
لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان لەبەردەم كۆمەڵێك تەنگژەی جەوهەری وقەیرانی سیاسی و ئابووریدایە، حیزبی شیوعیی كوردستان نەخشەڕێگایەكی نیشتمانی خستووەتە ڕوو كە تێیدا جەخت لەسەر گۆڕینی چەقی كاری سیاسی لە ململانێی هێزەكانەوە بۆ ئیستیحقاقی هاووڵاتییان دەكاتەوە.
ئەم پڕۆژەیە كە دەرئەنجامی گفتوگۆی مەیدانییە لەگەڵ دەستەبژێر و جەماوەر، هەوڵێكە بۆ ڕزگاركردنی قەوارەی هەرێم لە ڕێگەی دادپەروەریی كۆمەڵایەتی و كۆتاییهێنان بە سیستەمی زۆنی حیزبی بۆ زۆنی نیشتمان و هاوڵاتی كارای كوردستانی. بۆ تێگەیشتن لە وردەكارییەكانی ئەم پرۆژەیە لەم دۆسییەدا. هۆشیاری عەبدوالعزیز وەك نووسەرو ڕۆژنامەنووس وەڵامی پرسیارەكان دەداتەوە.
پرسیاری یەكەم:
حیزبی شیوعی لە پرۆژەكەیدا باسی قەیرانی بەشداری سیاسی هاووڵاتییان دەكان جیاواز لەوەی ئێستا لە گوتاری میدیایی و لایەنەكان باسی قەیرانی رێكنەكەوتن لەسەر كورسییەكان دەكەن مەبەست لە قەیرانی بەشداری سیاسی هاووڵاتییان چییە ؟
وەڵام: بە بڕوای من، ئەو مشتومڕە میدیاییەی لە ئێستادا لەسەر دابەشکردنی کورسی و ڕێککەوتنی نێوان لایەنەکان دەکرێت بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێ، وێڕایی ئەوەی کار لەسەر بەرهەمهێنانی جۆرێک لە چەواشەکاری هاووڵاتی و بەلاڕێدابردنی پرسە بنەڕەتییەکە دەکات، بۆخۆی دەرهاوێشتەی ململانێیەکی مێژووی حیزبایەتی تەسکە و وێنا گشتیەکەی پێ دەگۆڕن، بەڵام کاتێک باس لە قەیرانی بەشداری سیاسیی هاووڵاتییان دەکەین، لە ڕاستیدا دەست بۆ کرۆکی ئەو دابڕانە قووڵە دەبەین کە لە نێوان فەزای سیاسی و ژینگەی ئابووری و کۆمەڵایەتیی خەڵکدا دروست بووە.
کاتێک هاووڵاتی هەست دەکات پرۆسەی سیاسی هیچ پەیوەندییەکی بە چارەنووس و بژێوی ژیانی ئەوەوە نییە، ئەوا بەشداری نەکردن یان دوورکەوتنەوە لە سیاسەت، وەک کاردانەوەیەکی سروشتی دەبینێت و بەلایەوە گرنگ نییە چی دەگوزەرێ و دەرهاوێشتەکانی ئەو دوورکەوتنەوەیە چی دەبێت و تاچەند کاریگەری نەرێنی هەیە لە سەر دۆخی سیاسی، واتا بەبێ ئەوەی هاووڵاتییان هەست بە مەترسیەکانی بکەن بۆخۆی جۆرە قەیرانێکی کوشندەیە بۆ سەر داهاتوو پرۆسەی دیموکراسی و ڕەوتی بەشداری سیاسی خودی هاووڵاتییان، کەواتا ئەم قەیرانە تەنها کێشەیەکی تەکنیکی نییە لەسەر سندووقەکانی دەنگدان تا بێدەنگی لێبکرێت، بەڵکو ئەنجامی پرۆسەیەکی درێژخایەنی تەوزیفکردنی سیاسەتە لە خزمەت ئیرادەی ناوەندێکی ئۆلیگارشیی دەسەڵاتدار، کە تێیدا فەزای گشتی بە جۆرێک قۆرخ کراوە، هاووڵاتی لە جیاتی ئەوەی ببێتە خاوەن بڕیار، تەنها وەک بینەر و ئامرازێکی ڕەوایەتیدان بە سیستەمەکە سەیر دەکرێت.
درێژبوونەوەو جێگیربوونی ئەم دۆخە ئەرزیەتی بێمتمانەی بە دامەزراوەکان لاوازتر کردووە و ئەگەرەکانی گۆڕانکاریی ڕیشەیی خستووەتە ژێر پرسیارەوە، چونکە کاتێک هاووڵاتی هەست دەکات پرۆسەی سیاسی هیچ پەیوەندییەکی بە ڕەهەندەکانی بژێوی و کێشە ژیانییەکانییەوە نییە، تووشی دەرد و ئافاتی نامۆبوونێکی قووڵ دەبێت. هەموو ئەمانەش دەمانگەیەننە ئەو ڕاستییەی کە قەیرانی بەشداریی سیاسی لە ڕاستیدا هەڵقوڵاوی ئەو کەڵکەڵەیە نییە کە هاووڵاتییان دەیانەوێت بێئاگابن لێی، بەڵکو کاردانەوەیەکی سروشتییە بەرامبەر بەو مێکانیزمانەی کە سیاسەتیان لە چوارچێوەی بەڕێوەبردنی بەرژەوەندییە تایبەتەکاندا کۆت وبەند کردووە. بۆیە کاتێک سەرنج دەدەینە ئەم دۆخە، بۆمان دەردەکەوێت کە ناتوانرێت ئەم نائومێدییە وەک بێباکی لێکبدرێتەوە، بەڵکو دەبێت وەک ڕەتکردنەوەیەکی بێدەنگانەی ئەو واقیعە ببینرێت کە ناهێڵێت هاووڵاتی لە کایەی بڕیارداندا ڕۆڵی هەبێت. بۆیە گەڕاندنەوەی هاووڵاتی بۆ ناو ئەم پرۆسەیە جگە لەوەی زەرورەتێکی ئانی قۆناغەکەیە هاوکات ناکرێ تەنها لە ڕێگەی دەستکاریکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن و ڕێژەی کورسیەوە بێت، بەڵکو پێویستی بە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە لەو مێکانیزمانەی کە دەسەڵات لەسەری بنیاد نراوە، چونکە بەبێ ئاوێتەکردنی سیاسەت لەگەڵ خواستی ڕاستەقینەی کۆمەڵگە، قەیرانی بەشداری نەکردنی هاووڵاتییان هەر بەردەوام دەبێت و کەلێنی نێوان خەڵک و دەسەڵاتیش ڕۆژ بە ڕۆژ قووڵتر دەبێتەوە.
پرسیاری دووەم:
ئێوە بە ڕاشكاوی دەڵێن سیستەمی سیاسی و حیزبی لە هەرێم لە خزمەت "ناوەندێكی بنەماڵەیی و ئۆلیگارشی"دایە. ئایا ئەم نەخشەڕێگایە تەنیا بانگەوازێكی فیكری و سیاسییە، یان بەرنامەیەكی تێكۆشەرانەی مەیدانییە؟ چۆن دەتوانن لەگەڵ هێزە چەپ و پێشكەوتنخوازەكان كاری بەیەكەوەیی لەو بارەیەوە بكەن ؟
وەڵام : کاتێک بە دیقەتەوە ئاماژە بەو حەقیقەتە دەکەین کە سیستەمی سیاسی و حیزبیی هەرێم لە خزمەت ناوەندێکی بنەماڵەیی دەسڵاتخوازدایە و هەموو کونووکەلەبەرێکیان قۆرخ کردوە ، دەگەینە ئەو ڕاستیەیی کە ئەوەی لە پڕۆژەکەدا خراوەتە ڕوو تەنها بانگەوازێکی فیکری و ڕەخنەیەکی ڕووکەش نییە بۆ تێپەڕاندنی هەڵومەرجەکە، بەڵکو دیاریکردنی نەخشەڕێگایەکی تێکۆشەرانەیە کە ئامانج لێی گۆڕینی هاوکێشەی هێزە لە ئاستی مەیدانیدا. بە بڕوای من، هەر ستراتیژێک ئەگەر نەتوانێت خۆی لە چوارچێوەی گوتاری سەرزارەکی ڕزگار بکات و نەبێتە مێکانیزمێکی کاریگەر بۆ ڕێکخستنی چینایەتی و کۆمەڵایەتی، ئەوا هەر لە سەرەتاوە لە فەزای سیاسی و تیۆریدا دەمێنێتەوە و ناتوانێت کاریگەریی ڕاستەقینە لەسەر دەرهاوێشتەکان جێبهێڵێت.
