نوسین لەو ڕووبەرە فراوان و بێسنوورەدا کە سنوورەکانی زمان و بیرکردنەوە پێکەوە گرێ دەدات، هەمیشە وەک ڕووبارێکی توند و بێوەستان وێنا کراوە کە لە قوڵایی نەزانراوەوە هەڵقوڵاوە و بەرەو ئاراستەیەکی نادیار دەڕژێت. کاتێک مرۆڤ دەست بۆ پێنووس دەبات و دەیەوێت سەرەداوی بیر و ئەزموونی خۆی لەسەر پەڕە سپییەکان ڕێزی هەبێت، پێویستی بە تیشکێکی ناوەکی هەیە تا بتوانێت تاریکیی دەوروبەر بشکێنێت و ڕاستییەکان وەک خۆیان بخاتە ڕوو، بەڵام کاتێک ئەم پرۆسەیە دەکەوێتە ناو بازنەی برینی نووسین لەدەقی واڵادا، دۆخەکە ڕەهەندێکی سەختر و  بەسوێتر بەخۆیەوە دەبینێت و دەبێتە کێشمەکێشێکی ڕۆحی لە نێوان ویستی ئازادی و سنوورەکانی دۆخە توندوتیژەکەدا.
نووسین تەنها ڕیزکردنی وشە دوای وشە نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی ڕۆحی و هزریی زۆر ئاڵۆزە کە لەناو کۆمەڵگەیەکی لێوانلێو لە قەیران و گۆڕانکاری و پێکداداندا سەرچاوە دەگرێت و هەموو تاكێک ناچار دەکات بە دوای ناسنامە و واتای راستەقینەی بوونی خۆیدا بگەڕێت، لێرەشدا برینی نووسین وەک زامێکی کۆن لەسەر جەستەی دەقی واڵا دەردەکەوێت، زامێک کە هەم نیشانەی ئێشی لەدەستدانە و هەم بەڵگەیە لەسەر زیندوێتیی ویژدانی نووسەر کە ناتوانێت چاو داخات لەو کەم و کووڕی و ناڕێکییانەی لە دەوروبەریدا ڕوودەدەن.
لەم پێناوەدا، هەر وشەیەک کە دەخرێتە سەر پەڕە دەبێتە پارچەیەک لە گیانی نووسەر و نیشانەیەک بۆ ئەو ئازار و هیوا گەورەیەی کە مرۆڤایەتی لە مێژووی درێژی خۆیدا هەڵگرتووە و بەڕێوەیەتی، و هەر لێرەشەوەیە کە گرنگیی خامەی ئازاد و بەرپرسیار دەردەکەوێت، قەڵەمێک کە قووڵاییی برینەکانی کۆمەڵگە دەبینێت و نایەوێت بە ڕووپۆشکردنیان ڕاستییەکان بشارێتەوە. لەم جیهانە هاوچەرخەدا کە خێراییی ڕووداوەکان و فرەیی پەیوەندییەکان وایکردووە تاکی کەسی هەست بە نامۆیی و ونبوون بکات، نووسینی چڕ و هزری دەبێتە تاکە پەناگەیەک کە مرۆڤ دەتوانێت بۆی بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی جارێکی تر ڕیتمی ژیانی خۆی ڕێک بخاتەوە و برینی نووسینەکانیش زیاتر بچنە جەرگەی ناخەوە ، بۆ گەیشتن بە ڕاستی.
کێشەی سەرەکیی سەردەمی ئێمە ئەوەیە کە زۆرینەی جار قەڵەمەکان دەبنە قوربانیی خێرایی و سادەکردنەوەیەکی کوێرانە، لە کاتێکدا نووسینی ڕەسەن و بەبایەخ پێویستی بە کات و پشوو و تێڕامانێکی ورد هەیە تا بتوانێت چینی ژێرەوەی دیاردەکان دەربخات و ڕووبەڕووی ئەو برینە شاراوانە ببێتەوە کە دەقی واڵا دەیانخاتە ڕوو و نێوەڕۆکی هزریی نووسەر دەوڵەمەند دەکەن. هەر بۆیە، هەرکاتێک باس لە دەقی واڵا و ئازاد دەکرێت، مەبەست لەو دەقەیە کە نەکوژراوە لەناو چوارچێوە وشک و دیاریکراوەکاندا، بەڵکو کراوەیە بۆ خوێندنەوەی جۆراوجۆر و واتای فراوان کە دەتوانێت لە هەر سەردەمێکدا گیانێکی نوێ ببەخشێتە پەیامەکەی و لە هەمان کاتدا ئازار و برینی ڕەسەنی مرۆڤ بکاتە خاڵی وەرچەرخان بۆ تێگەیشتنێکی قووڵتر.
ئێرە ئەو شوێنەیە کە نووسەر تێیدا دەبێتە دەمڕاستی ئەو دەنگە کپکراوانەی کە ناتوانن ئازارەکانی خۆیان بە زمانی ڕوون دەرببڕن، و لە ڕێگەی دەقەکەیەوە پردی پەیوەندی لە نێوان مرۆڤەکاندا دروست دەکات، پردێک کە تەنها لەسەر بنەمای ئەوین و لێبوردەیی و ژیری بنیات نراوە، هەرچەندە ئەم ڕێگەیە هەمیشە بە برین و قوربانیدان ئاودێر دەکرێت. هەرچەندە زۆرجار ڕێگەی نووسین پڕە لە دڕک و داڵ و بەربەست، و زۆرجار دەسەڵاتەکان یان نەریتە کۆنەپەرستەکان هەوڵ دەدەن ئەم دەنگە سەربەخۆیە کپ بکەن و برینی نووسەر سەختتر بکەنەوە، بەڵام مێژووی هۆشیاریی مرۆڤایەتی سەلماندوویەتی کە هیچ هێزێک ناتوانێت پێش بە ڕژانی وشەی ڕاستەقینە بگرێت، چونکە وشە لە کۆتاییدا هێزە مەزنەکەی خۆی لە ڕاستی و پاکیی ناوەرۆکەکەیەوە وەردەگرێت و تەنانەت لە ڕێگەی برینەکانیشیەوە گەورەتر دەبێت.
بۆیە، نووسەر پێویستە هەمیشە لەسەر هێڵی ڕاستی بوەستێت و نەهێڵێت پێنووسەکەی بکەوێتە خزمەت بەرژەوەندیی کاتی و زووپەڕەوە، بەڵکوو دەبێت هەوڵ بدات کارێک بکات کە بمێنێتەوە و لە داهاتووشدا لە ڕێگەی دەقە واڵاکەیەوە قسەی خۆی هەبێت. ئەمە ئەو ئەرکە گران و پیرۆزەیە کە دەکەوێتە سەر شانی هەر کەسێک کە بڕوای بە هێزی گۆڕانکاریی وشە هەیە، و ئەوەش ڕوون دەکاتەوە کە بۆچی نووسینی درێژ و هزری هێشتا پێگەی خۆی لەناو دڵی کۆمەڵگادا پاراستووە سەرەڕای هەموو ئەو برینە کۆن و نوێیانەی کە ڕۆژانە جەستەی کلتوور بریندار دەکەن.
نووسینی ڕەسەن وەک درەختێکی ڕیشەدار و دوور مەودا ،کە لە زەوییەکی پڕ لە مێژوو و ئەزمووندا ڕواوە، باوەش بۆ گەردەلوولەکان دەکاتەوە بێ ئەوەی بشکێت، و سەرەڕای هەموو برینەکانی، هەمیشە سێبەری بیریی خۆی بەسەر ئەو کەسانەدا دابین دەکات کە بە دوای ڕاستی و جوانیدا دەگەڕێن لەم دنیایەدا. دەبێت ئەوە بڵێین کە مانەوەی نووسین لەم جیهانە ئاڵۆزەدا وابەستەی ئەو ڕاستگۆیییە ناوەکییەیە کە نووسەر لەگەڵ خۆی و خوێنەرەکەیدا هەیەتی، و هەر کاتێک ئەم پردە متمانەیە بپچڕێت، دەقی واڵا دەبێتە تەنێکی بێ گیان و بێ ڕەنگ، بەڵام کاتێک بە خوێن و هەناسەی برین و ژیان تێکەڵ دەبێت، دەبێتە چرایەک کە ڕێگەی داهاتوو ڕووناک دەکاتەوە و مرۆڤ بەرەو ئاسۆی فراوانتر و مرۆڤ دۆستانەتر دەبات.

powered by social2s

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا