عومەر
لە ووڵاتێکەوە چیڕۆک دەگێڕمەوە کە پەنجەرەکانی زۆرن ، بەڵام دەرگای تێگەیشتن لە ناخی مرۆڤەکان هێشتا بۆ زۆرکەس داخراوە .
وڵاتێک کە خەڵکی تێیدا هەموو ڕۆژێک سەیری جیهان دەکەن ، بەڵام کەمتر وەستاون بۆ ئەوەی بزانن لە پشت ئەو دیمەنانەدا چی ڕوودەدات لێرەدا ڕوخسارەکان دەدوێن ، شاشەکان هەواڵ دەگوازنەوەو دەنگەکان بەخێرایی بڵادەبنەوە .
بەڵام لە پشت ئەم هەموو جولەیەدا ، چیڕۆکی مرۆڤ هەیە لەوانەیە هیچ کەسێک پرسیاری لێ نەکات چۆن دەژیت ،
من لە ووڵاتی پەنجەرەکانەوە چیڕۆک دەگێڕمەوە . لەدەرەوەدا سەرکەوتوو دیارن ، بەڵام لەناخەوە لەگەڵ بارێکی قوڕسدا دەجەنگن . بە هەندێک پێکەنین ڕۆژەکانیان تێدەپەڕێنن ، چونکە بەبێدەنگی بەرگەی ڕۆژگار دەگرن ،چونکە وا فێربوون هەموو ئازارێک نابێت بگوترێت .
لێرەدا مرۆڤ فێردەبێت چۆن ڕووخساری بەهێز پیشان بدات ، تەنانەت ئەگەر لە ناخیدا هەموو شتێک لە لێواری هەڵوەشانەدا بێت .
لەسەردەمی ئێمەدا ، زانیاری لە چرکەیەکدا سنورەکان دەبەزێنێت . بەڵام ناسینی مرۆڤ هێشتا پێویستی بەکات وگوێگرتن و دادپەروەری هەیە . دەتوانین لە دوورترین شوێنەکانی جیهان ئاگاداربین . بەڵام لەوانەیە لە بارودۆخی ئەو کەسە بێئاگابین ، کە هەموو ڕۆژێک لە تەنیشتمانەوە تێدەپەڕێت ، دەتوانین سەدان وێنە ببینین ، بەڵام ناتوانین یەک مرۆڤ بەتەواوی بناسین ، ئەمە یەکێکە لە ناکۆکیە گەورەکانی سەردەم کە ئامرازەکانی پەیوەندی زۆرکردوە . بەڵام پەیوەندیە مرۆییەکان بەهیز نەبوون .
لە پشت پەنجەرەکاندا چیڕۆکی گەنچێک هەیە کە خەونی گەورەی هەیە بەڵام دەرگای دەرفەتەکان بەڕوویدا داخراوە.
چیڕۆکی باوکێک ماندووی خۆی دەشارێتەوە تا خێزانەکەی نیگەران نەبن. چیڕۆکی دایکێک بەهەزار هیوای بچوک ڕۆژەکانی پڕ دەکاتەوە . چیڕۆکی ئەو کریکارەی بەدەستی پڕ لەماندووبوون نانی ڕۆژانە دابین دەکات . بەڵام لە کاتی بڕریارداندا دەنگی نابیسترێت .
هەریەک لەم مرۆڤانە جیهانێکی تایبەتی هەڵگرتووە ، بەڵام جیهانی دەرەوە بەیەک پێوەر هەموویان هەڵدەسەنگێنێت .
هەنێک جار کۆمەڵگە لەسەر بنەمای ئەوە دەبینێت بڕیاردەدات ، نەک ئەوەی بەڕاستی دەزانێت ، خانوەکی گەورە بە بەڵگەی ئارامی دادەنرێت ، جلێکی جوان بە نیشانەی سەرکەوتن دەژمێردرێت و پێکەنینێک بە هێمای خۆشی وەردەگیرێت . بەڵام کەم کەس لە خۆی دەپرسێت .
ئایا ئەوەی دەبینرێت هەموو ڕاستیەکەیە؟.
ڕاستی ژیان هەمیشە بەو شێوەیە نیە کە لە پەنجەرەوە دەردەکەوێت .زۆرجار گرنگترین بەشەکانی ژیان لەو شوێنانەدا ڕوودەدەن کە هیچ کامیرایەک تۆماری ناکات و هیچ کەسێک باسیان ناکات .
بەڵام من بۆ گێڕانەوەی ئازارەکان چیڕۆک ناگێڕمەوە ، چونکە ژیان لە ناخۆشی و شکستخواردندا کورت نابێتەوە . لەهەمان وڵاتدا چیڕۆکی مرۆڤ هەیە لە دوای هەموو شکستێکەوە هەڵدەستێتەوە . چیڕۆکی ژن هەیە بەزانست و کارو بوێری ڕێگایەیەکی نوێ دەکاتەوە .چیڕۆکی گەنج هەیە لە ناو سەختیەکندا هێشتا باوەڕی بەداهاتوو نەبڕیووە . ئەم چیڕۆکانە بیرمان دەخەنەوە مرۆڤ تەنها قوربانی بارودۆخ نیە ، هەرەوها توانای بیرکردنەوەو هەڵبژاردن و بەرخودان و گۆڕانیشی هەیە .