ئەم نەخشەڕێگایە بەشێکە لە پرۆسەیەکی فراوانتر بۆ تێکشکاندنی ئەو قۆرخکارییەی کە لەسەر جومگە سەرەکییەکانی ژیان و ئابووریدا سەپێنراوە. بۆ ئەوەی ئەم دیدوتێڕوانینە بگۆڕین بۆ بەرنامەیەکی مەیدانی، پێویستە کار بۆ دروستکردنی هاوپەیمانییەکی بەرفراوان بکەین لەگەڵ سەرجەم ئەو هێزە پێشکەوتنخوازانەی کە هەمان تێگەیشتنیان بۆ گۆڕانکاری هەیە. ئەم کارکردنە بەیەکەوەییە نابێت تەنها لە ڕێگەی کۆبوونەوەی سیاسیی ئاساییەوە بێت، بەڵکو دەبێت لە ڕێگەی کارکردنی هاوبەش لەناو سەندیکاکان، ڕێکخراوە پیشەییەکان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا بێت، تاوەکو بتوانین ئەو ژینگەی سیاسی و ئابوورییە کە حێزبەکانی حوکمڕان بەکاری دەهێنێت بۆ مانەوە، بە ڕادەیەک تێکبدەین کە ناچار ببن سازش بۆ خواستەکانی شەقام بکەن.
سەرنجی سەرەکی لەم نەخشەڕێگایەدا ئەوەیە کە چۆن دەتوانین متمانەی خەڵک وەک هێزێکی کاریگەر بگەڕێنینەوە بۆ ناو مەیدانی خەبات. کاتێک باس لە کارکردنی پێکەوەیی دەکەین، مەرامی سەرەکیمان ئەوەیە کە ئەو وزە پەرشوبڵاوەی لە نێوان توێژەکاندا هەیە، بەتایبەت کرێکاران و گەنجانی بێکار و ژنان، لە مێکانیزمێکی تێکۆشەرانەدا یەکبخەین. ئەمە گەورەترین ڕەهەندی ئەم نەخشەڕێگایەیە؛ چونکە کاتێک کۆمەڵگە لە دەوری خواستێکی ئابووری و کۆمەڵایەتیی هاوبەش کۆدەبێتەوە، زەمینەی دەسەڵاتی بنەماڵەیی لاواز دەبێت و ئەگەرەکانی سەرکەوتنیش زیاتر دەبن. بە بڕوای من، ئەمە تەنها ڕێگایە بۆ ئەوەی لە قۆناغی نواندنی سیاسەتەوە بپەڕینەوە بۆ قۆناغی بڕیاردان و گۆڕانکاریی ڕاستەقینە، چونکە ئۆلیگارشی تەنها لە بەرامبەر ئەو جۆرە فشارە مەیدانییەدا نەرم دەبێت کە لەسەر بنەمای یەکگرتووی و هەماهەنگیی هێزە پێشکەوتنخوازەکان بنیاد نرابێت.
