
ئەحمەد ستار
ئەگەر بڕیار وابێت میدیای کاغەزی هەر بە هەمان شێوەی پێشوو بەردەوام بێت، ئەوا ئێستا ئەنجامەکەی دیارە؛ بەڵام ئەگەر بە دیدێکی ستراتیژییەوە سەیری بکرێت، هێشتا دەرفەتی بووژانەوەی هەیە. ئەم بووژانەوەیە تەنیا بە دروشم و هیوا نایەتە دی، بەڵکوو پێویستی بە پلان و بڕیاری ئازایانە هەیە، کە ئەم هەنگاوانە لەخۆ دەگرن:
یەکەم: چاپکردن بۆ هەواڵ نا، چاپکردن بۆ مانا
خەڵکی ئەمڕۆ هەواڵ لە چەند چرکەیەکدا وەردەگرن، بۆیە چاپکردنی هەمان هەواڵ دوای چەند کاتژمێرێک، تەنیا دووبارەکردنەوەی زانیارییە. ئەوەی میدیای کاغەزی دەبێت پێشکەشی بکات، وەڵامی «بۆچی؟» و «چۆن؟»ە، نەک تەنیا «چی ڕوویدا؟». خوێنەر دەیەوێت لە هۆکارەکانی ڕووداوەکە تێبگات، کاریگەرییەکانی بناسێت و داهاتووی بخوێنێتەوە. ئەمەش کارێکە کە هێشتا میدیای خێرای دیجیتاڵ هەموو کاتێک ناتوانێت بە باشی ئەنجامی بدات.
دووەم: ڕۆژنامە وەک بەرهەم، نەک تەنیا چاپکراو
لە زۆر وڵاتدا، ڕۆژنامەکان ئەمڕۆ وەک بەرهەمێکی کلتووری دەفرۆشرێن. دیزاینی جوان، کاغەزی جۆری باش (کوالێتی)، وێنەی پیشەیی و ئەرشیڤبوونی ناوەڕۆک، هەستێک دروست دەکەن کە خوێنەر دەتوانێت هەفتانە یان مانگانە هەڵیبگرێت و دواتریش بگەڕێتەوە بۆی. لە هەرێمی کوردستان، زۆرێک لە چاپەمەنییەکان هێشتا بە شێوەیەکی تەکنیکی چاپ دەکرێن، نەک بە دیدی بەرهەمسازی؛ ئەمەش یەکێکە لەو خاڵانەی کە پێویست دەکات گۆڕانکاریی تێدا بکرێت.
سێیەم: خوێنەر دەبێت هاوبەش بێت، نەک تەنیا کڕیار
لە سەردەمی دیجیتاڵیدا، سەرکەوتووترین میدیا کاغەزییەکان ئەوانەن کە کۆمەڵگەی خوێنەریان دروست کردووە. خوێنەر تەنیا پارە نادات بۆ کاغەز، بەڵکوو پارە دەدات بۆ هەستی بەشداربوون. ڕێکخستنی کۆڕی گفتوگۆ، چاوپێکەوتنی تایبەت، کۆبوونەوەی خوێنەران و پێشکەشکردنی هەژماری تایبەت بۆ ئەندامان، هەموو ئەمانە دەتوانن پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان میدیا و خوێنەردا دروست بکەن.
چوارەم: زانکۆکان دەبێت ببنە هاوبەشی میدیا
ئەگەر نەوەی گەنج فێری خوێندنەوەی ڕۆژنامە نەکرێت، هیچ کام لەو خاڵانەی باسیان دەکەین نایەنە دی. پێویستە ڕۆژنامەکان و زانکۆکان لێکتێگەیشتن بکەن؛ قوتابییانی بەشەکانی ڕاگەیاندن، یاسا، ئابووری، ڕامیاری (سیاسی)، ئەدەبیات و هەموو بەشە زانستییەکانی تریش بتوانن بە نووسینی بابەتی زانستی و شیکاری بەشدار بن. ئەمە هەم خوێنەری نوێ و ڕۆژنامەنووسی نوێ دروست دەکات، هەم خوێندکاران لە سەرەتای ژیانی ئەکادیمییانەوە پەیوەندییان بە میدیاوە دەبێت.
پێنجەم: میدیای کاغەزی نابێت دژایەتیی میدیای دیجیتاڵی بکات
گەورەترین هەڵەیە کە چاپ و دیجیتاڵ بە دوو جیهانی دژ بە یەکتر وێنا بکرێن. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە هەریەکەیان کاری خۆی هەیە: ماڵپەڕ بۆ هەواڵی خێرا، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ گەیشتن بە خەڵک و ڕۆژنامە بۆ ناوەڕۆکی متمانەپێکراو و شیکاری. ئەگەر ئەم سێ ئامرازە تەواوکەری یەکتر بن، دامەزراوەی میدیایی دەتوانێت هەم خوێنەری دیجیتاڵ و هەم خوێنەری چاپکراو بپارێزێت.
شەشەم: سەرمایەگوزاری لە ڕۆژنامەگەریی لێکۆڵینەوەییدا
هیچ شتێک ناتوانێت نرخی ڕۆژنامە بەرز بکاتەوە وەک لێکۆڵینەوەی پیشەیی. کاتێک خوێنەر بزانێت لە هەفتەیەکدا تەنیا یەک ڕۆژنامە دەتوانێت بەڵگە و زانیارییەکانی ئەو بابەتە بڵاو بکاتەوە کە لەلای ئەو گرنگ و جێی سەرنجە، ئەوا بە ئاسانی بڕیاری کڕینی ڕۆژنامەکە دەدات. ئەمە پێویستی بە تیمی پسپۆڕ، پشتگیریی یاسایی و کاتی گونجاو هەیە؛ بەڵام لە ماوەیەکی درێژخایەندا متمانەی دامەزراوەی میدیایی زیاد دەکات.
حەوتەم: ئازادیی ڕاگەیاندن، بناغەی هر بووژانەوەیەکە
هیچ میدیایەک لە ژینگەیەکی پڕ لە ترس و سنوورداردا ناتوانێت خۆی نوێ بکاتەوە. بووژاندنەوەی میدیای کاغەزی تەنیا بە چاپخانەی نوێ یان دیزاینی جوان نییە، بەڵکوو پێویستی بە ژینگەیەکی یاسایی و سیاسییە کە ڕۆژنامەنووس بتوانێت بێترس پرسیار و لێکۆڵینەوە بکات و ئەنجامەکانی بڵاو بکاتەوە. ئەگەر ئەم مەرجە دابین نەبێت، هەر گۆڕانکارییەکی تر تەنیا جوانکردنی ڕووکار دەبێت، نەک چارەسەری بنەڕەتی.