ئەوەی زیاتر نیگەرانی دروست دەکات ، ئەو کاتەیە چیڕۆکەکان بە ئامرازی حوکمدان دەگۆڕدرێن . قسەیەک بەبێ بەڵگە بڵاو دەبێتەوە ، ناوێک بەبێلێکۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتێک دەبەسترێتەوەو ژیانی مرۆڤێک لەسەربنەمای گومانێک هەڵدەسەنگێندرێت .لەوساتەدا پەنجەرەکان لە جێی ڕووناکی تەنها سێبەر دەگوازنەوە . چونکە بینین بەبێ لێکدانەوە توشی هەڵەمان دەکات و گێڕانەوەش بەبێ بەرپرسیاریەتی دەکرێت ژیانی کەسانی دیکە تێک بدات .بۆیە دەبێت لە نێوان بیستن و باوەڕکردن و لە نێوان تێگەیشتن وحوکمدان مەودایەکی دادپەروەرانە هەبێت .
من چیڕۆک دەگێڕمەوە چونکە باوەڕم وایە هیچ کۆمەڵگەیەک ناتوانێت کێشەکانی بەتەوای چارەسەر بکات . ئەگەر سەرەتا ئامادەنەبێت ڕاستییەکانی خۆی ببینێت .ناتوانین هەژاری بە قسەی جوان بشارینەوە ، ناتوانین بێکاری بە ووشەی هاندەر لەناو ببەین و ناتوانین نادادپەروەری بەبێدەنگی ببەینە کۆتایی .پێویستە چیڕۆکەکان لە ئاستی هەست و بیرەوەریەوە بگەنە ئاستی تێگەیشتن وکردار .چونکە کاتێک ڕاستی دەناسرێت ، دەتوانین بەرپرسیاریەتی بەرامبەر بگرینە ئەستۆ
ئەگەر ڕۆژێک لە پەنجەرە سەیری جیهان بکەیت لە خۆت بپرسە ، ئەوەی دەیبینی چەند بەشێکە لە ڕاستی ؟و ئەگەر گوێت لە چیڕۆکی کەسێک بوو پێش ئەوەی حوکمی لەسەر بدەیت هەوڵ بدە بارودۆخەکەی بزانیت ، لەوانەیە لە پشت ئەو بێدەنگیەدا هۆکارێک هەبێت هەرگیز بیرت لێ نەکردبێتەوە ، لەوانەیە لە پشت ئەو هەڵەیەدا ڕاستیەکی ئاڵۆز هەبێت کە بەیەک ڕستە ڕوون نکرێتەوە ، تێگەیشتنی مرۆڤ لەوێوە دەست پێدەکات کە خۆمان لە شوێنی حوکمدەردا دابنێین و دەرفەت بەڕاستی دەدەین خۆی نیشان بدات .
من لە وڵاتی پەنجەرەکانەوە چیڕۆکەکان دەگێڕمەوە نەک بۆ ئەوەی سەیری بکەم بەڵکوو بۆ ئەوەی لە پشتەوەش بیبینمەوە ، ئەوەی شاراوە مایتەوە . بۆ ئەوەی هەموومان بزانین هەر ڕوخسارێک ژیانێکی هەیە و هەر بێدەنگیەک لەوانەیە هۆکارێکی هەبێت و هەر کۆمەڵگەیەک چەندین ڕاستی نەگێڕدراوەی تێدا کۆبویتەوە ، چونکە مەسەلەکە ئەوەیە چەند توانامان هەیە لە پشت دیمەنەکانەوە ڕاستی ببینین و لە پشت دەنگەکانەوە مرۆڤ بناسین
هەموومان لە یەک وڵاتدا دەژین ، بەڵام هەموومان بەشێکین لە جیهانێک کە چیڕۆکەکان هێشتا چاوەڕێی گوێگرتنن .
هەندێکیان پێویستیان بەوەیە بگوترێن ، هەندێکیان پێویستیان بەوەیە ببیسترێن ، هەندێکیش پێویستیان بەوەیە لە کۆتایی بگۆڕدرێن بۆ کردارێک کە ژیانی مرۆڤ ئاسانتر بکات .
من چێڕۆکەکان دەگێڕمەوە چونکە لەوانەیە لە پەنجەرەیەک دیمەنێک پیشان بدات ، بەڵام تەنها تێگەیشتنی مرۆڤ دەتوانێت مانای ئەو دیمەنە تێبگات و لەوانەیە یەک چیڕۆکی ڕاست و بەرپرسیارەتی گێڕدراوە بتوانێت ئەو پرسیارە لە دڵی خوێنەر دروست بکات کە هەزاران وێنە و هەوڵدان نەیانتوانیووە دروستی بکەن .
ئایا من بەڕاستی جیهان دەبینم یان تەنها ئەو بەشەی جیهان.