پرسیاری سێیەم: هاوسەنگی نێوان پاراستنی قەوارەی هەرێم و چاكسازیی ناوخۆیی
زۆرجار دەسەڵات دروشمی "پاراستنی قەوارەی هەرێم" وەك بیانوویەك بۆ دواخستنی چاكسازی و بێدەنگكردنی دەنگە ناڕازییەكان بەكاردەهێنێت. ئێوە لە نەخشەڕێگاكەتاندا دەڵێن پاراستنی قەوارەكە بەبێ دادپەروەری ناكرێت، یان بە مانایەكی تر ئێوە تەواوكردنی قۆناغی رزگاری نیشتمانی بەگرێدراو بە داكۆكی كردن لە پرسە چینایەتییەكان دەبینن، مەبەست لەو گرێدانە چییە .
وەڵام: بەڵێ ئەوە ڕاستە، بەڵام دەبێ بزانین کە ئەو مشتومڕ و هەڵایەی دەسەڵات لەسەر پاراستنی قەوارەی هەرێم دروستی کردووە، هەوڵێکی مەبەستدارە بۆ تەوزیفکردنی هەستی نیشتمانی وەک قەڵغانێک بۆ شاردنەوەی ئەو قەیرانە قوڵانەی لە ژینگەی سیاسی و ئابووریی هەرێمدا هەن. چونکە حیزبەکانی حوکمڕانی هەرێم هەمیشە هەوڵدەدات ئەم جۆرە دروشمانە وەک مێکانیزمێک بەکاربهێنن بۆ کپکردنی هەر دەنگێکی ناڕازی و دواخستنی هەر پرۆسەیەکی چاکسازی کە گومانیان هەیە پێگە و بەرژەوەندییەکانیان بخاتە مەترسییەوە. بەڵام ئەمە ڕاست نییە و ناکرێ ئێمەش بەو تێگەیشتنە چەواشەکارانەی ئەوان تێکەوین و بێدەنگبین و هەوڵەکانمان شەرمنانە بێت ، بۆیە پێچەوانە بەم هەنگاوانەی دەسەڵات ئێمە لە دیدگایەکی ڕەخنەییەوە باسی گرێدانی پاراستنی قەوارەکە بە دادپەروەریی کۆمەڵایەتییەوە دەکەین و پێمانوایە قەوارەیەک ئەگەر لەسەر بنەمای دادپەروەریی چینایەتی و سەروەریی یاسا دانەمەزرێت، ئەوا هەر لە بنەچەوە لاوازە و تەنها وەک چوارچێوەیەکی کارتۆنی دەمێنێتەوە بۆ بەرژەوەندیی ئۆلیگارشی.
لە دید و تێڕوانینی ئێمەدا، تەواوكردنی قۆناغی رزگاری نیشتمانی بەشێکی دانەبڕاوە لەو پرۆسەیەی کە پەیوەندی بە داكۆكیكردن لە پرسە چینایەتییەکانەوە هەیە؛ چونکە نیشتمانێک کە تێیدا سامان بە تاڵان ببرێت و کرێکار و چینە پەراوێزخراوەکان لە ژێر باری قورسی بێکاری و گەندەڵیدا بن، ناتوانێت بەرگەی تەحەددییە گەورەکان بگرێت. ئەگەرەکانی ڕووخانی قەوارەیەک لە ناوەوە زۆر مەترسیدارترن لەو فشارانەی لە دەرەوە بۆی دروست دەکرێن. کاتێک ئێمە باس لەم ڕەهەندە دەکەین، سەرنجی سەرەکیمان ئەوەیە کە دەسەڵات ناتوانێت بەردەوام بێت لەسەر خەڵەتاندنی خەڵک بە دروشمی باق و بریق، لە کاتێکدا دەرهاوێشتەی سیاسەتەکانیان پەراوێزخستنی زۆرینەی کۆمەڵگەیە.
