
حـــەسەن مــەحمــود
ماوەیەکە گوێ وچاوەکانمان پڕ پڕ بووە، لەبەخشین وەک ئەوەی ئەم هەرێمە و ئەم حوکمڕانیە لە ژێرهێڵی ژێرسفری بێ داهات و بێ ساماندا بێت، وەک ئەوەی لەسەرەتای دروستونی حوکمڕانیدا بین، وەک ئەوەی لەداهاتی ژێرزەوی وسەرزەویدا خاوەنی هیچ نەبین، وەک ئەوەی هەموان لەکوخێکی سادەو بچوکدا بەیەکەوە وەک یەک ژیان بکەین، وەک ئەوەی گیرفانی هەموان بەتاڵ بێت یان وەک کورددەڵێت (ئەسپێ لەگیرفانی هەمواندا سەوزەڵە خانمی بێت) ئەرێ هەر بەڕاست ئەمە بۆهەموان وایە؟ یان وانییە و بەڵام دەیانەوێت لەڕێگای کۆمەڵێ میدیا و کەسانێکی دروستکراو لەڕێگەی نوسینەکانیانەوە و لەشاشەی تەلەفزیۆنە زەبەلاحەکانیانەوە پێمان بڵێن ئەگەرلەڕێی ئەو سەرمایەدارانە و ئەو خێرخوازانەوە و چەند حزبێک نەبێت، ئەوا ئەستەمە ژیانێکی نوێ و خۆش بکەیت، چونکە ئەوە ئێمەین گەر بمانەوێت هەژاربیت ئەوا هەژار دەبیت، بمانەوێت بژیت ئەوا دەژیت، بەپێچەوانەشەوە بمانەوێت بمریت ئەوا دەبێت بمریت، بەڵام کەس نییە بپرسێت تۆی سەرمایەدار لەکوێت هێنا، بەچی و لە ماوەیەکی زۆرکورتدا ئەو داهاتە بێ شومارەت چۆن کۆکردوە؟
زیاتر لەچەند دەیەیەکە گیرفانەکانمان بەتاڵ دەکرێت، تائاستی ئەوەی ئێسک و پروسکیشمان فرۆشرا، نایەکسانی لە ژیاندا ڕۆژ بەڕۆژ زیاد بوو، هەژارەکان هەژارترکران، دەوڵەمەندەکانیش گیرفانی تریان بۆزیاد کرا، ژیان بۆزۆرینەی خەڵک قورسترکرا، ژیانی کەسوکار و بنەماڵەی دەوڵەمەندەکانیش خۆشترو خۆشترکرا،
بەڵێ کەمەسەلە چینایەتیەکان لەدرزی بچوک بچوکەوە بوو بەشەقبوونی گەورە، جیاوازیەکان زیاتر دەبێت، سەرمایەدارەکان سەرمایەکانیان زۆرتردەبێت، کە حوکمڕانیەکی دادپەروەرو یەکسان دابەشکەر نەبوو، جیاوازییە چینایەتیەکان زەقتر دەبنەوە، سەرمایەدار شوێنی حوکمڕانی دەکرێتەوە، میدیای دروستکراو و مەبەستدار شوێنی میدیای ڕاست و بەخزمە ت دەبینێت، نوسەری پاڵپشتیکراو بەشان و باڵی سەرمایەدارەکاندا هەڵدەدات، بابەتە ڕاستەقینەکە لەبیر خەڵک دەبرێتەوە، ناتوانرێت چارەسەری ڕاستەقینەشی بۆبکرێت، کەحوکمڕانی باش و زانستیانە و خزمەتگوزارت نەبوو، کەواتەلەهەر کارەساتێکدا چ(لافاوبێت) یان هەرکارەساتێکی تری سروشتی ڕووبدات بێگومان خراپتر دەبێت، ڕەنگە تائێستا زانست زۆرنەیتوانی بێت ڕێگر بێت لەوەی کە کارەسات ڕوونەدات، بەڵام دەتوانرێت زانستیانە چارەسەربکرێت، چونکە لەئێستادا زانست ڕۆڵێکی بەسودو جدی دەبینێت لە تێگەیشتن و پێشبینی و کەمکردنەوەی کارەساتەکان. دەبێت ئەوەمان لاڕوون بێت کەمرۆڤ جێی ئەوە نییە، پێی ببەخشرێت، مرۆڤ جێی بەزەیی نییە، بەڵکوو لەپای ئەوەدایە لەژیانێکی خۆشدابژی، چونکە هەرئازارێک بەمرۆڤ بگات لەهەرکوێیەکی ئەم زەمینە بێت ئازاربەخشە، چ جا هاوزمانی خۆت بێت، بەڵام چارەسەرەکە دەبێت وابێت؟