بەشی سێهەمی (شیکردنەوەی ڕەهەندی ئایدیۆلۆژیکی لە سیاسەتی دەرەوەی چین ی هاوچەرخ)

چین و سەرمایەداریی جیهانی

ئاسۆ گەرمیانی

خوێندنەوەیەک لە ڕوانگەی ئابووریی سیاسیی ڕەخنەییەوە

ئەم وتارە وەک بەشی سێیەم لە زنجیرە شیکارییەک دێت کە لە دوو بەشی پێشوویدا گۆڕانی ئایدیۆلۆژیا لە سیاسەتی
 دەرەوەی چین، و پاشان ئەو ڕێڕەوە مێژووییە تاوتوێ کردبوو کە چینی لە نێونەتەوەییخوازیی شۆڕشگێڕانەوە گواستەوە بۆ پێگەی هێزێکی نێودەوڵەتیی گەشەسەندوو. بەڵام وتاری ئێستا، سەرنج دەخاتە سەر ڕەهەندی سیستماتیکی ئەم گۆڕانکارییە، واتە مانای کرداریی هەڵکشانی چین بۆ پێکهاتەی سیستمی جیهانی و وڵاتانی دیکە، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی کە دەکەونە پەراوێزی ئابووریی جیهانییەوە. چونکە گواستنەوە لە شیکردنەوەی گوتار و مێژووەوە بۆ شیکردنەوەی پێکهاتە، ئامانجی تاقیکردنەوەی ڕادەی توانای چینە لە پێشکەشکردنی مۆدێلێکی جیاواز، نەک تەنها لەسەر ئاستی ئامرازەکان، بەڵکو لەسەر ئاستی لۆژیکی پەیوەندییە ئابووری و سیاسییە نێودەوڵەتییەکان، بۆ ئەوەی تاوتوێی کێشە ناوەندییەکە بکەین: ئایا چین پڕۆژەیەکی جێگرەوە بۆ سیستمی سەرمایەداریی لیبراڵ پێکدەهێنێت، یان هەوڵی دووبارە دابەشکردنەوەی هێز لە ناو خودی سیستمەکەدا دەدات بەبێ دەستکاریکردنی جەوهەری پێکهاتەییەکەی؟

پێگەی چین لە ناو ئابووریی جیهانیدا خاڵێکی دەستپێکی بنەڕەتییە بۆ تێگەیشتن لە سروشتی هەڵکشانەکەی، چونکە هەڵسەنگاندن کارێکی قورسە بەبێ شیکردنەوەی ئاستی تێکهەڵکێشبوون لەگەڵ ئەو پێکهاتانەی کە سیستمی سەرمایەداریی جیهانییان لەسەر وەستاوە. لە کۆتاییەکانی حەفتاکانی سەدەی بیستەمەوە، کرانەوەی ئابووریی چین گواستنەوەیەکی قۆناغ بە قۆناغ بوو لە مۆدێلێکی بنەمادار لەسەر خۆبژێوی ڕێژەییەوە بۆ مۆدێلێک کە پشت بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی، وەبەرهێنانی بیانی و تێکهەڵکێشبوون لەگەڵ بازاڕە جیهانییەکاندا دەبەستێت. ئەم ڕێڕەوەش بە ئەندامبوونی چین لە ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانیدا لە ساڵی ٢٠٠١ گەیشتە لووتکە، کە ئەمەش ڕووداوێکە ناتوانرێت جیا بکرێتەوە لە دووبارە جێگیرکردنەوەی پێگەی خۆی وەک ئەکتەرێکی ناوەندی لە ناو سیستمی ئێستای بەرقەراردا. 

چین ئەمڕۆ پشت بە بازرگانیی نێودەوڵەتی دەبەستێت وەک کۆڵەکەیەکی بنەڕەتی بۆ گەشەسەندنی ئابووریی خۆی، و پێگەیەکی جومگەیی لە زنجیرەکانی بەهای جیهانیدا دەگرێت، بەتایبەت لە پیشەسازیی گۆڕین و تەکنەلۆژییەکاندا. زانیارییە هەنووکەیییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پشکی چین لە هەناردەکردنی جیهانیدا لە ساڵی ٢٠٠٤ دا گەیشتووەتە نزیکەی ١٤.٥%، کە بە جیاوازییەکی زۆر لە پێش ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ٨.٦% و ئەڵمانیا ٧% وەیە، و بووەتە
 یەکەم شەریکی بازرگانی بۆ ١٢٠ وڵات ـ واتە بۆ زیاتر لە نیوەی ئەندامانی نەتەوە یەکگرتووەکان(١). سەرەڕای هەوڵەکان بۆ گۆڕانکاری بەرەو مۆدێلێکی گەشەسەندن کە زیاتر پشت بە بەکاربردنی ناوخۆیی ببەستێت (سیاسەتی "دووبارە خولانەوەی دووانە" کە لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە ڕاگەیەندراوە)، ئابووریی چین هێشتا بە توندی بەستراوەتەوە بە داخوازی دەرەکی و بازاڕە گەورەکانی سەرمایەوە. هەروەها کەڵەکبوونی زیادە داراییەکانی چین، و وەبەرهێنانیان لە ئامرازەکانی قەرز و بازاڕە جیهانییەکاندا، ڕەنگدانەوەی ئاستێکی بەرزی تێکهەڵکێشبوونە لەگەڵ پێکهاتەی دارایی سیستمی نێودەوڵەتیدا ـ چین گەورەترین یەدەگی دراوی بیانی لە جیهاندا هەیە (نزیکەی ٣٠٢% تریلیۆن دۆلار، کە ٦٠%ی بە دۆلارە)، ئەمەش هاوپشتبەستنێکی پێکهاتەیی لەگەڵ ناوەندی ئەمریکیدا دەچەسپێنێت.

