
هیوا عومەر
بەستنی پێنجەمین کۆڕبەندی چەپی کورستانی لە هەفتەی ڕابردوودا لە شاری هەولێر، بە بەشداریی نوێنەرانی چەپ و سۆسیالیستی هەر چوار پارچەی کوردستان، ڕووداوێکی گرینگ بوو بۆ تێڕامان لە پێگە و ئەركی مێژوویی چەپ لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا. بەڵام گرنگیی ئەم کۆڕبەندە و هەر هەوڵێکی هاوشێوە لەوەدایە کە چەندە دەتوانێت چەپ لە بازنەی دروشم و «عەقڵیەتی ڕەچەتەیی» دەرباز بکات و بیخاتە ناو جەرگەی واقیعی ئاڵۆزی کۆمەڵگەی کوردی و کوردستان و هاوکێشە جیهانییەکانەوە.
یەکێک لە گەورەترین ئەو تەنگژانەی ڕووبەڕووی بزووتنەوەی چەپ لە ناوچەکەمان دەبێتەوە، مامەڵەکردنە لەگەڵ «چەپبوون» وەک مانیفێستێکی پیرۆز یان ڕەچەتەیەکی حازربەدەستی نەگۆڕ. لە کاتێکدا جەوهەری بیری چەپ لەسەر دیالەکتیک و ڕەخنە بنەمای دانراوە؛ واتە هیچ هەڵوێستێکی سیاسی لە بۆشاییدا چەپ یان ڕاست نییە، بەڵکو سیاقی مێژوویی و کۆمەڵایەتییە شوناسی چەپبوونەکەی دیاری دەکات. ڕەنگە هەڵوێستێک لە قۆناغێکدا شۆڕشگێڕانە و چەپ بێت، بەڵام بە گۆڕانی بارودۆخ و پەیوەندییە چینایەتییەکان، هەمان هەڵوێست سبەی ببێتە ئامرازێک بۆ پارێزگاریکردن لە دۆخی باو (کۆنزەرڤاتیزم) و لە جەوهەردا بچێتە خزمەت بەرەی ڕاستەوە.
ئەركی ئەمڕۆی چەپ بەرهەمهێنانەوەی دەقی سەدەی نۆزدە و بیستەم نییە، بەڵكو خوێندنەوەی ئەو واقیعەیە کە تێیدا دەژی پێش ئەوەی بیری لە لای هیچ دەقێکی ئامادە هەبێت. لەم سۆنگەیەوە، «چوار» ئەرکی سەرەکی هەن کە دەبنە هێڵی جیاکەرەوەی هێزە چەپ و سۆسیالیستەکان لە تەواوی هێزەکانی تری گۆڕەپانی سیاسی (چ لە دەستەڵات بن یان ئۆپۆزسیۆن)، بەتایبەتی لە ئاستی هەرێمی کوردستاندا.
یەکەم: دادپەروەری و یەکسانی؛ وەڵامێک بۆ سەرمایەداریی تاڵانکەر
لە کاتێکدا حیزبە دەسەڵاتدارەکان مۆدێلێکی سەرمایەداریی تاڵانکەر و ئابوورییەکی ڕەیعیی بێبەرهەمیان چەسپاندووە، و زۆرینەی ئۆپۆزسیۆنە باوەکانیش تەنها خەمی گۆڕینی کەسەکان و دەستاودەستکردنی هەمان دەستەڵاتیانە، ئەركی چەپ پێشکەشکردنی دیدگایەکی جێگرەوە (بەدیل)ـە بۆ دادپەروەریی کۆمەڵایەتی.
پرسی «دادپەروەری» دابەشکردنی خێرخوازی چەند سەبەتەیەکی خۆراك نییە؛ بەڵکو خەباتە بۆ پاراستنی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی وەک: تەندروستی و پەروەردەی بێبەرامبەر و شایستە، دابینکردنی مافی کار و نەهێشتنی ئەو چەوساندنەوە بێبەزەییانەی کە سەرمایەداریی پاوانخواز لە ڕێگەی کەرتی تایبەتەوە بەسەر چینی کرێکار، مووچەخۆران، کاسبکاران و کارمەنداندا سەپاندوویەتی.
ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان شار و گوندەکاندا، و دادپەروەری لە دابەشکردنی سەروەت و سامانی سروشتی لە بەرژەوەندیی تەواوی کۆمەڵگە لە پێناو بەهێزکردنی پێگەی خەڵک لە سیستەمی بەڕێوەبردنی خۆیدا.
دووەم: گرێدانی تێکۆشانی چینایەتی و گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی بە پرسی تەواوكردنی قۆناغی رزگاریی نیشتمانی و نەتەوەییی کوردەوە
مێژووی کۆن و تازەی عێراق و هەرێمی کوردستان ئەزموونێکی دەوڵەمەندی چەپی بۆ جێهێشتوون لە بەهێزکردن و تێکۆشان لە ناو بزافی رزگاریخوازی و دیاریکردنی مافی بڕیاردانی چارەنووس. ئەمەش بە پێی سیاقی مێژوویی گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، لە واقیعی ئەمڕۆشدا پێویستی بە پێداچوونەوە و تازەکردنەوە هەیە بە چاوێکی ڕەخنەگرانە. ئەمەش بە مانای ئەوە نییە بۆ تەواوکردنی قۆناغی ڕزگاریی نیشتمانی هێزە بۆرژوازییەکان زیاتریان لە هێزە چەپەکان پێشکەش کردبێت؛ کاتێکیش باسی تازەکردنەوە دەكەین، بە مانای چوونەژێر کاریگەریی ڕەچەتەی هێزە دەسەڵاتدارەکان ناگەیەنێت، ئەبێت ئەوەش دەستنیشان بکەین کە لە ئەمڕۆدا عەقڵیەتی هێزە حوکوومرانەکان بە گەورەترین بەربەست لەبەردەم تەواوکردنی قۆناغی ڕزگاریی نیشتمانی دەبینین.
سێیەم: عەقڵانیەت، ڕۆشنگەری و گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی
کۆمەڵگەی کوردستان ئەمڕۆ لە ژێر گوشاری توندی مەدی کۆنەپارێزی و پاشەکشەی هۆشیاری، بەهێزبوونی عەشیرەتگەری و تەشەنەکردنی گوتاری ئیسلامی سیاسی و سەلەفیەتی کۆنەپەرستیدایە، ئەمەش دانەبراوە لە لێکەوتەکانی قەیرانی بەڕێوەبردن و حوکمڕانی لە کوردستاندا.
چەپ ناتوانێت تەنها لە سنووری داواکاریی ئابووریدا قەتیس بمێنێت؛ ئەركی گوتاری ڕۆشنگەری و عەقڵانیەت دەبێتە ئەركی هەنووکەیی چەپ لە بەرامبەر گوتاری پۆپۆلیستیی مەزهەبی و دواکەوتوویی لەناو کۆمەڵگە و هێزە سیاسییەکانیشدا.
لەو چوارچێوەیەشدا تێکۆشان دژ بە جیاکاریی ڕەگەزی، کولتووری پیاوسالاری، و گۆڕانکاری لە ئاستی دەسەڵاتدا بەبێ گۆڕانکاری لە هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و ڕزگارکردنی تاک لە کۆتوبەندە دواکەوتووەکان، مانا وەرناگرێت.
چوارەم: تازەکردنەوەی ژیانی سیاسی و ناوخۆییی حیزبە چەپەکان
واقیعی ئەمڕۆ و واقیعی پێکهاتەی مرۆیی و دیدگە و میتۆدی کارکردنی هێزە چەپەکان پێویستی بە خوێندنەوەی نوێ هەیە؛ خوێندنەوەیەک بتوانێت هەزاران گەنجی پەراوێزخراو ببینێت، ئەوانەی نە سیستەمی حوکوومرانی لەخۆیان دەگرێت و نە هێزە چەپەکانیش توانای وەڵامدانەوەیان هەیە، بۆ ئەوەی لە هێزێکی پەراوێزخراوی تووڕە و نائومێدکراو وەرگەڕێن بۆ هێزی گۆڕانکاریی سیاسی و کۆمەڵایەتی.
تێکشکاندنی بیرۆکراسییەتی ناوخۆیی و ڕێگرییەکانی بەردەم هێز و بەشداریی ژنان و لاوان کە بنەمای تازەکردنەوەی ژیانی حیزبی و سیاسین، ئەركێکی هەنووکەیی ئەم قۆناغەی چەپە بۆ ئەوەی بتوانین وەڵامی نەوەی نوێی وابەستە بە سەردەمی دیجیتاڵ و زیرەکیی دەستکرد (AI) بدەینەوە.
لە کۆتاییدا، پێنجەمین کۆڕبەندی چەپی کورستانی دەكرێت ببێتە هاندانێك بەرەو داڕشتنی پڕۆژەیەکی هاوبەشی دیموکراتی و کۆمەڵایەتی، کە پێش ئەوەی بیری لای بەرەیەکی چەپی هەرەمی بێت، ئەبێت بیر لە بەکۆمەڵایەتیکردنی پرۆژەی چەپ بکاتەوە.
لە دۆخێکدا کە سیستەمی حوکوومڕانی لە هەرێم و ناوچەکەدا تووشی قەیرانی ڕیشەیی و بنیاتی هاتووە و ژیانی خەڵک ڕۆژ لەدوای ڕۆژ سەختتر دەبێت، چەپ ئەگەر نەتوانێت زەحمەتکێشان و پەراوێزخراوەکان لەخۆ بگرێت، مێژووش چەپ و پەراوێزخراوەکان لەخۆ ناگرێت. پرسی نان و ئازادی، تێکۆشانی چینایەتی و نەتەوەیی، و عەقڵانیەت و یەكسانی پرسگەلێکی گرێدراون بە ئەركی هەنووکەیی چەپەوە.