بۆیە بە بڕوای ئێمە، چاکسازیی ناوخۆیی و پاراستنی قەوارەکە دوو شتی جیاواز نین، بەڵکو تەواوکەری یەکترین. دادپەروەریی کۆمەڵایەتی ئەو مەرجە سەرەکییەیە کە قەوارەکە دەپارێزێت و بەهێزی دەکات، چونکە کاتێک هاووڵاتی هەست دەکات هاوبەشە لە نیشتمانەکەیدا و مافە بنەڕەتییەکانی پارێزراون، ئەوکات دەبێتە پارێزەری ڕاستەقینەی قەوارەکە، نەک دەسەڵاتێک کە تەنها لە خەمی مانەوەی خۆیدایە. ئەو مێکانیزمەی ئێمە پێشنیاری دەکەین، ئاوێتەکردنی سیاسەتە لەگەڵ خواستی ڕاستەقینەی کۆمەڵگە، چونکە قەوارەیەک بەبێ خەڵکێکی بەهێز و بەختەوەر، وەک ماڵێکی بێ بنەما وایە کە بە یەکەم با و بۆران دەڕمێت. لە کۆتاییدا، هەر جۆرە تێگەیشتنێک بۆ رزگاری نیشتمانی کە پشتگوێخستنی پرسی دادپەروەریی چینایەتی تێدابێت، تەنها ڕێگاخۆشکردنە بۆ زیاتر قۆرخکردنی جومگەکانی ژیان لە لایەن هەمان ئەو ناوەندە بنەماڵەییەوە کە هۆکاری سەرەکیی قەیرانەکانە.
پرسیاری چوارەم:
لە نەخشەڕێگاكە ئاماژە بەوەكراوە كە كێشەی سەرەكی، پەكخستنی ڕۆڵی هاووڵاتییە لە سیاسەتدا. لە كاتێكدا ئێستا نائومێدییەكی گەورە لە پرۆسەی سیاسی هەیە و هاووڵاتییان متمانەیان بە سندووقەكانی دەنگدان و دامەزراوەكان لاواز بووە؛ حیزبی شیوعی بە چ میكانیزمێك وبەرنامەیەك دەتوانێت هاووڵاتیی پەراوێزخراو (كرێكار، گەنجی بێكار، ژنان) بگەڕێنێتەوە بۆ ناو كایەی بڕیاردان، لە كاتێكدا هێزە دەسەڵاتدارەكان هەموو جومگەكانی ژیانیان قۆرخ كردووە؟
وەڵام : بە بڕوای من، ئەو نائومێدییە قووڵەی کە ئەمڕۆ لە فەزای سیاسی و دامەزراوەکاندا ڕەنگی داوەتەوە، تەنها هەستێکی کاتیی نییە وەک ئەوەی لێرەولەوێ و بەتایبەت لە هەندێ ناوەندی میدیایی قسەی لەسەر دەکرێ، بەڵکو دەرهاوێشتەی پرۆسەیەکی درێژخایەنی پەراوێزخستنی هاووڵاتییە لە جومگەکانی بڕیارداندا. کاتێک باس لە گەڕاندنەوەی کرێکار، گەنجی بێکار و ژنان بۆ ناو کایەی سیاسی دەکەین، ئێمە باسی میکانیزمێکی سادە یان بانگەوازێکی سەرزارەکی ناکەین؛ بەڵکو مەبەستمان دروستکردنی هێزێکی دژە-قۆرخکارییە کە بتوانێت لە ئاستی مەیدانیدا هاوکێشەکان بگۆڕێت. سەرنجی سەرەکیی ئەم نەخشەڕێگایە لەسەر ئەوەیە کە دەسەڵاتی ئۆلیگارشی هەموو کایەکانی ژیانی بە جۆرێک بەند کردووە، کە خەڵک هەست بە بێگانەبوونێکی تەواو دەکات بەرامبەر بەو پرۆسانەی گوایە بۆ خزمەتی ئەوان ئەنجام دەدرێن.