ڕۆڵی دەوڵەتی چین لەم چوارچێوەیەدا لە گرنگیدا کەمتر نییە، چونکە بازاڕ لە چیندا بە جیا لە ئاڕاستەکردنی سیاسی و ستراتیژی کار ناکات. بەڵام ئەم دەستێوەردانە شێوازی سەرمایەداری پرۆسەی کەڵەکەبوون هەڵناوەشێنێتەوە، بەڵکو دووبارە ڕێکی دەخاتەوە. دەوڵەت دژایەتی لۆژیکی بازاڕ ناکات، بەڵکو هێندەی ئەوەی هەوڵ دەدات کۆنترۆڵی ڕێڕەوەکانی بکات بە شێوازێک کە خزمەت بە ئامانجە نەتەوەییەکانی بکات. بۆیە، ناتوانرێت مۆدێلی چینی وەک دژبەری سەرمایەداری جیهانی تێبگەیەنرێت، بەڵکو وەک شێوازێکی تایبەت لە بەڕێوەبردنی، کە لە ناوخۆی سیستمەکەوە کار دەکات نەک لە دەرەوەی.
لێرەدا سەرهەڵدانی چین لە ڕوانگەی ئابووری سیاسی ڕخنەگرانەوە تاوتوێ دەکەین، ئەو تێزانە شیدەکەینەوە کە ئەم بەرزبوونەوەیە وەک جێگرەوەیەکی پێکهاتەیی بۆ سیستەمی سەرمایەداری جیهانی دەبینن. بە پشتبەستن بە چەمکە ناوەندییەکانی مارکسیزم وەک زێدەی بەها، کەڵەکەبوون و ڕۆڵی دەوڵەتی سەرمایەداری، موجادەلە دەکەین کە چین نوێنەرایەتی فۆرمێکی دیاریکراو، بەڵام تەواوکارییە، لە کەڵەکەبوونی سەرمایەداری جیهانی دەکات. چین لەبری ئەوەی لۆژیکی سەرمایەداری تێپەڕێنێت، میکانیزمەکانی خۆی ڕێکخستۆتەوە بە تێکەڵکردنی هێزی کاری هەرزان و دەستێوەردانی دەوڵەت و تێکهەڵکێشبوونی قووڵ لە زنجیرە بەها جیهانییەکان. ئێمە بەو ئەنجامە دەگەین کە فراوانبوونی دەرەکی چین (کە لە بەشەکەی داهاتوودا باسی دەکەین) ڕەنگدانەوەی دووبارە دابەشکردنەوەی جوگرافیای زێدەی بەهایە، نەک دابڕان لەگەڵ پێکهاتە پلەبەندییەکانی سەرمایەداری جیهانی.

چین وەک شێوازێکی تایبەت لە کەڵەکبوونی سەرمایە

لە ڕوانگەی مارکسییەوە، سیستمی سەرمایەداری لە ڕێگەی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانەوە پێناسە دەکرێت، بەتایبەتیش گشتگیرکردنی کاری بەکرێگیراو (هێزی کاری بەکرێ) و دەرهێنانی زێدەی بەها، نەک لە ڕێگەی دروشمە ئایدیۆلۆژییەکان یان شێوازە ڕواڵەتییەکانی خاوەندارێتییەوە. بەپێی ئەم پێناسەیە، ئابووریی هاوچەرخی چین بە ڕوونی لەسەر پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری وەستاوە، کە تێیدا هێزی کار کاڵا پێکدەهێنێت، و سەرمایەش لە ڕێگەی میکانیزمەکانی بازاڕەوە دووبارە بەرهەم دەهێنرێتەوە.
ئەوەی تایبەتمەندی بە ئەزموونی چین دەبەخشێت تێپەڕاندنی سەرمایەداری نییە، بەڵکو شێوازی بەڕێوەبردنیەتی بۆ کەڵەکەبوون.
چونکە دەوڵەت ڕۆڵێکی ناوەندیی گێڕاوە لە کۆنترۆڵکردنی بازاڕی کار، سنووردارکردنی ڕێکخستنی سەندیکایی سەربەخۆ، و سەرپەرشتیکردنی جووڵەی هێزی کاردا، بە شێوازێک کە ڕێگەی داوە بە بەدەستهێنانی ئاستێکی بەرزی چەوساندنەوە بەبێ ڕوودانی تەقینەوەی کۆمەڵایەتیی بەربڵاو(٢).