بۆیە بۆ ئەوەی ئەم تێگەیشتنە ببێتە کردار و متمانە بۆ سندووقەکانی دەنگدان و دامەزراوەکان و پرۆسەی دیموکراسی بگەڕێتەوە پێویستە دەستبەجێ ئەو مێکانیزمانە تێپەڕێنین کە دەسەڵات بۆ بێدەنگکردنی خەڵک بەکاری دەهێنێت. ئەمەش هەروا لە خۆڕا بەرجەستە نابێت و دەبێت لە ڕێگەی ڕێکخستنەوەی جەماوەرەوە دەست پێ بکات. ئەگەر کرێکار لەناو سەندیکایەکی سەربەخۆدا نەبێت، گەنج لەناو بزووتنەوەیەکی ڕێکخراوی ناڕەزایەتیدا نەبێت، و ژنان لەناو ڕێکخراوێکی خاوەن بەرنامەی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا نەبن، ئەوا بێگومان دەبنە کەرەستەی دەستی ئەو ناوەندە بنەماڵەیییەی کە فەزای سیاسیی قۆرخ کردووە. دید و تێڕوانینی ئێمە ئەوەیە کە دەبێت شەقام و سەندیکاکان بکەینە شوێنی دروستکردنی بڕیاری سیاسی، نەک تەنها هۆڵەکانی کۆبوونەوەی حیزبی.
لێرەدا ئەرزیەتی متمانە لە ڕێگەی سەلماندنی بوونی بەدیلەوە دەگەڕێتەوە. کاتێک خەڵک لە ئاستی گەڕەک و شاردا دەبینن کە ئێمە لە سەنگەری ئەوانداین دژی گرانی، بێکاری و گەندەڵی، متمانە بە شێوەیەکی ڕاستەقینە بنیاد دەنرێتەوە. ئەمە ئەو مێکانیزمەیە کە ڕێگری لە پەکخستنی ڕۆڵی هاووڵاتی دەکات؛ چونکە کاتێک هاووڵاتی تێدەگات کە خاوەن هێزێکی ڕێکخراوەییە، ئیتر سندووقی دەنگدان تەنها ئامرازێک نابێت بۆ ڕەوایەتیدان بە دەسەڵاتدار، بەڵکو دەبێتە ئامرازێک بۆ دەرخستنی هێزی ڕاستەقینەی جەماوەر. ڕەنگە هەندێکیش بە گوومانەوە لەم پرسەدا هەڵوێستە بکەن ، بەڵام لەڕاستیدا ئەگەرەکانی سەرکەوتن لەم پرۆسەیەدا بەندە بەو ڕەهەندە ژیانییانەی کە ئێمە وەک پرس و بابەتێکی سەرەکی دەخەینە ڕوو بەتایبەتی پرسی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و دیموکراتیزەکردنی ئابووری، کە دوو مەسەلەی گرنگن و ناکرێ بێدەنگی بکرێ لە ئاستیاندا، بە بڕوای من، کاتێک هاووڵاتییان لە ڕێگەی فشاری مەیدانییەوە دەسەڵات ناچاری سازشکردن دەکەن، ئەوکاتە متمانە وەک دەرهاوێشتەیەکی سروشتی دەگەڕێتەوە. ئەوەی پڕۆژەکە پێشنیاری دەکات، بریتییە لە گۆڕینی هاووڵاتی لە بینەرێکی بێدەنگـەوە بۆ بڕیاردەرێکی کارا لەو فەزا سیاسییەی کە پێشتر لێی بێبەش کرابوو، ئەمەش تەنها کاتێک دەبێت کە بتوانین ژینگەی سیاسی و ئابووری لە ژێر دەستی ناوەندی بنەماڵەیی و هێزی حزبی دەربهێنین و ڕاستەوخۆ بە ویست و خواستی چین و توێژەکانەوە گرێی بدەینەوە