لێرەدا شایانی ئاماژەپێکردنە کە گرنگترین میکانیزمی دامەزراوەیی کە دەوڵەتی چین بۆ بەڕێوەبردنی ئەم گۆڕانکارییە دایمەزراندووە، سیستمی تۆمارکردنی نیشتەجێبوونە 
،(Hukou)
 کە بە شێوازێکی بۆماوەیی هەر هاووڵاتییەکی چینی پۆلێن دەکات بۆ (لادێیی) یان (شارستانی). فەرمان و ئەرکی ئەم 
سیستمە لە دوای ساڵی ١٩٧٨ەوە گۆڕا، لە بەربەستێک کە ڕێگری لە کۆچی لادێنشینان دەکرد بۆ شارەکان، بۆ
 ڕێکخەرێکی کۆچکردن کە کرێکاری کۆچبەر لە کاتی هاتنیدا بۆ شار بێبەش دەکات لە نیشتەجێبوونی گشتی، خوێندنی بێبەرامبەر، چاودێریی تەندروستیی خۆجێیی و هەموو جۆرەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی(٣). ئەم میکانیزمە ڕوونی ئەوە دەکاتەوە کە چۆن چین توانیویەتی بۆ ماوەی چەندین دەیە ئاستی کرێی کار بە شێوازێکی پێکهاتەیی بە نزمی بهێڵێتەوە، و دەستەبەری (پرۆلیتاریاکردنی ناتەواو)
 (incomplete proletarianization)
 بهێڵێت بە شێوازێک کە خزمەت بە سەرمایە بکات بەبێ تەقینەوەی کۆمەڵایەتی.
بەم شێوەیە، 'تایبەتمەندیی چینی' خۆی لە چارەسەرکردنی ناكۆكییە چینایەتییەکاندا نابینێتەوە، بەڵکو لە لەخۆگرتنی کاتیی و کۆنترۆڵکردنی ئەم ناکۆکییانەدایە لە ڕێگەی ئامرازەکانی دەوڵەتەوە. ئەم لەخۆگرتنەش سوود لە کۆبوونەوەیەک وەردەگرێت کە لە مێژووی هاوچەرخدا هاوشێوەی نەبووە: پارتێکی لێنینستی- ڕێکخراوەیی کە دەسەڵاتێکی باڵا بەسەر سەرمایەدا دەپارێزێت، پێکهاتەیەکی کارگێڕی کە تێپەڕ دەبێت لەو 'جیاکارییەی' نێوان 'سیاسی' و 'ئابووری' کە نیولیبرالیزمی ڕۆژاوایی لەسەر بنیات نراوە، و سیستمی داپلۆسێنەر (سەرکوتکار) کە ڕێگری لە ڕێکخستنی کرێکاریی سەربەخۆ دەکات.
ئەوەی کە ئایدیۆلۆژیای پارتەکە ناوی ناوە 'سۆشیالیزم بە تایبەتمەندیی چینییەوە'، دەکرێت بە وردییەکی زیاترەوە وەک 'سەرمایەداریی دەوڵەتی لە پەراوێزە باڵاکانی سیستمی جیهانیدا' وەسف بکرێت ـ مۆدێلێک کە تێیدا دەوڵەت توانای 'تەمبێکردنی' سەرمایە گەورەکان دەپارێزێت، بەڵام هاوکات پابەندە بە خودی لۆژیکی کەڵەکەکردنی سەرمایەوە.

لە بەشی داهاتوودا ڕوونی دەکەینەوە چۆن چین توانی لە سیستەمی سەرمایەداری جیهانیدا سەرهەڵبدات بە هۆی دابینکردنی هێزی کاری هەرزان بۆ بازاڕە جیهانییەکان.

١ World Trade Statistical Review 2024.

٢ Giovanni Arrighi, Adam Smith in Beijing: Lineages of the Twenty-First Century (London: Verso, 2007); هەروەها: Ho-fung Hung, The China Boom: Why China Will Not Rule the World (Columbia University Press, 2016).

٣ Tiejun Cheng and Mark Selden, "The Origins and Social Consequences of China's Hukou System," The China Quarterly 139 (1994): 644–668؛ هەروەها: Mark Selden, "The Chinese State, Incomplete Proletarianization and Structures of Inequality in Two Epochs," The Asia-Pacific Journal 9, no. 5 (2011).

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا